(دەوڵەت) دژ بە دەوڵەت

کاوه‌ محه‌مه‌د
هەرچەند گوێ لەقسەكانی بارزانی دەگرم، زۆر سەیرم بەو رووكەشگەراییەی ئەو پیاوە دێت كە قسەی پێ دەكات وخاڵییە لەلانیكەمی مەنتیقی سیاسی، ئاخر مەعقولە تۆ بتەوێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەت بكەیت و تەحەدای هەموو دنیا، تەواوی دەوڵەتان، كۆی بەرژەوەندی و میحوەربەندییە جیهانی و ئیقلیمییەكان بكەیت ؟!..هەرچەند سەیری دەوروبەرەكەی دەكەم، كە هەموو خەون و خولیایان تەنیا ئەوەیە لەبەردەم كامیراكاندا بە تەنیشت بارزانیەوە دەركەون، كەسێك نادۆزیتەوە ئەهلی ئەوە بن و جورئەتی ئەوە بكەن كە بەهێمنی دوو رای دروستی پێ بڵێن و وای لێ بكەن بەهۆش خۆی بێتەوە و چیتر مایك و هوتافی حەشامات هەڵینەگرێت.
با واز لەوە بهێنین كە زەمینەی ناوخۆیی هەرێم چەندە وێران و داوەشاوە و لانیكەمی كەرەستەكانی لەسەرپێخۆوەستانی سیاسی و ئابووری دابین نیە بەرامبەر هەڕەشە جدییەكانی ناوچەكە و جیهان، ئەی باشە دەوڵەت لەسادەترین پێناسەدا بریتی نیە لەگواستنەوە لەئاستێكی خۆجێیی-ەوە بۆ ئاستێكی نێودەوڵەتی ؟ گریمان لەناوخۆشدا هەموو پێداویستییە یاسایی و تەكنیكییەكانی ریفراندۆمەكە دەستەبەركرا (كە نەكراوە)، ئەی دواتر نابێت ئەنجامی ریفراندۆم بكەیتە بنەمای داواكاریی خۆت بۆئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەخۆت بگرێت و ئەندامێتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەستبهێنیت و ئاڵای دەوڵەتەكەت بەتەنیشت ئاڵای دەوڵەتانی دیكە لەنیۆیۆرك بشەكێتەوە، دەوڵەتان دانت پێ دابنێن و پەیوەندیی دیپلۆماسیت لەگەڵ ببەستن و ...تاد؟ ئێ كە تۆ ریفراندۆم بەبێ گوێدانە تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام بدەیت، بێگومان دەبیتە دەوڵەتێك كە دەبێ مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆی بكات، دەوڵەتێكی فڕێدراو و تەریك، دەوڵەتێكی یاخی و گەمارۆدراو بەهەڕەشە..هێشتا ریفراندۆم نەكراوە، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەنێویشیاندا هەر پێنج ئەندامە هەیشەییەكەی، دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن و رۆژانە داوای نەكردنی دەكەن، ئێ كە هەموو ئەو داوا و پرۆژە و ئامۆژگارییە نێودەوڵەتییانە پشتگوێ بخەیت، دوایی چۆن و بە چ مەنتیقێك چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەكەیت لەنەتەوەیەكگرتووەكان دەرگا بەڕووی دەوڵەتەكەتدا بكەنەوە و وەك ئەندامێكی تازەی خێزانی نێودەوڵەتی قبوڵت بكەن ؟
ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی پرۆژەیەكی بەدیلیان خستۆتە بەردەست بارزانی كە ریفراندۆمەكە نەكات و لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆی جدی بكەن و ئەوانیش پشتیوانی هەرێم دەبن بۆ دەستەبەركردنی ماف و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەنتیقی سیاسی وا دەخوازێت كە بارزانی واز لەسەركێشی بهێنێت و بەدیلە نێودەوڵەتییەكە قبوڵ بكات و تۆپەكە بخاتە گۆڕەپانی بەغدا كە ئێستا دەنگی زاڵ لەوێ بریتییە لەرەتكردنەوەی بەدیلەكە، ئەوسا كە بارزانی قبوڵیكرد، ئیتر پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت و بەغدا دەخاتە گۆشەیەكەوە كە یان ئەویش بەدیلەكە قبوڵ بكات و ئەوسا كێشەكان بە چاودێری و زەمانەتی نێودەوڵەتی بە چارەسەر بگەیەنرێن، یانیش بەردەوام بێت لەرەتكردنەوەی و ئەوسا بیانووی هەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەهێز دەبێت و وەك دۆست و هاوپەیمانێكی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ دروستكردنی دەوڵەت دەنێت.
بۆیە ئەوەی ئێستا بارزانی دەیەوێ ریفراندۆمەكە لەكاتی خۆیدا بكات و سوورە لەسەری، سەرەنجامەكەی تەنیا (دەوڵەت)ی ریكلامی ناوخۆیی و بۆ ئیستیهلاكی ناوخۆیی دەبێت، (دەوڵەت)ێك كە غەزەبلێگیراوی نێودەوڵەتی دەبێت و خەڵكەكەیشی دەخرێنە بەردەمی ئەژدیهای چەند سەرەی ئیقلیمی.


22/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر