ڕۆژنامەنوس، خوێن و زیندان

عەزیز رەئوف

یەکەم: لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ئەوانەی پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسان دەکەن، هەر ئەوانەن زیندانیان هەیە بۆ ڕۆژنامەنوسان و هەر ئەوانەن کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان. 

دووەم: لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە ئێستادا دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسان لە خراپترین دۆخدایە و پێدەچێ ئەم فەزایە زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت.
سێیەم: هەم کابینەی نوێ و هەم هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و گەنجە خاوەن پێگە ئەمنی و سەربازیەکان کورسی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە دۆخی ڕۆژنامەنوسی و ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی هەم لە هەرێم و ڕاستر لە هەردوو زۆن خراپتر بێت.

چوارەم: کە سەرۆکی هەرێم باس لە مەترسیەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکا، ناڕاستەوخۆ دەیەوێ پێمان بڵێ کە دەمانەوێ سنورێک بۆ ئەم دۆخەی سۆشیال میدیا دابنێن و تەسەور دەکەم لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنترۆڵکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا لەلایەن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتەوە کە زۆربەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێن ببینین.

پێنجەم: هەر ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە، دنیایەک پارە و سامانی ئەم وڵاتە بۆ ڕژاندنی ژەهر لە شاشەکانەوە دەرخان دەکات. ئەوەی ترسی لە نوسینێکی فەیسبووک هەیە، دنیایەک شاشەی هەیە و ناتوانێ قەناعەت بە خەڵک بکات.

شەشەم: تا ئەم هێزانە زیندانیان هەبێت، شتێک بەناوی ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی بەدی ناکەین. تا هێمن مامەند لە زیندان بێت، بەیان و وتاری بەرپرسان سەبارەت بە پیرۆزبایی بێتام و بەتاڵ لە نوکتەیەک زیاتر چیتر نیە.


21/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر