مەسەلەی ڕێکخەر و خانە

عەزیز رەئوف

کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی کەسەکانی نین، کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە نیە ڕێکخەرەکەی تا چەند دەتوانێ لەم دۆخەدا سیاسەتی بزوتنەوەکە داڕێژێ، بەڵکو کێشەی گۆڕان کێشەی نەبوونی دنیابینی و پەروەردەی سیاسی و پارادیمێکی نوێیە کە نیەتی. کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە لەناو هەمان مێنتاڵیتی و هەمان عەقڵیەت و جیهانبینی کۆی هێزەکانی تردا دەخولێتەوە.

گۆڕینی ڕێکخەر و خانە یەک هەنگاو ئەم بزوتنەوەیە ناباتە پێشەوە و هێنانی دەم و چاوی نوێ و گۆڕینی کارەکتەرەکانی ئەم خانەیە جگە لە کاتکوشتن زیاتر چیتر نیە. دەبوو پێش ئەوەی گۆڕان هەڵبژاردن بکا کێشەی فکر و خیتابی سیاسی و جورئەت لەسەر تەوریسی سیاسی و پەروەردە و مۆدێلی نوێ و لە پێش هەمووشیانەوە دەبوو کێشە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکات. کۆتا ستێپ دەبوو هەڵبژاردن بۆ ڕێخەر و خانە بکات.

هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی عومەری سەید عەلی دەکرێ هیچ نیە جگە لە دوورکەوتنەوە لە ڕەخنە جدیەکان، ئەسڵەن کێشەی گۆڕان لەدوای 2014 دەستی پێ کرد کە بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوو و زۆرێک لە هاوڕێکانی بزوتنەوەکەیان جێ هێشتبوو و لە ماڵەوە بوون. لەیەکەم هەنگاوی بزوتنەوەکە بۆ بەشداری لە دەسەڵات و بەتاڵی لە فکر و نەبوونی ناسنامە و جیهانبینیەکی نوێ سەرەتای ئەو کێشانە بوو کە پێشتر و لەسەردەمی کاک نەوشیروان ئامادە بوو ئێستا دەرکەوتەکانی دەبینین.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر گریمان کاک نەوشیروان لە ژیاندابوایە چی دەکرد؟ چ هەنگاوێکی دەنا بۆ باشترکردنی بزوتنەوەکە؟ ئایا خۆی هەڵدەبژاردەوە؟ یان کەسێکی تر هەڵدەبژێردرا؟ ئەی ئەو کەسە کێ دەبوو؟

دروستکردن و دواتر گەڕان بەدوای فریادرەسدا هەر لەسەرەتاوە کێشەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، چونکە کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان کەسەکان نین بەڵکو کێشەی فکر و جیهانبینیە کە لە ئێستادا گۆڕان وەک هێزەکانی تر گیرۆدەی بووە.

خۆی جورئەتێکی دەوێ خەڵک ئەوەندە ساویلکە ببینی ئەم ئاڵوگۆڕە بچوکە بە سەرکەوتن بۆ بزوتنەوەکە لەقەڵەم بدەی، لە کاتێکدا بەڕاستی لە یەک کردەوەدا ڕاستگۆ بوویت کە بۆت سەلماندین شتێک بەناوی ژن و ئازادی ژن لەم چوارچێوەیەدا بوونی نیە و گۆڕان بزوتنەوەیەکی نێرە لەو لەو نێوەندەدا مێینەبەکت پەروەردە نەکردبێت بۆناو ئەم خانەیە.


14/09/2019



وتارەکانی تری نوسەر