ماسۆشییەکان لەکاتی مووشەکبارانی ھەولێردا

لوقمان غەفور

ماوەیەک لەمەوبەر تووشی ڕەخنەی زۆر بووم لەسەر ئەوەی وتم کورد میللەتێکی سادیی و ماسۆشیی و نێرجسییە. بەتایبەتی سادیی و ماسۆشی لە نێو ئێگۆ-ی کوردا ململانێیەتی کامیان ئازا تر ئەوی دیکە بدا بەزەویدا. بەڵام مووشەکبارانەکەی ئەمڕۆی ھەولێر سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بوو. کە ئینسانی کورد تەواو ماسۆشییە.
ماسۆشیەتی کورد بگاتە ڕادەیەک کە دڵخۆش بیت بە موشەکبارانکردنی شارێک کە بەشێک بێت لە نەتەوەکەی خۆت. سەیرە ئینسان ئەوەندە ماسۆشی بێت چێژ لەو موشەکبارانە ببینێت.

سەرگەردانی ماسۆشییەکان لەوایە کە ھەولێر و دھۆک بە مولکی حزبێک بزانیت و تەواوی ژیانی ئینسانی کورد بکەیتە دەرەوەی خانەی ھاوونیشتمانیێتی ئەو بوقعەیەی پێی ئەوترێت کوردستان. لە ھەمان دیدەوە سلێمانی و گەرمیان بە موڵکی حزبێکی دیکە بزانیت و پێتوایە ئەبێت کارەکتەرەکان و ھاووڵاتییە ئازادەکانی نێو ئەم دوو دەڤەرە ھەم ماسۆشیزم بن و ھەم سادیزم بن.

ڕەھەندە سیاسییەکەی جێدێڵم بۆ خەڵکی خۆی، بەڵام ڕەھەندی مرۆیی پێمان ئەڵێت؛ ئینسان نابێت ھێندە ماسۆشی بێت چێژ لە ئازاری خۆی ببینێت. کە ئەمەش بەشێکە لەو نەخۆشییە دەروونییە کوشندەیەی بە درێژایی مێژوو کورد پێوەی ناڵاندویەتی.

کەسە ماسۆشییەکان ئەبێت لەوە بگەن  ھەموومان بەشێک نین لەو ململانێ سیاسییەی حزبەکان، ھەموومان بەشێک نین لەو نایەکسانییەی کە حزبی کوردی لە دنیای ئێمەدا نەخشاندویەتی. ھەموومان بار و بارگەمان لەناو باڵەخانەی حزبی کوردیدا دانەناوە. ھەموومان شێت و شەیدای ئاپارتمانی دەستی حزبی کوردی نین، ھەموومان نەبوین بە ھەواڵگری ئیتڵاعات و میت. بەڵام ھەموومان بەشێکین لە نەتەوەیەکی زۆڵم لێکراو بە درێژایی مێژوو جا ئیدی زۆڵمی ناوخۆیی بێت یان دەرەکی. فارس بێت یان تورک و عەرەب.

...
ماسۆشی واتە چێژوەرگرتن لەئازاردانی خۆت.
سادی واتە چێژوەرگرتن لەئازاردانی بەرامبەر.
نێرجسی واتە عەشقی خۆت بیت کە ھەندێک پێیان وایە خۆپەرستی بەشێکە لە نێرجسیەت.


16/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر