من پارچەی شکاوی ئاوێنەم

عەزیز رەئوف
بۆ زۆرێک لە نوسەرانی وەک ئێمە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژوورێکی ئازاد بوو. بۆ زۆربەمان کە دنیای ئێمە پڕ بوو لە میدیای حزبی، ڕۆژنامەی ئاوێنە و ئاسۆسی ئەحمەد هەردی و سەردار و شوان و سەرجەم ستافەکەی، لەو پیاوە جوانانە بوون کە دەکرا بە بوونی وەها ڕۆژنامەیەک شار جوانتر و دەنگی ئازاد بەرزتربێت.

"ڕۆژنامەی ئاوێنە داخرا" ئەمە ئەو هەواڵە بوو ئەمڕۆ بەرچاوم کەوت و بۆ زۆربەمان هەزمکردنی ئاسان نەبوو بەوەی کە دوازدە ساڵ ئەزموونی خوێندنەوە و نوسین و بابەتی جدی و ڕاپۆرتی ڕاست و ڕەوان و بێمنەت لە بەرپرسانمان لە لاپەڕەکانی ئاوێنەوە دەخوێندەوە.
بۆ من ئاوێنە و پێشتریش هەر ئەو ستافەی ئاوێنە کە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بوون، پاڵپشت و کۆمەکێکی مەعنەوی و شانازیەکی گەورە بوو، ئاخر بۆ ئێمەی گەنج کە نوسینی خۆمان لە ئاوێنەوە دەبینی بڵاوکراوەتەوە هەستمان بە شکۆی خۆمان دەکرد، وامان بیر دەکردەوە مادام لە لاپەڕەی بیروڕای ئاوێنە یان لە گۆشەی "پەنجەرە" نوسینەکانمان دادەبەزێت، ناحەقمان نەبوو فەخر بە قەڵەمی خۆمانەوە بکەین، چونکە ڕۆژنامەکە ئەوەندە سەنگین بوو، شایەنی ئەوە بوو بە بڵاوکردنەوەی نوسینەکانمان مرۆڤ هەست بە شکۆی خۆی بکات.
هەر کە باس لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دەکرێت، میدیایەکی ئازاد و سەردار محەمەدی ماندونەناس و ئاسۆس هەردی سەرو مل خوێناویم بیر دەکەوێتەوە کە نەک شایەنی ئەوە نیە لە سەری بدرێت، بەڵکو ئەم مرۆڤە ئەوەندە سەنگینە دەکرا بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەم وڵاتە سلوک و ئەخلاق و ئەدەب لەم مرۆڤەوە فێر بن. 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ئۆفیسی ڕۆژنامەی ئاوێنە، لەگەڵ ئاسۆس و سەردار محەمەد و نەوزاد جەمال دانیشتبووین کە باس لەوە کرا کە چۆن ڕۆژنامەکە بەردەوام بێت، هەم ئاسۆس و هەم سەردار کۆک بوون لەسەر ئەوەی ڕۆژنامەکە بمرێت بەڵام نەبێتە پاشکۆی هیچ گروپ و لایەنێک. زانیم ئەم مەخلوقانە خۆراکی دەستی هیچ هێزێک نین و دەمرن بەڵام نایانەوێت ناوی ڕۆژنامەکە و سومعەی خۆیان وەک دیارترین ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ لەکەدار بکەن و ئەو مێژووەی میدیای ئەهلی بە پاکی و بێلایەنی دەپارێزن.

ڕۆژنامەیەکی ئازاد دادەخرێت و لەپاڵیدا بە هەزاران دۆلار لە میدیای سێبەر و نائازاد و ناپرۆفیشناڵ و ناسەربەخۆدا سەرف دەکرێت و بە بیستنی هەواڵی مەرامدار و ڕاپۆرتی لێڵ کە لە پشتەوەی مافیایەک یان بازرگانێک خۆی حەشارداوە بەخۆڕایی خۆیدەکات بە ماڵەکانماندا و دنیای ئێمە لێکڵتر و فەزای ئێمە نائازادتر و ناشرینتر دەکات.

ڕۆژنامەی ئاوێنە داخرا، بۆ ئێمە گرنگە بە هەمان هەناسەی ئاوێنەوە بەردەوام بین. بۆ ئێمە ئەرکە کە بەهەمان پرنسیپ و بە هەمان ڕۆحیەتی ئاوێنەوە پەیج و ئەکاونتەکانمان پڕ بکەین لەو نوسینانەی کە کە ئەگەر بمانویستایە دایبەزێنین ڕۆژنامەی ئاوێنەمان هەڵبژاردایە. 
ئاوێنە هەرگیز ناشکێت. پەنجەرەیەک دابخرێت، دەیان دەرگا دەکەینەوە و بە هەمان ڕۆحیەتی سەردەمی زێڕینی ئاوێنەوە بەردەوامین.

05/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر