چۆن پرسی کوردیان سووک کرد..

کاوه‌ محه‌مه‌د

ئەمڕۆش یەکێکی دیکە بوو لەو رۆژە (کۆمیدی_تراژیدیانە)ی کورد کەساڵانێکە لەسەردەستی نوخبە سیاسیە فاشیل و جاهیلەکەی هەرێم بەردەوام دووبارە و چەند بارە دەبنەوە.
ئەمڕۆ ئەوانەی بە کەمتر لە(دەوڵەتی  کوردی) رازی نەبوون و دەیانوت حساب بۆ هیچ کەسێک ناکەین، بە ناچاری و زەلیلییەوە، فرۆکەخانەکانی هەرێمیان تەسلیم بە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی کرد و سەرەڕای ئەوەش دەیانەوێ ئەم چۆکدادانە بە نرخ و بەرگی (دەستکەوت)  بەخەڵکی بفرۆشنەوە.
پێش کارەساتی (ریفراندۆم) سەرپەرشتی و ئیدارەدانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، دەروازە سنووریەکان، نەوت و داهاتەکانی، زۆبەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، موچەخۆر و مووچەکانیان، پێشمەرگە و مووچە و جووڵەپێکردنیان، هەمووی بەدەست (حکومەتی هەرێم)ەوە بوون (راستتریش بەدەست پارتی و یەکێتی)ەوە بوون، بەڵام دوێنێ ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکان و سبەی و دووسبەیش ئەوانی دیکە دەکەونە دەست حکومەتی فیدراڵەوە..
لەراستیدا کورد لەدوای راپەڕینی (۱۹۹۱)ەوە دەرفەتی گەورە و مێژوویی بۆ هەڵکەوت کە نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان پێشکەش بکات و دیموکراسی و عەدالەت و سەروەری یاسا و کاری دامەزراوەیی و ژێرخانێکی پتەوی ئابووری سیماکانی بێت و ئەمەش بکەینە بنەمایەکی بەهێز و قبوڵکراوی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتێک کە لەخزمەت هاونیشنیەکانیدا بێت، بەڵام پارتی و یەکێتی بەهۆی سیاسەتە فاشیل و تەماعە بێ سنوورە حزبی و شەخسیەکانیان لەبنوبۆتکەوە زەمینەی ئەو ئومێدەی کوردیان هەڵتەکاند، هەر بۆیەشە وایانکرد پرسی کورد سووک بکەن و تەنانەت ئەو هەموو مافە دەستووریانەی کورد لەعیراقدا هەیەتی، تەنیا لەکردنەوەی فڕۆکەخانەکان و مووچەی مووچەخۆرانی دوو وەزارەت بچووک بکرێنەوە و هێشتاش چاوقایمانە بێنە سەر شاشەی تیڤیەکان و شانازی بە شتێکەوە بکەن کە مایەی ئەوپەڕی شەرمەارییە بۆ ئەوان.
کاوە محەمەد

15/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر