گۆڕان، هەستە لەخەو!

لوقمان غەفور
هەرچەندە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان سەرگەرمی گەڕانە بەدوای دەنگە دزراوەكانیدا، كە ئەمە جگە لەوەی ئەركێكی حزبییە، لەهەمانكاتدا ئەركێكی ئەخلاقیشە بەرامبەر ئەوانەی دەنگیان پێداوە، بەڵام لەدوو رۆژی رابردوودا دوو ئەركی ئەخلاقی سیاسی تر هاتە بەردەم كە تا ئەم ساتە هیچ پەرچەكردارێكی نییە.

حزبی سیاسی بەر لەوەی بەهەڵوێستە حزبیی و بەرژەوەندییە حزبییەكانیدا بناسرێتەوە ئەبێت بە بەرژەوەندییە گشتییەكانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بكەیت، لەنەبوونی ئەم هەستانەدا پێویستە لە وەتەری حزبی بدەیت، چونكە ئەگەر لێگەڕێین لە وەتەرەی نەدەین، بێشك وەك زۆربەی حزبەكانی تر لە بەرژەوەندی كۆمۆنی خۆیدا خول دەخوات تا دواتر شتێكی بەدەستەوە نامێنێت، پێی نوێ بێتەوە.

ئەو رووداوە گرنگەی كە لەچەند رۆژی رابردوودا كۆمەڵگەی كوردی هەژاند بریتیبوو لە پێشڕەوی سوپای توركیا بۆ ناو گوندی بەرمێزی ناحیەی سیدەكان-ی قەزای سۆران. ئێمە لێئەگەڕێین لەوەی كە هاتنی سوپای ئیحتلالی توركیا بۆ ناو باشوری كوردستان، نوێ نییە، بەڵكو بەرهەمی شەڕی ناوخۆ-ی نێوان پارتی و یەكێتییەو بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە كە پارتی بۆ لێدان لە یەكێتی هێنایە هەرێمی كوردستان و لەناوچەی بامەرنی بنكەیەكی تۆكمەی جێگیركرد، بەڵام ئەوەی كە رۆژ بەرۆژ ترسەكە هەڵاوگیرتر دەكات پێشڕەویی ئەم سوپای ئیحتلالەیە و بەقوڵاییەكی زۆر پێشڕەوی كردووە، لەسەروو ئەمەوە سوپای ئیحتلال وەك ئیهانە (insult) بەناوی گوندەكەدا هاتووچۆ دەكەن و بەكۆمەڵگەی باشور دەڵێن، كوێمان بوێت بۆی دەڕۆین.

ئەم چاڵنجەی سوپای ئیحتلالی توركیا پێویستی بە دوو هەڵوێستی جدییە كە بزووتنەوەی گۆڕان پێویستە بیگرێتەبەر و پەلەی لێبكات، یەكەمین گوێ بە هیچ پرەنسپێكی ئیقلیمی نەدات و خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی بۆ ئەنجامبدات، چونكە تا ئەم ساتە ئەم بزووتنەوەیە ساخنەبۆتەوە بەلای هیچ دەوڵەتێكی ئیقلیمیدا، بۆ ئەم خۆپیشاندانەش چ شارێكیش ئەكات بە پنتی جوڵانی، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە لەسەر پرەنسپێكی گشتی و بەرژەوەندی كوردستانی دێتە وەڵام و پێویستیش بە هیچ مۆڵەتێكی وەزارەتی ناوخۆ ناكات بۆ ئەو خۆپیشاندانە. 

دووەم لەسبەی زووتر نییە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەركی گرنگ لە هەنگاوی دووەمیدا بگرێتە بەر، ئەندامانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوایەكی بەپەلەبكەن بۆ دانیشتنێكی ئەنجومەن و لەو دانیشتنەدا دەركردنی سوپای ئیحتلال-ی توركیا لەناو خاكی هەرێم بەجدی وەرگرن و هەڵایەكی میدیایی لەسەر ئاستی عەرەبی لێدروستكەن، دووەمیش لەسەر ئاستی دیپلۆماتی پێویستە هیچ هەڵوێستەی لەسەر نەكەن داوا لەكۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بكەن وەك چۆن داعش نامۆ بوو بەخاكی عیراق، ئەوا سوپای ئیحتلالی توركیا-ش نامۆ ترە.

لەو بڕوایەدا نیم هیچ كوردێك لەباشوور دژی ئەم هەڵوێستە بێت، جگە لەوانەی كە تەمەنیان لەجاشایەتی دا خەملیوە و فێرن تا ژیان ماوە بە جاشایەتی بژین، خۆ ئەگەر گۆڕان لەم هەڵوێستەدا دواكەوێت ئەوا هەقە ئیتر زوو زوو لایەنگرو هەڵسوڕاوانیان پێی بڵێن، گۆڕان پەلەبكە و هەستە لەخەو. 


05/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر