سۆز و سیاسەت.. بۆ ساڵیادی نەوشیروان مستەفا

کاوه‌ محه‌مه‌د
بەداخەوە لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە, دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان شێواوە و دوورکەوتنەوەیەکی بەرچاو لەبەرنامە و پرەنسیپەکانی بەدیدەکرێت. کەمینەیەکی بڕیاربەدەستی رێکخراو لەگەڵ زۆرینەیەکی پەرشوبڵاوی ناڕازی, لەسەر ٸاراستەی بزووتنەوەکە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی, ناکۆکی قووڵ لەنێواندایە.

ٸێستاش لەسەروبەندی دووەمین ساڵیادی نەوشیروان مستەفادا ٸەو ناکۆکییانە, کە لەھەموو کاتێک توندتر بوون, بەشێوەیەکی بەرفراوان تێکەڵ بەو ھەست و سۆزە ھەڵچووەدا کراون کە بۆ یادکردنەوەی نەوشیروان مستەفا ناخی تەواوی گۆڕانخوازانی داگرتووە, بێگومان زۆربەشیان لەپەرۆشییان بۆ گۆڕان و گەڕانەوە بۆ مەجدەکانی سەردەمی ٸەو سیاسییە کاریزمیە, روو لەلایەنە ناکۆکەکانی بزووتنەوەکە دەکەن کە لەبەر خاتری رۆحی کاک نەوشیروان و لەسەر گۆڕەکەی دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و کۆتایی بە کێشەکانتان بھێنن. لەکاتێکدا کە ٸەوەی لەناو بزووتنەوەکە لەٸارادایە,کێشەی گەورە و بونیادین, نەک کێشەی شەخسی و عەشاٸیری کە بە دەست خستنە ناو دەستی یەکتر و باوەش بەیەکترداکردن چارەسەربکرێت. ھەر خۆی ٸەمە پێچەوانەی بیرکردنەوە و شێوازی کارکردنی نەوشیروان مستەفا خۆیەتی لەژیانی سیاسییدا, لەناو یەکێتیـش ھەر بەقسەی ٸەویان نەکرد کە بەوردی کێشە ناوەکی و دەرەکییەکانی دەستنیشانکردبوو و رێوشوێنەکانی چارەسەریشی دیاریکردبوو, کەچی بەرەکەی دیکە دەیانویست لەشەٸنی راوبۆچوونەکانی ٸەو کەم بکەنەوە و تەرکیزیان تەنھا لەسەر ورووژاندنی سۆزی یەکێتییەکان و کەسوکاری شەھیدان بوو, ٸەویش لەرێگەی بەرزکردنەوەی ھەندێ دروشمی داپۆشراو بە بەرگی پاڕانەوە و تکاکردن کە با لەپێناوی خوێنی شەھیدان و پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی, ھەڤاڵان دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و کێشەکانیان وەلاوە بنێن !..ٸیتر بەرەی دووەم لەناو یەکێتی سەرکەوت و کاک نەوشیروان و ھاوڕاکانی کۆڵیاندا و ھاتنە دەرەوە..ھەر بۆیەش کە تا بە ٸێستاش دەگات, لەناو یەکێتیـدا نە کێشەکان چارەسەرکران و نە یەکڕیزی ناوخۆییش پارێزرا..

بۆیە لەدووەم ساڵیادی کۆچی دوایی ٸەو پیاوە وردبین و عەمەلیەدا, پێویستە ھەموومان دوور لەسۆز و رۆمانسیەتی حزبی, لەخەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی تەوریسی سیاسی و بەلاوەنانی پرنسیپەکانی گۆڕان دا بین, ٸەمەش ھەمان شێوازی کارکردنی کاک نەوشیروان خۆیەتی و ھەر بەم شێوەیەش دەتوانین رۆحی شاد بکەین, نەک بە تێکەڵکردنی فرمێسکەکانمان و بەیەکەوە لەسەر گۆڕەکەی پرسەکەی نوێ بکەینەوە, چونکە ٸەگەر ٸەومان لەدەستچوو, خۆ بیرکردنەوە و بەرنامەکەیمان لەدەست نەچووە..


19/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر