دوانەی مەرگ و هەژاری دیاری دەسەڵاتی کوردی

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

دوێنێ پیاوێک،لەبەر قەرزاری،لەبەردەم باخی گشتی ئاگری،لەجەستەی بەرداو مرد.

ئەمڕۆ،پێشمەرگەیەک،لە ناوی فەرماندەیی خۆی کوشت!ئاشکرایە،هۆکارەکەی سەختی دۆخەکە و بێ ژیانییە.

پێشمەگەیەكیش،کەتەمەنی ۳٤ ساڵە،لەکەرکوك،لە بەرهەمان هۆکار خۆی خنکاند.

هەر دوێنێ،بەهۆی کێشەو لەڕانیە کەسێک کوژراو دوان بریندارو دوکانی یەکتریان سوتاند،کە دەرهاویشتەی ئەم دۆخە داراییە.
ئەمڕۆ،لەگەرمیان تەقە،لەدوکاندارێکی گەنج کراوو کوشتیان!

هەفتەی پێشو،لەسیدەکان،لەسەر کێشەی زەوی چەند کەسێک کوژران،کەبەرهەمی ئەم دەسەڵاتەیە.

هەر بەپێی سۆشیال میدیا،هەفتەی پێشو،لەهەولێر دوکەسی تر خۆیان کوشت.

پێشتر،لەماوەی ۲٤ سەعاتدا،لە هەولێر پزیشکێک و لەسلێمانیش کارمەندێکی تەندروستی کۆتاییان،بە ژیانی خۆیان هێنا،خۆیان کوشت.
پێش چەند رۆژ،لەهەڵەبجە پیاوێك هەوڵیدا خۆی و منداڵەکانی،ئاگرتێ بەردات و خۆیان بسوتێنن.

کۆتایی ساڵی ۲٠۱۹،لە حاجیاوا دڵشاد خۆی سوتاند.

دەیان نمونەی خۆکوشتن و هەوڵی خۆکوشتن،رۆژانە گوێمان لێدەبێت و وەک هەواڵێکی ئاسایی دێن و دەڕۆن.

سەرجەم خۆکوشتن و خۆسوتاندن و کوژرانی ئەنجامی کێشەکان،بەرهەمی ئەو دۆخە سەخت و هەژاری و بێ پارەیی و کێشە دەرونییانەیە،
کەدەسەڵاتی کوردی،بۆ خەڵکی ئەم هەرێمەی دروستکردوە.

ئێستا،لە هەموکات زیاتر،باری ژیانی خەڵک قورستربوە،بەجۆرێک بێ موچەیی و سیاسەتی برسیکردنی ئەم حکومەت و دەسەڵات و کابینە فاشیلە،کاریگەری،لە سەر تەواوی ژیانی خەڵک داناوە،کە مرۆڤی خستۆتە بەردەم بژارەی مەرگ،لەبری ژیان.

ئێستا بێبازاڕی و بێکاری بەجۆرێکە،کاریگەری،لەسەر پێداویستی هەرەسەرەکی مرۆڤ،کەخواردنە داناوە.

کاریگەری،لەسەر لەفەی قاورمەو فەلافل و تەڕەوسەوزەش داناوە.

هیچ شتێک هێندەی بێکاری و بێپارەیی و قەرزرای و نەداری و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستی رۆژانە سەخت و دژوار نییە،کەئێستا،بەشی زۆری هەرێم،بەزیادەڕۆیی نەبێت،لەو دۆخەدان،هەر بۆیە بژاردەی مەرگ و خۆسوتاندن و خۆکوشتن ئامادەیە،  کەمن هەرگیز،لەگەڵیدا نیم.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە،ئەم مەرگانە زۆر ئاسایی تێدەپەڕن و تەنانەت هەندێکیان نابنەی هەواڵی میدیاکانیش و جێگەی باس.

 

خراپترلەوەش،نەحیزب،نەبنەماڵەسیاسییەکان،نەدەسەڵاتی بێباک و فاشیلی کوردی،نە حکومەتی سێکوچکەی شکستخواردو دادەچڵەکێنن و بەخۆیاندا دەچنەوە؟!
نە،کۆمەڵگاش دادەچڵەکێت و ئاسایی تێدەپەڕن!

نەروداویش دروستدەکەن،تۆبڵێی هۆی چی بێت؟!

 


30/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر