کورسیەکەی یوسف مەحەمەد

عەدنان عوسمان

مەفروز بوو هیچ یەکێک لە چوار لایەنەکەی کوردستان ( ئەوانەی پرۆژەی هاوبەشیان هەبوو بۆ پرسی سەرۆکی هەرێم) ئامادە نەبێت پێش قسەکردنی جدی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، باس لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت.

بەڵام کە ناوبەناو قسە دێتە سەر ئەم مەسەلەیە، بە پێویستی ئەزانم ئەم چەند خاڵە بخەمە روو:

دەکرێت دکتۆر یوسف بەم سێ هۆکارە لە پۆستەکەی لابدرێت:
یەکەم: وازهێنانی خۆی، نەخۆشی، پەککەوتەیی، نەمان لە ژیاندا.
دووەم: گۆڕانکاری لەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنەکاندا کراوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان. ئەمەش پۆستەکانی: سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی، پەرلەمان و جێگرەکەی، حکومەت و جێگرەکەی دەگرێتەوە، سەرباری وەزارەتە بنەڕەتیەکان+ پۆستە بالاکانی بەغدا.
سێیەم: رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان کە لانی کەم٥٠+١ بێت ئەو داوایە بکەن،و پێشتر داوا لە لایەنە سیاسیەکەی کە گۆڕانەو، دواتر لەسەرجەم لایەنەکانی تر بکرێت بۆ ئەو مەبەستە.  ئەمەش ئیشکالییەتی قانونی خۆی هەیە، چونکە هەم لە پەیڕەودا ئەو میکانیزمە بە رۆشنی دیاری نەکراوە، هەمیش ئەم پرسە واتە سەرۆکی پەرلەمان هەمیشە وەک عورف و لە چوارچێوەی رێککەوتنی فراکسیۆنە بەهێزەکاندا دیاریکراوە نەک بە هەڵبژاردن و کێبڕکێ. کەواتە دەبێت داواکردنی لاچونی دکتۆر یوسف بەهەمان شێوە لە چوارچێوەی رەزامەندی لایەنەکەی بێت نەک دەنگدانی پەرلەمانتاران.

 بۆ دکتۆر یوسف بگۆڕین:
ئێستا با بپرسین بۆ دەبێت پەنا بۆ لابردنی دکتۆر یوسف ببرێت.
یەکەم: لاوازی کارگێڕی و بێتوانایی لە ئیدارەدانی پەرلەماندا 
تا ئەم ساتەوەختە هیچ لایەنێک رەخنەی لە توانا کارگێڕیەکانی سەرۆکی پەرلەمان و شێوازی ئیدارەدانی دانیشتن و گفتوگۆکان و سەرجەم بوارەکانی کاری پەرلەمانیدا نەبووە. لەوانەیە لێرەو لەوێ هەندێک رەخنە و تێبینی هەبوبێت، بەڵام کەس بە رەسمی کێشەیەکی لەگەل سەرۆکی پەرلەماندا نەبووە لەو روەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو زۆرجار  ئەو بەرێوە بردنە زۆر سەرکەواتانە هەڵسەنگێندراوە.
دووەم: کێشەی سیاسی 
وەک ئەزانین پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە عورفی پەرلەمانیدا زیاتر کارگێڕیە نەک سیاسی، چونکە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەدەر لەوەی سەر بە چ فراکسیۆن و لایەنێکی سیاسیە، کە پۆستەکەی وەرگرت دەبێتە سەرۆکی هەموو پەرلەمان و بەیەک چاو مامەڵە لەگەڵ فراکسیۆنەکان دەکات و تەنها بە ئەرکی جێبەجێ کردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەڵدەستێت.  تا ساتەوەختی هاتنە پێشەوەی پرسی سەرۆکی هەرێم، هیچ کەس و لایەنێک لەو بارەوە گلەیی لە سەرۆکی پەرلەمان نەبووە و ئەرکەکانی بە باشترین شێوە بەڕێوە بردوە.
کەواتە تەنها هۆکارێک بۆ هەوڵەکانی لابردنی نایاسایانەی دکتۆر یوسف، ئیدارەدانی ئەو چەند دانیشتنەیە بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم.
 بەڵام دەبێت بپرسین ئایا سەرۆکی پەرلەمان لەو بارەوە بەرپرسیارە؟ ئایا ئەو کارانەی نایاساییە؟ ئایا ئەوە هۆکاری تەنگژەی سیاسی ئێستای هەرێمە؟
نەخێر:
یەکەم:  هیچ خەلەلێکی یاسایی لە شێوازی ئیدارەدانی ئەو مەلەفە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە لە ئارادا نییە. سەرجەم پرۆسەکە بە گوێرەی مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام دراوە.
دووەم: هیچ فراکسیۆنێک بە شێوەی رەسمی داوای دواخستنی دانیشتنی ١٩/٨/٢٠١٥ نەکردبوو. ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی بە نیازی ئەوە بوە کە ئەو دانیشتنە دوابخرێت، دەبوایە بە نامەی رەسمی لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەوە، کە نوێنەرایەتی سیاسی حزبەکەی دەکات، ئەو داوایەی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی بکردایە بۆ دواخستنی ئەو دانیشتنە. بۆیە ئەگەر ئەو دانیشتنە لە لایەن هەندێکەوە بە هەنگاوێکی خراپ لەقەڵەم ئەدرێت، ئەوە تەنها سەرجەم لایەنە سیاسیەکان کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەماندا هەیە لەو بارەوە بەرپرسیارن نەک سەرۆکی پەرلەمان، چونکە مەنتقی تێدا نیە بوترێت سەرجەم فراکسیۆنەکان لە سەرکردایەتیەکانیان یاخی بون و بە پێچەوانەی ئیرادەی ئەوانەوە کاریان کردووە.
سێیەم: گریمان سەرجەم پرۆسەی دانیشتنەکەی ١٩/٨ هەڵە بوە، نییەتی خراپی لە پشتدا بوە، سەرەرۆیی بوە.....هتد، بەڵام ئەو دانیشتنە بە هۆی نەبونی نیسابەوە دواخرا. لە کاری پەرلەمانیدا، نەبونی رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پرسێک، ئیتر کۆتایی بەو پرسە دێنێت بۆ ماوەیەک، تا جارێکی تر لە لایەن فراکسیۆن یا لیجنەی یاساییەوە پێشکەش دەکرێتەوە. کەواتە ئەو رۆژە دەکرا پاش ئەوەی رێژەی دانیشتنەکە مسۆگەر نەکرا، بۆ سبەینێکەی پەرلەمان لەسەر کارە ئاساییەکانی خۆی بەردەوام بوایە.
ئەمەی پارتی ئەیکات گەڕە، بیانووگرتنە  بە لایەنەکان و هەوڵی لەبیربردنەوەی پرسە سەرەکیەکەی سەرجەم ئاڵۆزیەکانی هەرێمە کە پرسی سەرۆکی هەرێم و کێشەی یاسایی پەیوەست بە مانەوەی کاک مەسعودە لە پۆستەکەیدا. لابردنی یەسف مەحەمەد پەیامێکە بۆ هەر لایەن و کەسێک کە ئەو پۆستە وەرئەگرێت،  چیتر نزیک نەبنەوە لەو سنورە بڤەیە. جا گەر هەر لایەنێک پێی وایە ئەو پۆستە مایەی دەستاودەست کردن و بە یاسایی کردن نییە، با لەو جۆقەیەدا بەشدار بێت.


06/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر