حکومەتی ئایندە فرۆش

کاوه‌ محه‌مه‌د
حکومەتە رەشیدەکانی دنیا سەروەت و سامانی وڵات دەخەنە خزمەتی خەڵک، جگە لەوەی خۆشگوزەرانیان بۆ دەستەبەر دەکەن، دەیکەن بەداهاتی کڕینی ئاندەیەکی گەش و رووناک بۆ نەوەکانی داهاتوو..کەچی حکومەتی هەرێم، هەرچی داهاتی دەیان ملیار دۆلاری ساڵانی رابردوو هەبوو بۆ بەرژەوەندی هەندێ حزب و بەرپرس بەهەدەری دا، تا پشتی هەرێم و خەڵکەکەی لەبن قەرز و قۆڵە چەماندەوە، ئینجا دەستی دایە تاڵانفرۆشکردنی هەرچی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی هەیە و ئایندەی ئێمە و نەوەکانیشیان خستە  ناو تونێلی تاریکی رێککەوتن و کۆنتراکتە ژێربەژێر و گوماناوییەکانیان لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو کۆمپانیا و  لەئێستاوە هەر مامەڵە هەر بە ئەمڕۆمانەوە ناکات، بەڵکو ئایندەشمانی لەهەراجخانەی میحوەربەندییەکی ئیقلیمیی نانیشتیمانیدا هەرزانفرۆشکردووە. 

بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ نیە ئەو پرسەی لەلا بۆتە یەقین وگومانی تێپەڕاندووە، بەڵام نابێ ئەمە تەنیا پرسی گۆڕان بێت، بەڵکو پرسێکە پەیوەندی بە تاک بە تاکی هاووڵاتییانی هەرێم و نەوەکانی ئایندە و ئایندەی سیاسیی کوردیشەوە هەیە، بۆیە پێویستە هەموو هێز و لایەنێکی سیاسی، تەواوی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەرچی دامەزراوەی قەزایی و چاودێریی هەیە، بەتایبەت داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری داریی، هەموو تاک و گروپێک کە خۆی بەخاوەنی ئەم هەرێمە دەزانێ و لەخەمی ئایندەی نیشتیمانەکەمانە، لەم پرسە سکانداڵئامێزەی حکومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەکان هەڵوێست و قسەی جدیان هەبێت و هەموومان بەیەکەوە رێگە نەدەین ئەم سەودای ئایندەفرۆشتنە بەبێ دەنگی و بێ ێپێچینەوە تێپەڕێت و دواتر ئاگری نەهامەتییەکانی ئەمڕۆمان، ئایدەشمان بسووتێنێت.


29/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر