تورەکە پارە

عەزیز رەئوف

لەشەقامی سالمی شاری سلێمانی و لەبەردەم بانکێک ئۆتۆمبیلێک وەستاوە و کۆمەڵێک کۆڵبەر خۆیان چەماندۆتەوە و فەردەی سپی قورس بەکۆڵیانەوە بەرەو ناو بانکەکە دەڕۆن. ئەوە وێنەی داگرتنی پارەی موچەخۆرانە و مامۆستایەکی زۆر لەبەردەم بانکەکەدا وەستاون تاکو پارەی مامۆستایانی قوتابخانەکانیان وەرگرن. زۆربەی مامۆستاکان بەتەمەنن چونکە خەریکە قوتابخانەکان خاڵی دەبێتەوە لە مامۆستای گەنج و لانی کەم لە نۆ ساڵی ڕابردوودا مامۆستای نوێ دانەمەزراوە. سەرەگرتنی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و قەرەباڵغی بەردەم بانکەکە ئەوپەڕی بێبەرنامەیی و بێ پلانی حکومەتێکە کە تەنانەت نازانێت چۆن مافی خوراوی کارمەندەکانی دابەش بکات.

لە ئێستادا ئەولەویەتی باس و خوسەکان، گەرمترین هەواڵ و ئەوەی وادەکات کارمەندانی حکومی دڵخۆش بن ئەوەیە کە موچەکانیان لەکاتی خۆی و وەک خۆی بدرێت. لە ئێستای دنیای ئێمەدا تاکە شتێک خەڵک دڵخۆش بکات هاتنی موچەیە، لە دنیایەک ژیان دەگوزەرێنین کەس لەدەرەوەی ماددە کەس لەدەرەوەی موچە و پارە باس لە خۆشگوزەرانی ناکات و کەس باس لە ژیان و پێکەنین و پەروەردە و سیستەم و کەس لەسەر ئەم هەموو ناشرینیە قسەی جدی نیە و بەڕاستی بەرپرسانی ئەم دەڤەرە سەرکەوتوو بوون لەوەی کە فڕێمانبدەنە سەردەمێکەوە کە کەس قسەی لەسەر مافی گشتی و خەمی گشتی نەبێت.

بینینی تورەکە پارە و نەشارەزایی لە سیستەمی بانکی و ئەلیکترۆنی، نەشارەزایی نوخبەیەکی بەرپرسمان بۆ وێنا دەکات کە وەک سەردەمی خەباتی چەکداری  سەرگەڵو و بەرگەڵو و خواکوڕک، بە تورەکە پارە دابەش دەکەن. پەیوەندی وەرگرتنی موچە بە سیستەمی بایۆمەتری هێندە کارێکی سانایە کە وەک ئەوەی خۆیان بیانەوێت وەک سەدەکانی ڕابردوو ژیان بکەین و چاومان لە تورەکەکە بێت حوکمڕانی دەکەن.

ئێمە لە ئێستادا یەک فۆرم لە دزیمان نیە کە بریتی بێت لە دزینی فەردە پارە. بەڵکو ئێمە لە دنیایەکدا دەژین دزە گەورەکان، مافیا دەستڕۆیشتووەکان لەسەر شاشە و بەبەرچاوی هەموانەوە دێن و دەچن. دزی تەنها ڕفاندنی فەردەی خەت سور پارە نیە بەڵکو ئەو باندە دزانەن کە لە گومرگ و تەنکەری نەوت و دەرمان و قۆرخکردنی بازاڕدا دەیانبینین. وەک چۆن فۆرمی دزیکردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەوا دەبێت چاوەکانمان بشۆین و زیاتر وردبینەوە و دزەکان ببینین کە لەبەرگی نیشتیمانپەروەری و سەربازی و پێشمەرگایەتی و سیاسیدا ڕۆژانە لەسەر شاشەکانەوە وەک فریشتە خۆیانمان نیشان دەدەن.

ئاسایش و هێزە ئەمنیەکان دوو ئەرک دەگێڕن: لەیەککاتدا دەتوانن دزەکان بدۆزنەوە و دەشتوانن بەرگری لە دزەکان بکەن، دەتوانن تیرۆرستان بدۆزنەوە و دەشتوانن بکوژی ڕۆژنامەنوسان بشارنەوە. هێزە ئەمنیەکان دەتوانن حەرەسی تەنکەرەنەوتەکانیش بن و حەرەسی ئاسایش و ماڵی خەڵکیش، دەتوانن بەرگری لە دۆخی ئارامی بکەن و دەشتوانن بێلایەن نەبن و لە خۆپیشاندانەکاندا ئازاری خۆپیشاندەر بدەن.  

شەو درەنگە و بەرەو ماڵەوە دەگەڕێمەوە. خاڵێکی پشکنین لەسەر جادەی سەرەکی بەرکرەجۆی شاری سلێمانی دانراوە. چەکدارێک ڕامدەگرێت و تەماشای ناو ئۆتۆمبیلەکە دەکا بەڵکو فەردەیەکی سپی پارە ببینێت. بزەیەک دامدەگرێت و وەک ئەوەی لەدڵی خۆمدا بڵێم: 
"دنیایەکی سەیرە، بۆ یەکەمجارە حوکمڕانیەک ببینیم دزی گەورە بەدوای دزی بچوکدا بگەڕێ".

14/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر