به‌غدا، هه‌ڵواسینی مێردمنداڵێك به عه‌مودی شۆڕش-دا
لوقمان غەفور
پێتان سه‌یر نه‌بێت، به‌غدا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌غدای پهتو سێداره‌یه، بۆیه هه‌ڵواسینی ئینسان لای عه‌ره‌بی عیراقی به‌شێكه له كه‌ڵچه‌ری توندوتیژی.
هێشتا دڵره‌قی له‌ناو كه‌ڵچه‌ری عیراقی‌دا دێت و ده‌چێت. دوای كوژرانی زیاتر له 424 گه‌نجی توڕه‌ی عیراقی، 9 هه‌زار بریندار. هێشتا ئه‌و خوێنه نه‌وه‌ستاوه و ناشوەستێت. ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی وه‌سبه-ی نزیک تەحریر، به‌به‌رچاوی دنیاوه ڕویدا، به‌شێكه له دڵڕه‌قی عه‌ره‌بی عیراقی بەشیعە و سوننەوە.
گه‌نجه ناڕازییه‌كانی به‌غدا حكومه‌تی عیراقیان تووشی شۆككرد به پیشاندنی دڵڕه‌قییه‌ك هه‌ر وه‌ك ئه‌و دڵڕه‌قییه‌ی رۆژانه حه‌شدی شه‌عبی ده‌ره‌هه‌ق به خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامیده‌ده‌ن. به‌سه‌دان مۆبایلی دواهه‌مین مۆدێلی ئایفۆن 10 و گالاکسی نۆتی 10 به‌ده‌ستی راست به‌رزكرانه‌وه بۆ چركاندنی دیمه‌نی هه‌ڵواسینی سه‌ره‌ولێژی هه‌رزه‌كارێكی 16 ساڵ له گۆڕه‌پانی وه‌سبه-ی نزیك گۆڕپانی ته‌حریر، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا لەگەڵ خۆپیشاندەران کەوتۆتە چەلەحانێ و داوای چۆڵکردنی ناوچەکەی کردووە، دواتر كلاشینكۆفه‌كه‌ی ده‌رهێناوه و چه‌ند فیشه‌كێكی كردووه به‌ناو خۆپیشانده‌راندا تا دوریانخاتهوه له ماڵی و خێزانه‌كه‌ی.
له‌رێگه‌ی ئه‌م شاشه بچوكه‌ی نوێترین ئامێری پەیوەندیکردنەوە، خۆپیشاندەران به سه‌ركرده عیراقییهكانیان وت: "ئه‌م بێده‌سه‌ڵاته به نوێترین جۆری هه‌ڵواسین سزاده‌ده‌ین، ئێوه خراپتر لێده‌كه‌ین". ئه‌م دیمه‌نه تراژیدییه پڕ دڵڕه‌قییه، ئه‌لیسا رۆبن-ی په‌یامنێری زه نیورۆك تایمزی هێناوه‌ته قسه و نوسیویه‌تی: "17 جار جه‌سته‌یه‌كی مردوویان داگرتوو به چه‌قۆ و ئامێری توندوتیژی لێیاندا و ههڵیانواسییەوه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵته‌نگی بوو چه‌ند كه‌سێك كه جلی پۆلیسیان له‌به‌ردا بوو له‌وێدا وه‌ستابوون. بێئه‌وه‌ی هیچ بڵێن!".
دیمەنەکە پێماندەڵێت، به‌هه‌زاران كه‌س له‌ناو بێده‌نگی و توندوتیژیدا وه‌ستابوون، كه ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی توندوتیژه كه له‌سه‌رده‌می روخانی بتهكهوه بۆ عیراقییه‌كان ماوه‌ته‌وه. دوای 16 ساڵ ئه‌م هه‌ست و نه‌سته زیاتر بوو نه‌ك كه‌متر. كاتێك بته‌كه‌ی سه‌دام له مه‌یدانی فرده‌وس روخێنرا. له‌وساته‌دا جه‌سته زیندووه‌كه‌ی سه‌دام-یان چنگ نه‌كه‌وت تا وه‌ك هه‌یسه‌م عه‌لی ئیسماعیل-16ساڵ- هه‌ڵیواسن. كه‌وتنه روخاندنی په‌یكه‌ره‌كه. له‌وكاته‌دا ئامێره وزهبهخشهكهی ده‌ستی خۆپیشانده‌ر له‌عیراقدا بوونی نه‌بوو تا سه‌دان فۆتۆی روخانی په‌یكه‌ره‌كه بمێنێت. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه چه‌ند فۆتۆیه‌كی فۆتۆگرافه‌ری ئه‌مریكی (ئایۆ جیما) یە، كه له‌گه‌ڵ كه‌تیبه‌ی سێ–ی هێزی پیاده‌ی ده‌ریایی چوار و كه‌تیبه‌ی یه‌كی هێزی زریپۆش-دا ئه‌و رێكه‌وته‌ی بۆ هه‌ڵكه‌وت، ئەم مێژووە بۆ ئه‌و بمێنێته‌وه.
ئه‌مریكییه‌كان كاتێك بته‌كه‌یان له‌مانگی ئه‌پرلی 2003 روخان وه‌ك ره‌مزی رزگاركردنی عیراق نیشانی عیراقییەکانیان دا، به‌ڵام له‌بنه‌ره‌ته‌وه عیراقییه‌كان به پیاكێشانی نه‌عله‌كه‌ی ده‌ستیشیان، دڵخۆش بوون ئەو ڕقوتوڕەییە بەتاڵ کەنەوە. بته‌كه نه‌ما كه‌چی توندوتیژیی و دڵڕه‌قی هه‌رماوه. هه‌یسه‌م له یه‌ك رۆژدا جه‌للاد و قوربانی. ئه‌و قوربانی ده‌ستی سیستمێكی سیاسی فاشل و فاشسته، به كلاشنكۆفه‌كه‌ی ده‌ستی كه سه‌ر به سریه‌ی خرسانی سه‌ر به میلیشیا شیعه‌كانه و بووته هۆی كوژرانی پێنج خۆپیشانده‌ر له سه‌رله‌به‌یانی هه‌مان ڕۆژ. كاتێك خۆپیشانده‌ران چه‌ند رۆژێكه داوای ده‌ستگیركردنی ده‌كه‌ن ، پۆلیسی عیراق بۆ ده‌ستگیركردنی هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵه‌كه‌یان له‌بری ده‌ستگیركردن، هه‌یسه‌م بریندار ده‌كه‌ن، جه‌سته‌یه‌كی نیوه مان و مردوو ته‌سلیم به خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت.
ئه‌م دیمه‌نه ترسێنه‌ره، گوزارشتێكی خراپی كاره‌كته‌ره‌كانی خۆپیشانده‌رانه كه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دوای یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، سبه‌ی ده‌بنه‌وه به جه‌للادێكی تر، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ده‌چێت هه‌ر له‌ئێستاوه رێكه‌وت، شتێكی نوێمان پێ بڵێت، رێكه‌وت پێمان ده‌ڵێت، جه‌للاده‌كانی ئێستای عیراق له‌مله‌وه ئینسان هه‌ڵه‌واسن، به‌ڵام جه‌للاده‌كانی ئاینده له‌قاچه‌وه ئینسانه‌كان هه‌ڵه‌واسن.
13/12/2019
وتارەکانی تری نوسەر