بۆ قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار

عەدنان عوسمان
هەردوو بەڕێز کاک مەلا بەختیار و کاک قوباد تاڵەبانی، لە قسەوباسەکانیاندا، ئەمڕۆ لە ڤیستڤاڵی گەلاوێژ، سوپاسی مامۆستایان ئەکەن کە گوایە رێگەیان نەداوە دەستی حزب بخرێتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە. ئەم قسەیە هەڵدەگرێ لەسەری راوەستین.

سەرەتا دەبێت بڵێم: رێڕەوی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران مەدەنیەو داواکردنی مافی سادەو رەوای خۆیانە، بۆیە چوارچێوەکەی هەر دەبێ وابێت. ئەوانەشی سەرقاڵی ئەم ئەرکە پیرۆزەن، کەسی دڵسۆز و خەمخۆری نیشتمان و ئاسایشی شارەکەو خودی مامۆستایانن. پێویستیان بە سوپاس و پێزانین نیە، بەڵکو لە دوو کەسی وەک بەڕێزتان، کە یەکێکتان لەسەر لوتکەی هەرەمی حکومەتەو، ئەوی تریشتان لە حزبە، چاوەڕێ دەکرێت هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکەیان بنێن، خەمیان بخۆن، لەگەڵیان دانیشن.

جارێ عەیبەیەکی کارگێڕی گەورەیە بۆ کاک قوباد، کە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەو بەرپرسی راستەوخۆی ئیدارەی هەرێمە لەم ناوچەیە( سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە)، لە بری ئەوەی پێشوازی لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بکات، سەردانی خۆپیشاندەران بدات، بچوکترین هەوڵ بدات بە ئاراستەی بەدیهێنانی لانی کەمی داخوازیەکانیان و چارەنوسی مامۆستاو خێزانەکانیان و خوێندن لەم ناوچەیە، لە بری ئەو هەوڵانە، تەنها دڵی بەوە خۆشە کە رێڕەوی خۆپیشاندانەکان سنوری داواکاری پێشەیی و مەدەنی نەترازاندوە. ئەمە دەشێ قسەی دوکاندارێک، سایەق تەکسیەک، هاوڵاتیەکی ئاسایی بێت، نەک کەسی یەکەمی ئیداری ناوچەکە. پێی ئەچێت هەر ئەو سنور نەبەزاندنە جێگای دڵخۆشی کاک قوباد بێت، کە مورتاحانە لە پشتی سیاسەتی هەژارکردن و برسیکردنی هاوڵاتیانەوە بە بێدەنگی وەستاوەو، هیچ هەنگاوێکی ئیجابی بە ئاراستەی باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و کورتکردنەوەی دەستی مافیاکان و قۆرخکارانی نەناوە. ئەویش وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی گلەیی و گازندە ئەکات و داوای چارەسەر ئەکات.

بۆ کاک مەلا بەختیاریش عەیبەیەکی سیاسی گەورەیە کە خۆی، زۆرینەی تەمەنی حزبایەتی لە یەکێتیدا، لە هەنگاونان بەرەو حزبی کردنی سەرجەم رێکخراوە پیشەییەکان و دەزگا مەدەنیەکان بردەسەر و، تەنها بەو ئاراستەیە کاری کردوە، ئێستا باس لە دەستی حزب ئەکات، وەک ئەوەی حزب شتێکی قێزەونی کەم بایەخ بێت، وەک ئەوەی حزب بالاترین دامەزراوەی ئابوری و سیاسی ئەم وڵاتە نەبێت. ئەم تقدیس و تەمجیدەی بەرپرسانی یەکێتی بۆ ئاراستە پیشەییەکانی نارەزایەتیەکان، تەنها رەنگدانەوەی دەستەپاچەیی و بێئاسۆیی ئەم حزبەیە لە چارەسەر کردنی کێشەکان لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە ترس و وەحشەتە لەوەی نارەزایەتیەکان لە بری پرسی قووت، ببێتە پرسیار لەسەر قووتبڕەکان، کە مەعلومە یەکێتی سەهمێکی گەورەی لە برەودان بەو سیاسەتەدا هەیە و، لانی کەم هیچ هەنگاوێکی ئیجابی نەناوە، نە لە ناوچەی خۆی و نە لە کابینەکەو نەلەسەر کۆمپانیا حزبیە زەبەلاحەکانیان، کە بڕیارە پارەکانیان لە ژێرخانەکانیان سەفتە کردبێت.
هەست دەکرێت قسەی هەردوو بەڕێز لە دەستێوەردانی حزبی، دەستی گۆڕان بێت. جا لەو بارەوە پێویست بە هەندێک رونکردنەوە ئەکات.
سەرباری ئەوەی کە گۆڕان بڕوای تەواوی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری  هەیەو پشتگیری ئەکات، بەڵام نە لە ١٧ شوبات رێکخەری خۆپیشاندانەکان بوو، نە دواتریش سواری شەپۆلەکەی بوو. ئەو کات ئێمە لە پەرلەمان بوین و بێ هیچ تەدەخول و دەستکاری و فشارێک، سەرجەم داخوازی خۆپیشاندەران، کە ئازادانە فۆرمەڵەیان کردبوو، لە پەرلەمان کردمانە بابەتی گفتوگۆی گەرم و، دواتر وەک بڕیاری ژمارە یەک و دوو بە زۆرینەی دەنگی سەرجەم فراکسیۆنەکان پەسەند کرا.

لەم خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەی ئێستاشدا، هەموو لایەک ئەوە باش ئەزانن کە گۆڕان وەک حزب، نە بە ئاشکراو نە بەنهێنی بانگەوازی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەکردوە، وە نوێنەری نەناردۆتە نێو دەستەی خۆپیشاندەران و ئەنجومەنەکانیان، هەوڵی ئەوەشی نەداوە خۆی بخاتە پێش هیچ خۆپیشاندانێک، دروشمی خۆپیشاندەرانی نەگۆڕیوەو دروشمەکانی خۆی نەخستۆتە جێگەی. نە پەرلەمانتارانی ئێستای و نە ئەوانەی پێشو، نە هەڵسوڕاوە باڵاکانی، کەسیان نە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندانیان داوە، نە هەڵیانکوتاوەتە سەر ستەیجی وتاردان و نە پەلاماری مایکیان داوە. گەر لێرەو لەوێ قسەیەکیان کردبێت تەنها بۆ پشتیوانی بوەو لەسەر داوای خودی خۆپیشاندەران بوە. تەنانەت چەندین جار خۆمان داوای ئەوەمان کرد کە تەنها خۆیان قسەکەر بن و پەرلەمانتار و سیاسیەکان دوربخەنەوە لە وتاردان.
ئێمە، بەشێک لە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان، کە دەمانویست پشتگیری مەدەنیانەی ئەم ناڕەزایەتیانە بکەین، لە هەموو ئەو کۆبونەوانەی بەشدار بوین، لە خۆپیشاندانەکان، لە گردبونەوەکان، جەختمان لەسەر ناحزبی بونی خۆپیشاندانەکان کردۆتەوە، داوامان کردوە با ئەمە چەتری هەمومان بێت و هەمومان، حزبی و ناحزبی، دەنگ و رەنگی خۆمانی تێدا ببینینەوە دور لە بەرژەوەندی و دروشمی حزبی، ئەمەش تەنها لەبەر هۆکارێکی سادە ئەوەش ئەوەیە کە ئەمە پێویستە ناڕەزایەتی هەموو بێت: حزبی و ناحزبی، یەکێتیەکان،  پارتی و گۆڕان و چەپ و راستەکان، سەربەخۆ و رۆشنبیر و خاوەن ویژدانەکان.

بەڵام ئیتر لەبەر ئەوەی گۆڕان گەورەترین هێزی جەماوەریەو زۆرترین لایەنگری لە شەقامی ئەم ناوچەیەدا هەیەو، وە لە نێو زۆرینەی دەستەو گروپ و رێکخراوە مەدەنی و ئەهلی و ناڕازیەکاندا زۆرترین دۆست و لایەنگری هەیە و هەر هەموشیان وەک چالاکوانێکی فەردی، نەک وەک نوێنەرایەتی حزب، بەشدار بون، وەلەبەر ئەوەی بەشی زۆری خەڵکی ئەم شارانەی خۆپیشاندانەکانی تێدا ئەکرێت زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان بە لیستەکانی گۆڕان داوە، ئیتر مەعلومە کە هەر چاودێرێکی ئاسایی ئەتوانێت قورسایی بەشداری گۆڕانەکان لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا ببینێت.

ئەگەر هەر ئیشەکە بە سوپاسیش تەواو ئەبێت و ( احسن اللە اجرکم)ە، ئەوا هەق وابوو سوپاسی هەستی بەرپرسیارێتی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانیشی بکەن، کە نە هەوڵیان داوە خۆپیشاندانەکان بە حزبی بکرێت و نە ئاراستە مەدەنیەکەشی بگۆڕدرێت، کە خۆتان ئەزانن ئەوە بۆ گۆڕان کارێکی قورس نیە، بەڵام دژ بە پرەنسیپەکانیەتی.


21/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر