ئەی چی لە پۆستەکانی تر ئەکەن؟؟

عەدنان عوسمان


لە گفتوگۆکاندا باس لە کێشمەکێشی دوو پۆست ئەکرێت کە هەرلایەنەو داوای گٶرانکاری دەکات دەربارەیان.

یەکەم: سەرۆکی هەرێم، کە بە گوێرەی یاساو عورفی حوکمڕانی دەبێت لەسەر بنەمای دەستاودەستکردن، گۆڕانی تێدا بکرێت.

دووەم: سەرۆکی پەرلەمان، کە سەرباری ئەوەی بە ئەرکە ئسوڵیەکانی خۆی هەستاوەو هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی تیا نیە، بەڵام پارتی وەک سزادانێکی گۆڕان، کە دەستی بۆ پرسی کورسی سەرۆکی هەرێم بردووە، بەردەوام داوای گۆڕینی ئەکات.

بەڵام با بزانین پارتی، تەنها بەو رێژەیەی کورسی پەرلەمان، چەند پۆستی بۆ خۆی ئیحتکار کردوە، کە پێویست دەکات لە گفتوگۆکاندا پیاچونەوەی ورد و ریشەییان تێدا بکرێت:


یەکەم: سەرۆکی هەرێم، کە پۆستێکی سیاسی و ئیداری باڵایە. لەم پۆستەدا ئەم شەش پایە گرنگەی دەسەلاتدارێتی کۆکراوەتەوە: سەرۆکایەتی هەرێم، فەرماندەی باڵای هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی تەنفیزی، پەیوەندیەکان، دانانی دادوەرەکان( واتە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەریش).


دووەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەهای کارگێڕیە.


سێیەم: سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەیە تا ئاستی کابینەیەکی بچوککراوە.

(تێبینی: ئەو سێ بەڕێزەی کە بەرپرسی ئەو سێ دەزگایەن نەک هەر لەیەک حزب و بنەماڵەن، بەڵکو لە یەک خێزانیشن).


چوارەم: دیوانی چاودێری دارایی کە تەنها دەسەڵاتی چاودێری داراییە لە هەرێم و توانای جوڵاندنی هەموو دۆسێیەکی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانێکی دەسەڵاتی کارگێڕی هەیە.


پێنجەم: پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەکانەوە.


شەشەم: ئابوری و دارایی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە.


بەکورتی ئەم چوار پایە گرنگانەی دەوڵەتداری بەدەستی پارتیەوەیە: پێشمەرگە( بەرگری)، ناوخۆو یاسایش، پەیوەندیەکان، ئابوری - دارایی، واتە سەرجەم پۆستە سیادییەکان.

دەکرێت ریزێک لە پۆستی گرنگی تریش بەرچاوبخرێت. بەڵام من هەر ئەوەندەم مەبەستە.

بەرامبەر بەمەش ،پارتی ئەم چەند پۆستەی بە دوو لایەنە گرنگەکەی تر داوە کە پێکەوە خاوەنی ٤٢ کورسی پەرلەمانن واتە ٤ کورسی لە پارتی زیاتر:


یەکەم: سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە پۆستێکی کارگێڕی گرنگە بەڵام پۆستێکی سیاسی نییە( لە عورفی پەرلەمانیدا بە پۆستێکی سیادی دانانرێت)،و لە زۆرینەی وڵاتاندا کەمترین دەخالەتی لە کاروباری سیاسیدا هەیە. سەرباری ئەوەش یەکسەر جێگرێکی لە پارتی بۆ دانراوە.


دووەم: جێگری سەرۆک وەزیران، پۆستێکی کارگێڕی گرنگە بەڵام بێ شکڵ و قەوارەیە چونکە لە سیستەمی حوکمڕانی و لە پەیکەرەی دەسەڵاتدا وەک سێبەری سەرۆک وەزیران دەرئەکەوێت وەیا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی لە لایەن ئەوەوە پێی ئەدرێت. واتە زۆرتر وەک یاریدەدەرێک دەرئەکەوێت نەک هاوبەش لە دەسەڵات. سەیر لەوەدایە پارتی بۆ رازیکردنی لایەنەکان دەیەوێت جێگرێکی تر بۆ سەرۆکی وەزیران دانێت کە ئەمە نەک ناکاتە شەراکەت لە بڕیارداندا بەڵکو زۆرتر کار ئاسانییە بۆ سەرۆک وەزیران.


سێێەم: دسەڵاتەکانی تری وەک وەزارەتەکان هەمویان لە ژێر هەژمونی یا سەرۆکی هەرێم وەیا سەرۆکی حکومەتدان، ئەگەر نا بێهێز و بێگیان کراون.


لەهەموو گفتوگۆیەکدا لە نێوان گۆڕان و یەکێتی و پارتی، دەبێت چارەنوسی ئەم پۆستانەو دابەش کردنی واقعیانەو بە گوێرەی جێگەو پێگەی حزبەکان و رێژەی دەنگیان و کاریگەریان، پیاچونەوەی وردیان بۆ بکرێت.

وەفدی گفتوگۆی گۆڕان و یەکێتی لە ئەگەری هەر دانوستانێکدا، مەفروزە پێداگری لەسەر ئەو پۆستانە بکەن و بیخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.


28/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر