دژ بە نائومێدیی، بەڵام.. بۆ هاوڕێم مەریوان وریا قانع

عەزیز رەئوف
هاوڕێم، من دڵنیام ڕێگەی نائومێدبوون ئاسان و سوکە، بەڵام لەوەش دڵنیام کە ئومێد لە فەزایەکی بەتاڵدا لە نائومێدی ئاسانترە.
تێبینیەکانمان  لەسەر هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، ترسی گەورەبوو لە گۆڕانی ساختە و ئومێدی ساختە. ئەوەی دەسەڵات لەماوەی بیست و حەوت ساڵدا لە دنیای ئێمەدا کردیان بۆ داڕزین و بێئومێدکردنی کۆمەڵگە، هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بە چەند ساڵێکی کەم دەستیان هەبوو لە بێومێدی و سادەکردنەوەی سیاسەت و بێماناکردنی کۆی چەمکەکان و دەسکاری دنیا بەدەستێکی خاڵی و شەڕکردن لەگەڵ دەسەڵات بەهەمان کەرەستە و بە هەمان دنیابینی، ئەگینا تۆ سەیرکە لەم هەڵبژاردنەدا نیوەی خەڵکی کوردستان بەشدارییان نەکرد و پشتیان کردە بەشداری لە سیاسەت و وا هەست دەکەن دنیای ئێمە بە هەڵبژاردن هیچی لەگەڵ خۆیدا نەگۆڕیوە ناگۆڕێت و هەرکەس بێتە سەر کورسی دەسەڵات لەوی تر باشتر نیە.
هاوڕێم چەندە دەسەڵات شەقامەکانی جێ هێشتووە هێندەش هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات کۆڵانەکانیان جێهێشتووە و هەر یەکە و لەدەوری گۆڕێک و لە پشتی موجاهیدێک و لە بەرزی گرد و بارەگاکانەوە لە دنیای پڕ لە قەیرانی ئێمە دەڕوانن، ئەوان هێندە لوتبەرز بوون بەوەی لە هەڵبژاردنی پێشو کەمێک دەنگەکانیان زیادی کرد، پێیان وابوو مادام لە شاشەکانەوە قسە دەکەن ئیتر خەڵک دەنگیان پێ دەدات، کە پێماندەوتن سیاسەت واناکرێت و  ڕەخنەشمان لێ دەگرتن بە پیاوی دەسەڵات تۆمەتباریان دەکردین.
هاوڕێم، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەی بڕوامان پێ بووە ئومێد بووە بە دینایەکی جوانتر، بەڵام هەمیشە چاوێکمان لەسەر ئومێدی ساختە و گۆڕانکاری بە بە قسە و بە جنێو و پۆشینی ماسک بۆ دەسکاریکردنی دنیای ئێمە بووە. ئەوەی ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەپاڵ شەڕی ئەم سیستەمە حوکمڕانیە شکستخواردووە ململانێمان لەگەڵ کردووە، چاودێریکردنی ئەو هێزانەی دەرەوەی دەسەڵاتیش بووە کە وەک چۆن دەسەڵات سیاسەتی لە هەڵبژاردنێکی ساختەدا کورت کردەوە ، ئاواش هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بە هەمان عەقڵیەت و جیهانبینی لە بەرزاییەکانەوە سیاسەتیان بۆ خۆیان و خزم و کەسیان دەکرد و بە لوتبەرزیەوە پێیان وابوو ئەگەر ئەوان سیاسیەت نەکەن خەڵک گورگ دەیخوا و دواجار بینیمان لەسەدا پەنجای خەڵکی کوردستان پشتی کردە ئەم یارییە بێتامەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن. 
هاوڕێم، هەرگیز لە دنیای سیاسەت و ناڕازایی و خۆپیشاندان و هەڵبژاردن و کۆی خەباتی مەدەنی بێ ئومێد نەبووم و لەناو کۆڵانەکانی ئەم وڵاتە دڵم لەگەڵ دڵی یەکەبەیەکەی خەڵکی کوردستان و هەژاران و کارمەندان و مامۆستایاندایە، بەڵام هاوڕێ چەندە سەختە دەسەڵات دەستی لە گەمژەکردن و داڕزانی کۆی دامەزراوەکانی ئەم هەرێمەدا هەیە بارتەقای ئەوەش هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەو بەشەی کە بەریان کەوت لە دەسەڵات لە پارلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێیی و پۆستە باڵاکانی بەغدا، یەک سانتیمەتر لە ئەوانی تر جیاواز نەبوون و بەڵگەی زۆریش بەردەستە.
هاوڕێم، هەردووکمان ڕۆمانی "مەزرای ئاژەڵان"ی جۆرج ئۆروێڵمان خوێندۆتەوە و لەم هەوڵە بۆ دەسەڵات و حوکمڕانی تێگەیشتوین، دەزانین کە شۆڕشگێڕەکان دواجار دەبنە ستەمکاری سەرخۆشی ناو کۆشک و تەلارەکان، وە دڵنیام هیچ کام لە ئێمە نابێت  لە پشتی کۆمپیوتەرەوە دانیشین و بێ ئومێد بین، بەڵام ئەرکی هەر نوسەر و ڕوشنبیر و چاودێرێکی سیاسیە کە لەپاڵ ڕەخنە لە دەسەڵات، چاوێکیشی لەسەر هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بێت، تا ئەم مێژووە ناشرینەی دەسەڵات و ستەمکاری دووبارە نەبێتەوە. 
هاوڕێم، لەگەڵ ئومێدی گەورە بۆ دەسکاریکردنی دنیای ئێمە، دەبێ بزانین چ بەتاڵییەک دەگوزەرێت و چ هێزگەلێکمان هەن لەدەرەی دەسەڵات کە خەریکی تاپۆکردنی سیاسەتن لەسەر خۆیان و منداڵ و هێزەکانیان و دووبارە خۆیان کاندید دەکەنەوە و من و تۆیان تا ئەو کاتە قبوڵە کە ڕەخنە لەدەسەڵات بگرین و خەڵک ناڕازی بێت و دواتر کۆی ناڕەزاییەکان ببنەوە ناو دەسەڵات وەک ئەوەی لەدوای حەڤدەی شوباتەوە بینیمان.  
هاوڕێم مادام بەیانیان خۆر هەڵدێ، مادام شەو سەرهەڵبڕین مانگ لە ئاسمان نەدزراوە، ئەوا ئومێدیک هەیە، بەڵام....

17/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر