پارتی ھەرێم بەرەو کوێ دەبات؟

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا، لە رێی دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمەوە سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆیەتی. ئەم حکومەتە ئەمنییەی ئێستا، کە دار و دیواری لێبوە، بە خۆپیشاندەر و خەڵکانی ناڕازی، لەسەر نیەتی دڵیش خەڵک دەگرێت، لە نمونەی دەستگیرکردنی مامۆستا و چالاکوان و خەڵکانی ناڕازی بادینان، راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و وەڵامی یەکێتیش سەلمێنەری ئەو راستییەن.

 

ئەم دەزگا حزبییانەی ھەرێم، کە لە رووکەشدا دەزگای فەرمی ھەرێمن و بودجە و موچەیان، لەسەر حکومەتە و لە بودجەی گشتی دەڕوات، بەڵام پارتی و یەکێتی چۆنیان بووێت، بۆ مەرامی حزبی بەکاریان دێنن و ھیچ یەکێک لەم دەزگا ئەمنییانە متمانەیان، بە یەکتری نییە و ھاوئاھەنگی، لەگەڵ یەکتردا ناکەن.

دەسەڵاتی ئەمنی و ستەمکار بە گشتی و دەسەڵاتی ھەرێمیش وەک نمونەیەک، ھەمیشە کار لەسەر دروستکردنی دوژمنی وەھمی و پلانی دەرەکی و دەستی دەرەکی دەکات و دەیکاتە بەھانە، بۆ رەوایەتی جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکانی و سەرکوتکردنی ناوخۆی خۆی.

 

ساڵی ۲٠۱۱ کاتی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوبات و رۆژانی دوایی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کۆمەڵێک ھەواڵ و ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە، کە گروپێکی تیرۆرستی دزەیان کردووەتە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی و ئەمان دەستگیریان کردن و مەترسی، لەسەر ئاسایشی شاری سلێمانی ھەیە.

ئەم ھەواڵ و راگەیەنراوانەی بەشی پارتی، لە ئەنجومەنی ئاسایش و ھەڵمەتی دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان ھەمان ئەقڵییەت و بیرکردنەوەن.

ئێستا پارتی و دەسەڵاتی ھەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێم، نێودەوڵەتی، لە قەیراندایە و کێشەیان ھەیە، بۆیە بەدوای دوژمنی وەھمی و شەڕدا دەگەڕێت، تا کێشەکانی کوردستان، لە بیر خەڵک بباتەوە و بیانووی مەترسی، لەسەر ئاسایشی ھەرێم بکاتە بەھانەی شەڕ و گرتنی چالاکوانان و ھێندەی تر کوشتنی ئازادی، بە تایبەتی ئەم جارە ناوچەی بادینان جوڵەی جدی تێکەوتووە، کە پارتی، لە کۆتایی حەفتاکانەوە کاری لەسەر دەکات و وەک ناوچەیەکی داخراوی لێکردووە و بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردن و کورسییەکانی پەرلەمانیش، پارتی بەدەنگی بادینان حوکمی ھەرێم دەکات، بۆیە ئێستا کە ھەست بە مەترسی لەسەر پێگەی دەسەڵاتی خۆی دەکات، ئیتر بەلایەوە گرنگ نییە ئەنجام چی دەبێت و چی دەقەومێت، دەیەوێت ھەرێم بەرەو شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان و ھێندەی تر تۆخکردنەوەی دەسەڵاتی ئەمنی ببات.

لەراستیدا ئەم ھەنگاو و کارانەی پارتی ھێندەی تر خۆی و ھەرێم بەرەو قەیرانی زیاتر دەبات و لە شەڕیشدا سەرکەوتوو نابن، قەندیلیش بەسەرکەشی وەک رەمزی شکۆی کورد دەمێنێتەوە و وەک ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ئەردۆغان تێکدەشکێن.

بەڵام پرسیار ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان، وەک دوو لایەنی پێکھێنەری حکومەت ھەر بینەر دەبن؟ ھەڵوێستییان چی دەبێت؟ ئایا پارتی چۆن ئەم پلانانە جێبەجێ دەکات؟ ئەی رۆڵی پەرلەمان چی دەبێت؟ ئەویش ھەر تەماشا دەکات یان،وەک کارە نایاساییەکانی تری حکومەت، بە یاسا دەکات و دەیشەرعێنێت؟! وەک ئەمڕۆ و دەنگدانیان، بە راپۆڕتی لێبڕینی موچە.

لێرەدا ئەرکی میدیا و خەڵک بە گشتی و دەستەبژێرە، کە مەترسییەکانی ئەم ئاڕاستەیەی پارتی بخەنەڕوو، کە چەندە زیانی بۆ ھەرێم و خەڵکەکەی و مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت، پێویستە ھەموو لایەک کار لەسەر دەرخستنی  لایەنی شاراوەی ئەم پلانانە و مەترسییەکانی، بۆ سەر ھەرێم بکەن.


28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر