نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک

عەزیز رەئوف

لە ئێستادا گەیشتوین بە ئاگر، ئیدی نە قسە شوێن خوی دەگرێ، نە هاواری سەر سەکۆی پارکەکان سودی ماوە. ئێوە گوێتان نەگرت، نوسین، هەڵبژاردن، مانگرتن و بایکۆت هیچی لە عەقڵ و ویژدانی ئێوە دەسکاری نەکرد.

 

ئیدی گەیشتینە ئاگر، ئیدی سەبر و تەحەملی گەنجانیش بوو بە ئاگر، ئیدی دەرونی ئەم نەوەیە گڕ دەگرێ، ئیدی گەیشتینە ناڕەزایی و بەرد و دەمهەڵبەستنی نیوەشەو.

 

کام شوێنی گشتی؟ کام دام و دەزگا؟ کە فەزایەک نەما بۆ گشت شوێنی گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ داهاتی گشتی بۆ کەمینەیەک و خەم و ئازار و برسێتی بۆ گشت، پارەی گشتی بۆ ئێوە بێ و چاوەڕوانی و برین و نائومێدی بۆ گشت، خە خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بێ و دۆخی بێ نان و کار و ئازادی بۆ خەڵک، کە خەڵک نە متمانەی بە دەسەڵات ما نە ئۆپۆزسیۆن، کە گەنجی وڵاتی من هیچی نەما بیدۆڕێنێ، شوێنی گشتی و دام و دەزگای گشتی چ بەهایەکی هەیە؟

 

شوێنی گشتی یەکسانە بە خەمی گشتی، کە شەقام و کۆڵانەکانت جێهێشت، کە گوێچکەت نەما بۆ گوێ گرتن، دەبێ چاوەڕێی ئاگریش بکەی، کە ئاگریش شوێن خۆی نەگرت، هەنگاوێکی تر دەبینیت.

 

کەس فریات ناکەوێ نە میدیا و نە بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان، نە هێزی چەکدار و نە زیندانەکانتان. ئێوە دەستی دەرەکی نەبێت دەمێک بوو ببوون بە خۆڵەمێش، ئیدی گەنجی وڵاتی من دەستی دەرەکی لەپشت نیە، بەڵکو ناشرینی و گەندەڵی و بەتاڵی تۆی لە مێشکە، تەمەڵترین خوێندکاری من لە دیارترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاگا و هوشیار ترن. ئێوە واتان کرد بگەین بە ئاگر، ئێوە واتانکرد بگەین بە ناڕەزاییەکانی نێوەشەو ئیدی گەیشتین بە ئاگر و نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک.


24/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر