پرسە وەک بەرەنگاری

عەزیز رەئوف

وێنەی باوکێکی شەهید کە لە پرسەی کوڕەکەیدا گۆرانی دەڵێ سەرەتای ماڵئاواییە لە کۆمەڵگەی پرسە و شیوەن و گریانی دوای مەرگی عەزیزان. ئەوەی تورک و ئیخوانی عالەمی و سەرمایەداری و دەوڵەتانی عەرەبی لێی دەترسن ئەم فۆرمەیە لە ژیان و بەرگری کە لە ناوچەکە و جیهاندا وێنەی نیە. 

لە کوردستانی باشور لەکاتی گەڕانەوەی شەهیدەکان یەک شین و شەپۆڕ و گریان و لەخۆدانێکە تەنانەت پێشمەرگەکانیش ترس دەچووە دڵیان. شیوەن و پرسە و گریان و پەخشکردنی لە شاشەکانەوە ئەو دەرکەوتانە بوو کە لە باشور هەستمان پێ دەکرد کە چۆکی جوامێرانی دەشکاند و ڕاکردن لە بەرگری بەشێکی دانەبڕاوی پێشمەرگەکانی ئێمە بووە کە چەندە پەیوەندی بە سیاسەتی هەڵە و نەبوونی هونەری سەربازی و نەبوونی پەروەردەوە هەبووە، هێندەش پەیوەندی بە پرسە و خۆلەقوڕوەردان و گریانی خاوەن پرسەکانەوە هەبووە کە وا لە مرۆڤ دەکات لە مقاوەمە و بەرگری ڕابکات.

هەربۆیە لە باشور هێندە هۆڵی پرسە زۆرە هێندە ڕەوزە و دایەنگە و شوێنی پەرەوەدەی منداڵانمان نیە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە باشور مردن گرنگترە لە ژیان و پرسەی پڕ لە نمایش و فاتیحای بێ ڕۆحانیەت سیمایەکی هەرە دیاری ڕێوڕەسمی مردن بووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

تاکە پرسەیەکی جیاواز و پڕ لە ژیاندۆستی کە بینیبێتم تەمموزی ئەمساڵ بوو، لە پرسەی شەهید (دیار غەریب)دا بەجۆرێک نێرینە و مێینە تێکەڵ بوون و جیاوازی ڕەگەزی بوونی نەبوو . هەلهەلەی کیژانی وڵاتپارێز سەرەتایەکی تەواو جیاوازبوو کە پڕ بوو لە بەرگری و گیانی یەکسانی ڕەگەزەکان. بۆ یەکەمجار لە مزگەوتێکی سلێمانی هەستم کرد وەک مرۆڤ بەشداری پرسە دەکەین نەک هەڵاواردن و داپۆشین و جیاکردنەوە و شیوەن و گریان و نمایش. 

ئەوەی لە پرسەی شەهیدێکی ڕۆژئاڤادا بینیم ترسی گەورە دەخاتە دڵی دوژمنان بەوەی کە لەبەردەم پەروەردە و لەبەردەم ڕێوڕەسمی پرسەی جیاواز و لەبەردەم مرۆڤگەلێکداین کە لەسەر تەرمی ئازیزانیان گۆرانی دەڵێن و لەبەرامبەر مەرگ پێدەکەنن.

وەرن کەمێک لە ڕۆژئاڤاوە ژیان فێر بین. وەرن کەمێک لە ڕۆژئاڤاوە بەرگری فێرین. بۆ کەمێکیش بێ پشت بکەینە پرسە و ڕوو بکەینە ژیان و بەرگری و خۆشەویستی. 


04/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر