ڕۆژگارێکی خراپ دەگوزەرێنین

عەزیز رەئوف
لە ڕۆژگارێکی خراپدا ژیان دەکەین کە نەوەی یەکەم و دووەمی بەناوشۆڕشگێڕەکان تادێت ناشرینتر و نابووتتری دەکەن، لە مەهزەلەی هەڵبژاردن و تەزویرکردنێکی گەورەی دەنگی خەڵکەوە بۆ سیناریۆ و ڕێکەوتنی ژێربەژێری لایەنەکان و لەیەکچوونی ڕوخساری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەم گەمە ناشرین و قێزەونە لەناو پارلەمان، سەرەتای دەرکەوتنی دنیایەکی تەواو نابووت و ناشرینمان بۆ وێنا دەکات کە بەڕاستی دەتوانین بڵێین کە سیاسەت لەم هەرێمە لە سیاسەت کەوتووە. 

لە ئێستادا تەقەلوباتی گەورە ڕویداوە و کەس لەسەر تەرمەکان ناوەستێت و کەس لەسەر گەندەڵیەکانی ڕابردوو پەنجەی بۆ ڕاناکێشرێت و کەس لەسەر شکاندنی حورمەتی ئیسنان ئاماژەی بۆ ناکرێت. بێدەنگیەکی کوشندە دنیای ئێمەی داگیرکردووە کە پێمان دەڵێت سیاسەت و کردەی سیاسی لەم هەرێمە هیچ متمانەیەکی نەماوە و تەواو پەکی کەوتووە و داڕزاوە . 

ڕۆژگارێک دەگوزەرێنین تەواو ناڕوون و ناشرینە و دامەزراوە گرنگەکانی وەک پارلەمان بەدەرگاداخەر و دەرگابەسەرداخراودا جارێکی تر نمایشێکی تەواو بێتام دەکەن کە لە ژێرەوەی پڕە لە ڕێکەوتن و دابەشکردنی پۆست و بەڵێنی تارێک و مژدەی بێ بنەما.
لە عەسرێکداین مرۆڤ زیندانی دەکرێت و هیچ هێزێک قسە و فشاری نیە و دنیای وا بێدەنگ گومانی گەورە دەخاتە سەر حزب و ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراو و چاوێران و کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی.

کردەی سیاسی لە ئێستادا بۆتە جۆرێک لە نمایشی بێتامی سەر شاشەکان و مژدە و بەڵێنی ناڕاستی ناو خەڵک و دواجار فەرامۆشکردنیان و دەنگەدەنگی میدیایی و سیناریۆی بێتامی ناو پارلەمان و ڕەتکردنەوە یان لەگەڵ بوونێک کە هیچیان دنیای ئێمە نە دەسکاری دەکات نە دەتوانێ سانتیمەترێک بەوەو پێش ببات. 

دنیایەکی تاریک ئەزموون دەکەین، کە سیاسەت لە کایەیەکی گرنگی کۆمەڵگەوە دەبێتە جۆرێک لە کردەی گاڵتەجاڕی و سیناریۆی بێتام و ڕێکەوتنی ژێربەژێر.

18/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر