مووچەی سیاسیی

کاوه‌ محه‌مه‌د
لەكۆبوونەوەی رۆژی (22)ی مانگی رابردووی نوێنەرانی كورد لەبەغدا (ئەندامە كوردەكانی پەرلەمان و وەزیرە كوردەكانی حكومەتی عیراق) لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز، زۆر راشكاوانە قسەمان لەسەر كێشە و كەموكوڕییەكانی سیاسەتی دارایی و نەوتیی هەرێم كرد، بێ چەند و چوون ئەوەمان سەلماند كە حكومەتی هەرێم لە (23) ساڵی رابردوودا لەوپەڕی بێ پلانی-دا داهاتە بەدەستهاتووەكانی خەرجكردووە و بەشێكی زۆریشی بەهەدەرداوە، تەنیا لەماوەی (2004 - 2014)دا نزیكەی (116) ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، كەچی ئەمڕۆ چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە و نازانێ كامە قەرز بداتەوە و بۆ قەرزی دیكەش روو لەكوێ بكات. لەساڵانی رابردوودا هەموو هەوڵێكی تەنیا بۆ ئەوە بوو كە بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە زیاد بكرێت، بێ ئەوەی پلانی ئەوەی هەبووبێت كە بەشێك لەداهاتی ساڵانە بۆ بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی بخاتەكار و سەرچاوەكانی داهاتی لەكرێخۆریی نەوت دەرباز بكات. بەپێچەوانەوە؛ بەشێكی بەرچاوی ئەو داهاتەی بۆ (بووژاندنەوەی درۆزنانە)ی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەرخانكردبوو كە بۆتە بارێكی زۆر قورس بەسەر شانی هاووڵاتیانەوە. یەكێك لەو زانیارییە مەترسیدارەی لەكۆبوونەوەكەدا دركێنرا؛ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمە كە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە رووی تێكردووین، كەچی بەرپرسانی هەرێم لەجیاتی نەهێشتنی مووچەخۆرانی بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە، هەر بە حسابی جاران كاریانكردووە و ژمارەیان زیاتریش بووە؛ پێشتر باس لەوە دەكرا كە هەرێم مانگانە پێویستی بە (850) ملیار دینارە بۆ مووچە، بەڵام ئەوەی لەكۆبوونەوەكەدا بیستمان؛ ئێستا بۆتە (900) ملیار دینار !..جا ئەمە (پلان و سیاسەتی دارایی) حكومەت بێت، چ بودجەیەك بەرگەی دەگرێ و چۆن دەتوانێت لەپێگەیەكی بەهێزەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بكات ؟.
جگە لەوە، لەكۆبوونەوەكەدا ئەوەم روونكردەوە كە لەماوەی ساڵی پاردا؛ حكومەتی هەرێم چوار سەرچاوەی داهاتی لەبەردەست بووە، كەچی نەیتوانی مووچەی خەڵك لەكاتی خۆیدا دابین بكات؛ 1-سەربەخۆ نەوتی فرشتووە و پارەكەی وەرگرتووە. 2-داهاتە ناوخۆییەكانی لەبەردەست بووە. 3-قەرزی لەكۆمپانیاكان كردووە بەرامبەر نەوتی دەرنەهێنراو. 4-نرخی بەنزینی زیادكرد و وتیان بۆئەوەیە مووچەی پێ دابین بكەن. كەچی سەرەڕاش نەتوانرا مووچە لەكاتی خۆیدا بۆ فەرمانبەران دابین بكرێ. بۆیەش (گەڕانەوە بۆ بەغدا)، نەبوو بە یەكێك لەرێگاكان، بەڵكو بوو بە تاكە رێگا و سەرەنجام رێككەوتنەكەی (2/12)ی لێ بەرهەمهات كە دواتر بەهەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری نوێنەرانی كورد لەبەغدا بەجۆرێك خرایە ناو یاسای بودجەی ساڵی (2015)ەوە كە هیچ مادەیەكی سزایی بۆ هەرێم تێدا نەبێت و بڕگەیەكیشی بۆ زیاد نەكرێت كە هەموو نەوتی هەرێم بخرێتە بەردەستی كۆمپانیای (سۆمۆ)وە.
رێككەوتنەكە دەرگای فراگوزاریی بۆ كردینەوە و یاسای بودجەش بە سەلامەتی تێپەڕی، بەڵام مووچەی خەڵك هێشتا لەقوڕگی شێردایە و لەبازنەی (سیاسەتپێكردن) هەر درباز نەبووە، نە عەبادی كارێكی كردووە، وێنەی مالكیمان بیرچێتەوە، نە حكومەتی هەرێمیش هەنگاوێكی ناوە چیتر مۆتەكەی بێباكی و گەندەڵییەكان هەڕەشەمان لێ نەكات.
* تێبینی : ئه‌م وتاره‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بلآوکراوه‌ته‌وه‌

07/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر