کێ ئەتوانێت شەیتان بدۆزێتەوە

عەدنان عوسمان
رۆژانە بەرپرسە باڵاکانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی دەیان ساڵە حاکمی موتڵەقی ئەم هەرێمەن، لێرەو لەوێ تەحەددا ئەکەن و سوێند و تەڵاق ئەخۆن کە نەک هەر گەندەڵییان نەکردوە، بەڵکو هەمیشە دژ بە گەندەڵی و گەندەڵکاران بون. بەرپرس نیە لەم وڵاتە کە لەگەڵی دائەنیشیت وەیا چاوپێکەوتنەکانی ئەبینیت، نەکروزێتەوە بۆ حاڵی ئەم میللەتە بەدەست گەندەڵکاران و مافیاکانەوەو، هەر خۆی دەیان نمونەت بۆ دێنێتەوە، کە هەر یەکێکیان بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەموو سەری پێی سپی بێت. هەمومان کە گوێ لەو بەرپرسە باڵایانەی حزبەکانی دەسەڵاتدار ئەگرین کە چۆن پاڵپشتی لە داخوازییە رەواکانی جەماوەر دەرئەبڕن، نازانین ئیتر کێیە کە هۆکاری ئەو تاڵانی و فەرهودخانەو بەربەریەتی و مافیاچێتیەیە کە لەم وڵاتە ئەگوزەرێت؟ کێن تاڵانچیەکان، کێن کە قوتی خەڵک ئەخۆن و سەرانە لە بازرگانەکان وەرئەگرن و ژیانی شاهانە ئەژین؟؟ وای لێهاتووە سەرجەم حزبەکان، ئەوانەی کە دەیان ساڵە شەریکە بەشن لەم دەسەڵاتەدا، ئەوانیش داوای چاکسازی ئەکەن و لە پێناو میللەتدا ئەکروزێنەوەو داواکاری پێشکەش ئەکەن. حاڵ وابڕوات لە خۆپیشاندانەکانی داهاتودا، لە ریزەکانی پێشەوەی خۆپیشەندەراندا سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و  سەرکردایەتی و تەنانەت سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و هەموو وەزیرەکانیش بەشدار ئەبن و شەیتانی گەندەڵیش بەر لەعنەت ئەدەن.. 
پرسیار ئەوەیە ئەو شەیتانە کێێەو لە کوێیە؟؟؟ چونکە پێ ئەچێت لەم وڵاتە نەبێت..ئێرە وڵاتی فریشتەکان بێت.
لە خۆپیشاندانەکانی داهاتودا" گەر بکرێت" تەنها یەک کێشەمان دەبێت ئەویش ئەوەیە: بە هۆی بەشداری سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی حزب و حکومەت و بەرپرسە ئیداریەکانەوەو پاڵپشتیان بۆ داوا رەواکانی جەماوەر، ئەبێ عەرزوحاڵی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران تەسلیم بە کێ بکرێت؟؟


28/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر