شەڕی بەپارتیكردنی كۆمەڵگا

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەوەی ئێستا لەهەرێمدا دەگوزەرێ، تەنیا بوونی جیاوازی نیە لەسەر سیستمی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، بەڵكو شەڕێكی (كۆن و نوێ)یە كە دوو ئیرادە نوێنەرایەتیی دەكەن، ئیرادەیەك كە دەیەوێ كەڵكەڵە تاكڕەوییەكەی بەسەر تەواوی هەرێمدا بسەپێنێت، ئیرادەیەكیش دەیەوێ كۆمەڵگا لەو هەڕەشەیە بەدوور بگرێت   كە لەهەناوی حزبێكی تەقلیدیی پر لەموقەدەس سەرچاوەی گرتووە و دەیان ساڵە كایەی سیاسیی كوردیی هەناسەسوار كردووە. 

ئەمەش ململانێیەكی سیاسیی جدی و ئایندەسازە و پێویستە هەموومان بە خەم و شەڕی خۆمانی بزانین، نابێ رێگە بدەین موقەدەسەكانی ناو هیچ حزبێك بگوازرێنەوە ناو كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی هەرێم تووشی شێرپەنجەیەكی سیاسیی بكەن كە دواتر هاوشێوەی وڵاتە دیكتاتۆریەكانی دەوروبەرمان تەنیا بە شۆڕش و توندوتیژیی ریشەكێش بكرێن.

 ئەم قۆناغە سیاسییە جگە لەروونی و راشكاوی، هیچ پێچ و پەنا و قوتووبەندییەكی زمانەوانیی هەڵناگرێت، بۆیە دەبێ ئەوە بڵێین كە پارتی وەك حزبێكی (٧٠) ساڵە، تەواوی ئەو تەمەنەی خۆی لە بەبارزانیكردنی پارتی و دواتریش بەپارتیكردنی كۆمەڵگادا خەرجكردووە، لەوەدا سەركەوتوو بوو كە پارتی بكات بە موڵكی بنەماڵەی بارزانی و هەر ئەوان خاوەندار و سەرداری ئەو حزبە بن و هەموو ئەوانی دیكە پاشكۆ و رەعیەتی ئەوان بن، هەرچی بەوەش رازی نەبووبێت جێگەی لەناو ئەو حزبەدا نەبۆتەوە و ناچار بە ئینشیقاق و وازهێنان كراوە.

ئەمە ئاسایی و مافی خۆیانە چۆن و بە چ پێكهاتە و رێكارێك حزبەكەی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام مەترسیی گەورە لەوەدایە كە ئێستا پارتی لەهەوڵی بەپارتیكردنی كۆمەڵگادایە و دەیەوێ سەرۆكی هەتاهەتایی حزب بكات بە سەرۆكی هەتاهەتایی هەموومان، كوڕی سەرۆك عبكات بە باوكی رەمزی و سەرۆكێكی ئامادەكراو بۆ كوڕ و كچەكانمان، مێژووی كورد یەكسان بكات بە مێژووی پارتی، هەموو دامەزراوەكانی هەرێم بخاتە خزمەت تێركردنی حەز و تەماعەكانی بەرپرسەكانیان، بە كورتی هەموو نیشتیمان یەكسان بكات بە حزب و حزبیش لەگیرفانی یەك كەسدا بێت. هەرچی بە پێچەوانەی ئەو ئیرادەیەش قسە بكات و پرۆژەی هەبێت و هاوئاهەنگی و هاوڕایی هەبێت، ئەوە بۆ رێگریكردنە لە دروستكردنی دەوڵەتی كوردی، تێكدانی یەكڕیزیی و سازانی نیشتیمانییە، گەلەكۆمەكێكردنە لەپارتی و.....تاد. لەكاتێكدا لەپێنج لایەن، چوار لایەن هاوڕان و تەنیا پارتییە كە داوای سەپاندنی سەرۆكەكەیان و فەزا حزبییەكەی خۆیان دەكەن و لەدەرەوی سرب دەخوێنن، بەڵام پێناسەی نیشتیمانیبوون هەر لەلای خۆیان دەبینن و ئەوانی دیكە بەدەرچوو لەیەكڕیزیی نیشتیمانیی دەزانن!..

 بۆیە ئێستا هەر رێگریكردنێك لەو كەڵكەڵە حزبییە، رێگریكردن دەبێت لە(كوشتنی دیموكراسی، خنكاندنی ئازادی، لەگۆڕنانی دەستاودەستكردنی دەسەڵات، سەركوتكردنی را و دەنگە جیاوازەكان، نەك هەر دەنگ و راكانی ئێمە، بەڵكو هی نەوەكانی ئایندەشمان).

22/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر