بەدەم ڕێگاوە دەنگەدەنگ، لەو بەرزاییەوە بێدەنگی

عەزیز رەئوف

ئەوەی بە دەنگە دەنگ بێت هەر بە دەنگەدەنگیش دەڕوا، بۆ ئەوەی بمێنیتەوە و بەو بەشەی خۆت ڕازی بیت دەبێت بێدەنگ بیت. ئەوەی بە دەنگەدەنگ بەدەستت هێناوە لە گرد و کۆمپانیا و کارگە، بە دەنگە دەنگ دەڕوا، بۆیە بێدەنگی کۆمەک بە مانەوەت دەکا و باش دەزانی بە دەنگەدەنگ پەیدات کردووە بۆیە بە بێدەنگی دەبیپارێزی.

دەنگە دەنگی دەرەوەی گردەکە هەمان فۆرمە بە جۆرێکی تر. وەک ئەوەی بڵێ منیش گردم نیە، منیش پۆستم نیە و بە دەنگەدەنگ دەتەوێت بەدەستی بێنی یان شەرعیەت بە پۆستەکەت بدەی وەک ئەوەی برادەرانی بەغدا دەیکەن.

 ئەو برادەرانەی بەغدا هەر خۆیان بوون بە بێدەنگی گۆڕانیان کرد بە تەوریسی سیاسی، هەر خۆیان بوون بێدەنگ بوون لە تۆرانی دەیان هەزار گۆڕانخواز بەس بۆ مانەوەی خۆیان، هەر خۆیان بوون ڕێکەوتنی نهێنیان لەگەڵ دەسەڵات هەبوو تا لە بەغدا شتی باشتر بەدەست بێنن، ئێستا دەیانەوێت بە دەنگەدەنگ جارێکی تر بێنەوە سەر شانۆی سیاسی. 

ئەوەی ئەم هێزەی کوشتووە، هەم دەنگەدەنگی هەندێک و بێدەنگی هەندێکی ترە. لێرەدا هەم بێدەنگی کارەساتە و هەم دەنگەدەنگ بۆنی فێڵێکی تری لێدەکرێ. 
هێزێک بەس دەمی هەبوو، ئەم دەمە یان بە بێ بیرکردنەوە دەجوڵێ، یان دادەخرێ و ورتەی لێوە نایا. دەم بۆ هێزی سیاسی کارەساتە، هەم کرانەوە و هەم داخران خزمەت بە دۆخەکە ناکا. تۆ دەبێت لە دەرەوەی بەکار هێنانی دەم کەرەستەی ترت هەبێ، تەنها دەم بۆ هێزی سیاسی یان بێدەنگی بەرهەم دێنێ وەک ئەوەی لە گردەکە هەیە یان دەنگەدەنگێکی مەبەستدار و بێسود دروست دەکا وەک برادەرانی بەغدا.

بۆ هێزی سیاسی، بەتەنها دەم کارەساتە.


07/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر