کێ ھەیە لە موسڵ ژیابێت!؟ ئەوەی لە موسڵ نەژیابێت، نازانێت خەڵکی ئەو شارە لە چ توخمێک و لە چ ڕەگەزێکن. کە من چوومە موسڵ تاکە شاری عیراق بوو، کە یەک بینای بەعسی تیا نەسووتابوو، کە چوومە موسڵ، بەعس لەوێ لەگەرمەی دڵنیایی و تاودانی خۆیدا بوو. بۆیە ئەوانەی لە موسڵ ژیاون لە ڕەگەز و لە توخمی بەعسیزم لەو شارە تێدەگەن. من لەمانگی ئۆکتۆبەری ١٩٩١ تا مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ لەوێ ژیام. موسڵ لانکەی بەعسە، موسڵ ڕەمزی بەرگری عودەی و قوسەی کوڕی سەدامە، کە چەند سەعات شەڕیانکرد تا کوژران. موسڵ جەرگەی سوننەی عەرەب و بەعسە.
ئێستاش ڕێگەبدرێت بە یەک مانگ بەعس لە موسڵەوە ئەبێتەوە بە بەعسەکەی جاران. بۆیە ھیچتان پێ سەیر نەبێت کە لە موسڵ ڕوودەدات. ئێستا بە تەواوی بۆم دەرەکەوێت ئەوانەی ڕاوێژکاری د.بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق- ن، تەنیا ڕاوێژی پارە و پۆستن. کەسێکی ژیر و دانا نەبووە کە بڵێت، بەڕێز تۆ چۆن ئەچیت بۆ موسڵ! موسڵ- ێک ھەمووی ساڵێکە لە تەراتێنی داعش ڕزگاری بووە.
من گاڵتەم بەو بەھانانە دێت، کە پاساو بۆ ئەوە دێننەوە کە دەستی حزبێک لە پشت ئەو ھێرشکردنەوەیە کە کراوەتە سەر سەرۆک کۆمار یاخود ئەو بەھانە بێمانایەی کە پێیوایە ئەوە جەرائەتە ڕووبکەیتە موسڵ. نەخێر ئەوپەڕی نەزانینە ڕووکردنە پایتەختی سووننەی بریندار، سوونەیەک کە بە درێژایی ٢٤ساڵی حوکمی سەدام و نزیکەی ٣٤ساڵی بەعس، خۆی حاکمی موتڵەقی عیراق بووە. ئێستا سوونە لە عێراق ڕقی لە ھەموو شتێکە، تەنیا چێژ لە توندوتیژی دەبینێت، چونکە پێیوایە لەدوای سەدامی سەرۆکیانەوە ئەتککراون.
لێکدانەوە بۆ ھەردوو ڕووداوەکە، خنکانی ٩٠ کەس لە ڕووباری دیجلەی نزیک پارکێکی موسڵ و ھێرشکردنە سەر سەرۆک کۆمار دەرخەری عیراقێکی نەخۆش و دەروون پەشێو دەبینرێت. چی ئەخوێنیتەوە لە کامێرامانێک بە ھەموو ھێزی خۆی ستاندی کامێراکەی ئەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێکدا، ئەگەر شارێک ئەمە ڕۆژنامەنووسەکەی بێت، ئەبێت خەڵکە گشتییەکەی بیرکردنەوەی چۆن بێت!؟.
پێچەوانەی ھەموو ئەو برادەرانەوە کە باس لەعەقڵی عەرەبی دەکەن لە ڕووداوێکی وەھادا، ئێ خۆ چەندین جاری تر ھێرش نەکراوەتە سەر سەرۆک وەزیر و پەرلەمانتار.. مەسەلەکە عەقڵی عەرەبی نییە، مەسەلەکە سوونەی بریندارکراوی عیراقە.
ساڵی ٢٠١٤، سێ جار ڕێمکەوتە باڵێوزخانەی ئەمریکا لەعیراق، بە ھاوسەر و ھەردوو کچەکەمەوە، تەنانەت دووەمجار ئەو ڕۆژە بوو کە موسڵ کەوت. بەر لەوەی سەفەری یەکەمجار بکەم، ھاوڕێیەکم نووسینگەی گەشتوگوزاری ھەیە، داوام لێکرد کە خاوەن تەکسییەکم پێ بناسێنێت، تا ڕۆژانە لە فرۆکەخانەی بەغداوە بۆ ھۆتێل و دواتریش بۆ باڵێۆزخانە لەگەڵمان بێت، چوون و ھاتن. کەسێکی پێ ناساندم، پێموت، سوونەیە یان شیعە، وتی، سوونەیە، وتم زۆر باشە ترسم نابێت. لەھەر سێ جارەکە ئەو پیاوە کە ھاتوچۆمان دەکرد، لە شەجاعەتی سەدام و بەعس بەولاوە باسی ھیچی تری ناکرد، لەدڵی خۆشمدا دەموت، کەواتە بێخەمین، لەھەموو ئەگەرێکی خراپ.
دواجار من پێموایە لەماوەی سەرۆکایەتیدا تاکە کەس توانی ھەشت ساڵ ژیرانە سەرۆکایەتی لە دوای سەدامەوە بەڕێکات مام جەلال بوو، گۆڕی پڕ نوور بێت. تەنیا لە ژوورە فراوانەکەی خۆیەوە تێکڕای ھەموو پێکھاتەکانی بە کورد و سوننە و شیعەوە بەڕێدەکرد.