کەناڵی پەیام..بەشێک لە میدیای وێرانکردن

لوقمان غەفور

جارێ من قسە ناکەم لەسەر ھەندێک لە لێدوانە بێ سەروو بەرەکانی ئیلھان عومەر..ئەمە بابەتێکی ترەو ھەموویم کۆکردۆتەوە بۆ وتارێک کە ئەم خانمە چۆن لێدانێکی کوشندەیدا لە چانسێکی تری ھەڵبژاردنی جالیەی سۆماڵی بەتایبەتی و موسڵمان بەگشتی، ئەمە بابەتێکی ترە تەنانەت بەشێک لەدیموکراتەکانی تووشی ئەرگیومێنت کردووە، بۆیە ئەم بابەتە دوائەخەم بۆ کاتێکی تر.

قسەی من لەسەر ئەو میدیا وێرانەیە بەناوی میدیای کوردی، کە چۆن وەک لایەکی دنیای سیاسەتیان لەکوردستان وێران کردووە ئاوەھا بە ئارەزووی خۆیان سیاسەت لەدنیای دەرەوەی کوردستانیش وێران دەکەن. چۆنیان بوێت بەلای خۆیاندا ئەمسەر و ئەوسەری پێدەکەن، تا ئەمساتە نە ئیلھان عومەر خۆی زاتی ئەوەی کردووە بڵێ من نوێنەری موسڵمانانم لە کۆنگرێس، نە موسڵمانانی ئەمریکاش ئەوێرن ئەو ئەو وتە نامەنتیقییە فڕێدەن، کەچی کەناڵی پەیام ئەو شەرعیەتەی بە ئیلھان-دا. کەناڵی پەیام لە ھەواڵێکدا دەڵێت:"ترەمپ ھێرشی کردە سەر ئیلھان عومەری نوێنەری موسڵمانان لە کۆنگرێس."

شەرعیەتدان بەناشەرعییەتدان لە میدیای کوردیدا، وێرانکردنی دنیای میدیا و بەلاڕێدا بردنی ئایدیا و سەرلێشێواندنی خوێنەر و بینەر و گوێگرە، ئەم کچە جالیەی سۆماڵی پشتگیریکرد، بە پاڵپشتی دیموکراتەکان، ھەڵبژێردرا، خۆ ئەگەر دیموکراتە سپی پێست و موسڵمان و کریستیان و جوو و تێکڕای ئاینەکانی تر دەنگی پێنەدایە، دووپێی نا چووە ناو کۆشکی سپی. بۆیە کەناڵێک لەدیدێکی مەزھەبییەوە شەرعیەت ئەبەخشێتەوە بێئەوەی ئاگای لەھەلبژاردنی ئەم خانمە بێت، ئەکەوێتە ناو ئەو ھەڵەی کردویەتی. ئەوە قارەمانێتی موسڵمانبوون نییە لە ئەمریکا کە ئیلھان-ی فڕێدایە سەر کورسییەک کە جۆرج واشنتن ڕازاندویەتییەوە، بەڵکو ئەوە عەقڵی ئەبراھم لینکۆلن و سیۆدۆر ڕۆسفێڵد و جۆن کێنێدی و تۆماس جێفرسن و جیمی کارتەر و ھاوەر و ڕۆناڵد ڕێگن و جۆرج بۆش و ھاوەڵەکانیانە کە ئەم خانمەی کرد بە نوێنەری خەڵکی مینیسۆتا نەک موسڵمانانی ئەمریکا، ئەگەر بەپێی مەزھەب و ئاین بوایە ئەوا ژمارەی دەنگەکانی موسڵمانانی مینیسۆتا نەیانئەتوانی چارەکی ئەو دەنگانەشی بۆ مسۆگەرکەن کە پێی سەرکەوت، کەناڵی پەیام وا ئەزانن ئەمریکا یەک بازنەی ھەڵبژاردنە تا ھەرچی موسڵمانە لە باکورەوە بۆ باشوری ئەمریکا دەنگ بە ئیلھان بدەن.

من دانیشتووی ویلایەتی مینیسوتا-م، بەدرێژایی مێژوو لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان لەم ویلایەتە، دیموکراتەکان براوە بوون، بەگشتی دیموکراتەکان باڵا دەستن، لەکۆی ٨ ئەندامی کۆنگرێس، پێنجیان دیموکراتن، سێ کەسەکەی تر کۆمارییەکانن، بۆیە بوونی ئیلھان عومەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وەک نوێنەری موسلمان نەچووەتە ناو کۆنگرێس بەڵکو وەک نوێنەری ویلایەتی مینیسوتا چووە، چونکەئەمریکا شتێک نییە بە ناوی جیاکاری ئاینی، چونکە قسەکردن لەسەر ئاین تابۆیە، بۆئەوەی کەناڵی پەیام دڵنیا بێت، ئەگەر مانشێتی ئەم ھەواڵە لەمیدیای ئەمریکی دا ئاوا بڵاوبێتەوە، قورسترین سزای دارایی و لێپێچینەوەی ئەبێت. لەئەمریکا نوێنەرایەتیکردن نوێنەرایەتی ئاین نییە، نوێنەرایەتی خەڵکە، خۆ ئەگەر ئیلھان لە یەک لێدوان بڵێ من نوێنەری موسڵمانانی ئەمریکام لەکۆنگرێس، دڵنیابن دەشێت یەک ھەفتە نەبات خۆپیشاندان و میدیای ئەمریکی وای لێکات خۆشی نەزانێت ڕوو لە کوێ بکات.

ھەفتەی رابردوو، وانەیەکمان خوێند بە ناوی "Avoiding Faulty Logic - دوورکەوتنەوە لە ھەڵەی مەنتیقی" وانەکە قسەبووە لەسەر ئەو ھەڵە مەنتیقی و نامەنیقییانەی لە نوسین و ڕاپورت و داتاشراوەکانیدا دەبینرێت، بۆ نمونە:لەمیدیادا ئەوترێت "....پێشمەرگە ھەرگیز سڵی لە دوژمن نەکردۆتەوە..." لەبنەڕەتدا ئەمە ھەڵەیەکی مەنتیقییە، چونکە مەرج نییە ھەمیشە پێشمەرگە وابێت. یاخود کورد ھەمیشە خۆخۆر و ناتەباو ناکۆکن، مەرج نییە لەھەموو قۆناغەکان وابێت، یاخود دەوترێت ھەرچی بەرپرسی کوردە گەندەڵە، ئەمیش مەرج نییە ھەمووی گەندەڵ بێت، دەستپاک و داوێن پاکی تێکەوێت. بەڵام کاتێ میدیا ھەڵەیەکی نامەنتیقی دەکات یان لە نەزانییەوە یان بەلارێدابردن و " لایەنگیریگرتن- prejudice" ە بەرامبەر ئەو بابەتە، کە ئەمەی پەیام لەم جۆرەیە و ڕۆژانە ئەمەش دووبارە دەبێتەوە.


19/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر