هەڵماتی دەستی حزبی كوردی

لوقمان غەفور

هەڵمات بەدەستی مناڵەوە بێنازترین كەرەستەی یارییە، هەر ڕۆژەی شتێكی پێدەكات، هەندێ جار یاری پێدەكات، هەندێك جار ئەیكات بەبەرد و چۆلەكەی پێدەكوژێت، هەندێك جار كە تەڵخ و ناشرین و گرنجگرنجاوی بوو، توڕی ئەداتە ئاوەڕو و سەرەنوێلكەوە.
زۆرجاریش بینومانە مناڵ هەڵمات كۆدەكاتەوە و لەگیرفانیدا وەك ڕەمزی بردنەوە نیشانی هاوڕكانی دەدات، هەڵمات لای منداڵ ئامرازێكی زۆر بێنازە، لەناكاو هەڵیدەداتە ژێر كەنتۆر و سۆفا-ی ماڵەكەوە، ئەگەر دایكی ڕێگەی پێدا بە تیرۆكێك ڕایكێشێتە دەرەوە، ئەوا بە دیدەنی شاد دەبێتەوە ئەگەرنا تا ئەو ساتەی كەنتۆرو سۆفا-ی ماڵەكە جوڵەیان پێنەكرێت، مناڵ بەدیدەنی شاد نابێتەوە.
بەداخەوە پێشمەرگەش لەباشوری كوردستان بەدەستی حزبی كوردییەوە وەك ئەو هەڵماتەی لێهاتووە، هەركات بیانەوێت ئەیكەن بە پاڵەوان و شادەماری كوردایەتی خۆیانی پێ بەرزدەكەنەوە، هەركاتیش بیانەوێت ناوەكەی وەها وندەكەن خۆشی نەزانێت، ناوی لەچییەوە هاتووە!
ئەم هەڵماتەی دەستی حزبی كوردی زۆرجار دەكرێت بە ڕەمزی دیموكراسی و دەیڕژێننە سەر شەقامەكان و داوای دادگایی خەڵكی پێدەكەن، هەر لەو لاوە سەروو برۆی ئەتاشن و ئەینێرنەوە بۆ ئەو شوێنەی كە مەعشوقیەتی.
ئەم هەڵماتەی دەسكەلای دەستی حزبی كوردی ئەمڕۆ بانگهێشتی كوردایەتی پێ لێدەدرێت و بەناوی ئەوەوە هەڕەشە دەكرێت كە ئەگەر دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی مارتی شومی پوچەڵكرێتەوە، ئەوا قابلی قبوڵ نییە، بێئەوەی لەم هەڵماتە ئاڵو وێڵ و نازدارە بپرسن، بۆ سواری دەبابەی بەعس-تان كرد لە31ی ئابی 1996 یان ئەرێ بۆ لە ڕۆژانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دوایی بە تەنیا جێتانهێشت و دەبابەی حەشدی شەعبی بەسەر جەستەی نازداریدا رۆیشت؟!.
ئەم هەڵماتە نازدارەی دەستی حزبی كوردی كەس نازانێت كێ مووچەكەی بۆ دابیندەكات، لەلایەك ئەمریكا بە ملیۆنان دۆلار ئەدات بە گوێیدا و لەلایەكی تر برسیی و بێدەرەتان، كەس نازانێت كەی مووچەكەی دەدرێت!. رۆژی پێیدەڵێن تۆ سەروەریت و رۆژێكی تر مژدەی پاشكەوتی مووچەی پێدەدەن.
ئەم هەڵماتەی دەستی ئەحزابی كوردی دەمێك میلیشایە و دەمێك ڕۆڵەی قارەمان و جاڕ و واتەواتی شەڕی ناوخۆی پێ لێدەدرێت، هەندێك خەمیانە تا ئەوساتەی دەنگی بۆ ئەدات و هەندێكی تر شەوێ دوای دەنگدان بیریان دەچێتەوە سەر بە چ لیواو فەرماندەیەكن.
لەو بڕوایەدام تا ئەم هەڵماتەی دەستی ئەحزابی كوردی ڕانچڵەكێ و تەڕو وشك پێكەوە نەسوتێنێ، نە خۆی پشوو ئەدات و نە دەسكەلابەدەستەكان-یشی ئەهێڵن كەس لەباشووری كوردستان پشوو بدات.


09/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر