لەلێواری هەڵدێرداین

کاوه‌ محه‌مه‌د


لەدەرەنجامی بەردەوامیدان بەو حوکمڕانیە شکستخواردووەی لەساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمی کوردستانی پێ بەڕێوەبراوە، دۆخەکە نەک گەیشتۆتە بنبەست، بەڵکو کەوتۆتە لێواری هەڵدێرێکەوە کە ئەگەری بەهێز ئەوەیە و ئاماژەکانی شەقام و تۆنی پڕ لەتووڕەیی خەڵکیش، زەنگی تەقینەوەیەکی جەماوەریان لێوە دێت کە کەس ناتوانێ پێشبینی عاقیبەتەکەی بکات.

 
لەراستیدا بەداخێکی زۆرەوە دەبێ دان بەوەدا بنێین کە لەسەردەستی بازرگان و مافیاکانی سیاسەت و حزبایەتی، هەرێم وەک ئابووری لەژێر رادەی ئیفلاسبووندایە، وەک پێگەی سیاسی بە تەواوی لاواز و کەوتووە (بەتایبەت لەدوای ریفراندۆم-ەوە)، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ ئاستێکی هێندە نزم دابەزیوە کە دانوستان بۆ ناردنی تەنها مووچەی مانگێکی هەرێم و دانانی کەسێکی دیاریکراو بە وەزیری دەرەوە بکرێت، لەرووی پەیوەندیی ناوخۆیی هێزە سیاسیبەکان-ەوە لەوپەڕی گرژی و بێ متمانەییدایە، بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات یەکجار بەرفراوان و قووڵبۆتەوە.

 
ئیتر پێموایە هەرێمە (٢٩) ساڵیەکەمان کۆتاییەکانی دوایین چارەگی تەمەنی خۆی بەڕێدەکات..

 
ئەمە خوێندنەوەیەکی تایبەتی خۆمە و هەر خۆشم لێی بەپرسیارم، بەڵام هاوکات دەبێ بڵێم کە بەرپرسیارێتی رزگارکردنی دۆخەکە و دوورخستنەوەی لەو عاقیبەتە، لەئەسنۆی ئەوانەدایە کە هەرێمیان بەمرۆژە داوەشاوە گەیاند، هیوادارم ئەگەر بەدرەنگیشەوە بێت چاکسازیبەکی هەمەلایەنە و ریشەیی دەستپێبکەن کە بۆ جارێکیش بێت بەکردەوە نەک بەدروشم، بەرژەوەندیی خەڵک بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیان و حزب و بنەماڵەکانیان، ئەگەرنا کەشتییەکە لەنقومبوون نزیکبۆتەوە و کەسمان لێی دەرباز نابین.

 
هەرچەندە ئەوە زۆر زەحمەتە بە هەمان عەقڵیەت و کەرەستەکانی گەندەڵی، چاکسازیی بکرێت، بەڵام مەحاڵ نیە و با چاوەڕوان بین.. 


18/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر