پارێزگارە بێدەسەڵاتەکان

عەزیز رەئوف

فرسەت سۆفی ڕەحمەتی، گەنجێکی خاوەن دکتۆرا و تێکەڵ بە خەڵک، بەڵام خاوەن هیچ دەسەڵاتێک نەبوو جگە لە نمایش. لەبەر چاوی ئەم پیاوە هەڵدەکوترایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوسان، لە خۆپیشاندەر دەدرا، مەترێک خاک نەماوە لە هەولێر، بازاڕێک نەماوە لە هەولێر بارزانیەکان دەستی بەسەردا نەگرن و حزب کۆنترۆڵی نەکا، کەچی فرسەت سۆفی هەموو ئێوارەیەکی ڕەمەزان لە ماڵە هەژارەکان نانی دەخوارد تا توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوو و گیانی سپارد.

 

بۆ سلێمانیش ڕاستە. کۆی سلێمانی بە خاک و بازاڕەکانیەوە کوڕان و خزمانی تاڵەبانیەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، کەچی پارێزگاری سلێمانی زیاتر خەریکی نمایشە.

 

لە بڕینی قردێلەی پێشانگاکانەوە بۆ کردنەوەی مۆڵەکانی حزب، لە پرسە و وتاری سۆزداریەوە بۆ وێنە و نمایش، لەیەک کردەدا لە سلێمانی، پارێزگار بەرامبەر بەم هەموو تاڵانیە لە بازاڕ و گومرگ و خاک و خانوبەرە، نە هەڵوێستی هەبووە نە قسە و نە نیگەرانی. 

 

بۆ هەڵەبجەش هەر ڕاستە. ئەوەندەی مەڵبەندەکانی حزب دەسەڵاتی هەیە ئەوەندە پارێزگار دەسەڵاتی نیە و لە هەڵەبجە دەسەڵاتی پارێزگار لە کردنەوەی ڤیستیڤاڵی هەنار و چەند خیتابێکی ناسیۆنالیستی بۆ ڕازیکردنی پارتی لەمەڕ نانی تاڵی بەغدا زیاتری پێناکرێ. 

 

بۆ دهۆکیش هەر وایە. تەتەرێک بۆ گیان بەدەل بەرواری و چالاکوانانی بادیان، تەتەرێک بۆ گیان خەڵکی ناڕازی بەڵام بێدەسەڵات  بەرامبەر داهاتی گومرگی برایم خەلیل کە بە ملیۆنان دۆلار دەچێتە گیرفانی حزب. پارتی عاقڵانە پارێزگاری پێشووی گۆڕی چونکە نینۆکی تیژ نەبوو بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و پێویستی بە تەتەرێک هەبوو هەم گوێڕایەڵ و هەم نمایشکار لە بادینان.

 

بۆ پارێزگاری پێشوی کەرکوکیش هەر ڕاستە. نەجمەدین کەریمی ڕەحمەتی، تا یەکێتی بوو پارتی بە هەموو شێوەیەک دژی بوو، هەر خۆی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکاندا ڕۆژنامەنوسانی پارتی و ڕووداوی دەکردە دەرەوە، بەڵام کە تەسلیمی پارتی بوو، یان یەکێتیەکان تەنگەتاویان کرد، ئیدی خەریکی سپیکردنەوەی پارەی نەوتی کەرکوک بوو بۆ پارتی و کە کۆچی دوایی کرد پارتیەکان دەگریان و یەکێتیش بێدەنگ. نەجمەدین کەریمی ڕەحمەتی بەبێدەنگی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و وێنەی پارێزگارێکی بێدەسەڵاتی پیشانداین.

 

پارێزگارەکان لە کوردستان، هێندەی کارەکتەرێکی نمایشکارن، هێندە خاوەن کاریگەری و دەسەڵات نین. پارێزگارەکان لە کورستان زیاتر مەکیاجی ڕوخساری دەسەڵاتێکی سوڵتانی گەندەڵ دەکەن.


18/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر