دروستکردنی دوژمنی نادیار،وەک بەهانەی مانەوە

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
یەکێک، لە سیماکانی هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار و خۆسەپێن، دروستکردنی ترس و دوژمنی وەهمی و نادیارە، تا لەو ڕێگەیەوە درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، تۆ سەیری  ڕژێمەکانی کەندا و و هەندێک دەسەڵاتی عەرەبی تر بەردەوام، بە بیناوی مەترسی ئیسرائیل حوکمی پڕگەندەڵی و ستەمکاری نەوتی درێژە پێ دەدەن.

هەرێمی کوردستان ، گەرچی نیمچە ئازادی و دیموکراسییەکی ڕێژەیی تێدایە ،کە بەخششی هیچ دەسەڵاتێک نییە، بەڵکو گەل بە ئیرادە و تێکۆشان بەدەستی هێناوە.

کەچی لەم دۆخەی هەرێمدا، دەسەڵاتی چەتەیی بنەماڵەیی بەردەوام باسی مەترسی دەرەکی و دوژمنی وەهمی و نەیارانی گەلەکەمان دەکات و وەک بەهانەیەکی مانەوە و درێژەدان، بە حوکمی پڕ گەندەڵی و نادادی خۆیان سەرمایەگوزاری،لەسەر دەکەن و بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاریدێنن.

تازەترین، لێدوان، لەم بارەوە پەیامی مسعود بارزانی سەرۆکی پارتیە، بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەوانی کوردی داوا لە رۆژنامەنوسان دەکات : (ڕوبەڕوی ئەو هێرشە ئیعلامییە ببنەوە، کە لەلایەن ناحەزانی گەلی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت ).

تۆ بڵێی بارزانی مەبەستی کام هێرش و کام ناحەزان بێت؟ ئەگەر مەبەستی تورکیا و ئێران بێت، ئەوا ئەو دوو دەوڵەتە هەرگیز ،لە پارتی و یەکێتی باشتریان دەست ناکەوێت، بۆ وێرانکردنی نیشتمان و لەباربردنی هەموو دەرفەتەکانی بەردەم کورد و بنیاتنانی نیشتمانێک، بۆ هەموان، هەر لە ڕاستیدا، پارتی و یەکێتی بەشێکن ، لە سیاسەتی تورکیا و ئێران و لە ژێر ڕکێفی ئەواندا حوکم دەکەن و ئەوان خاوەن ماڵن.

ئەگەر مەبەستیشی بەغدا بێت،ئەوا، وەک دەڵێن: عوزر،لە قەباعەت خراپتر،  چونکە دیارە چۆن و چی دەکەن، بۆ هەریسەکەی بەغدا، وەک ڕێی کانی وەفد شانشانێنێتی .

ئەگەر مەبەستی ناحەز، ئەو قسە و باسە دروستکراوەی ئێستای میدیای بنەماڵە و کەس و سێبەرەکانیانە، بە پارەی نەوت و جەوت و هێلکە و دوگ .....، لە بارەی مەرجەع و نامەرجەع و  میزاجی کوردەواری خەڵکیان پێ شێواندوە، کە زیاتر ئەمەیانی مەبەستە، ئەوا هیچ نییە، جگە لە سەرقاڵکردنی خەڵک و دەمەزەرکردنەوە و درێژەپێدانی کلتوری جەلالی و مەلایی و لە پشتەوەش، وەک خۆیان دەڵێن، لە نەوتەوە بۆ جەوت ، بە هاوبەشی دەیدزن.

لە ڕاستیدا، تاکە دوژمنی سەرەکی و داڕزێنەری کۆمەڵی کوردی و کوشتنی خەون و ئامانجەکانی، ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە ئازادی کوژەی هەرێمە، کە بارزانی و پارتی لوتکەی ئەودەسەڵاتەن، تەنیا ئەم جۆرە حوکمە کوردستان، بەرە و نادیاری نادیار دەبات.

دەبو،لە یادی رۆژنامەوانی کوردیدا،ئەوانەی بەناهەق و لەسەر وتن و داوای مافی گشتی گیراون ئازادبکرانایە، وەک حوکمدراوانی بادینان،دەبو زیندانەکان خاڵی بونایە، لە زیندانی سیاسی و کەیسی شەهیدانی قەڵەم یەکلابکرانایەتەوە و بکوژانیان دادگایی بکرنایە.

دەبو میدیای نیشتمانی دابمەزرێنرایە و پاڵپشتی میدیای ئازاد و ئەهلی بکرایە،نەک برەو بە میدیای کەسی و بنەماڵەیی بدرێت!
دەبو، بواری هەڵسوڕانی کاری میدیایی ئازاد، لە هەموو هەرێمدا، بۆ هەموو میدیاکان یەکسان بکرایە و کۆتایی بەزقۆرخکاری و ناوچەی داخراو بهێنرایە.

ئەمانە و زۆر بابەتی تر،کە هەرێم پێش دەخەن و بەرەو نیشتمانێکی یەکگرتوی دەبەن،کە هی هەموان بێت،نەک وەک ئێستا یەک دو بنەماڵە و چەند خێزانێکی سیاسی،زەوی و ئاسمانیان قۆرخکردوە و لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، بەردەوام دوژمنی وەهمی دروست دەکەن.

لەیادی  ۱۲۳ ساڵەی رۆژنامەوانی کوردیدا،رۆحی شەهیدانی قەڵەم شادبێت.

22/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر