پۆلیس و ئاسایش ئەمە بۆ؟

لەتیف فاتیح
ئەوانەی 17ی شوباتی 2011و رۆژانی دواتریان بیرە ، چاك دەزانن، هیچ لە ستەمكاری و توندو تیژی سەوز نابێت ، خەڵكی سلێمانی و یەكێتی و حزبەكانی تریش ، شانازی بەوەوە دەكەن هەمیشە سلێمانی بە خۆپیشاندان و ئازایەتی ڕووبەڕووی بە عس بووەتەوە ، ئەمە كراوەتە چیرۆك و داستان و شیعر ، بەڵام هێشتا دەسەڵات، دەسەڵاتی خۆماڵیش فێری ئەوە نەبووە ، كە زەبرو زەنگ دەنگەكان كپ ناكات ، ئەگەر وابوایە دەبوایە دوای 17ی شوبات و كوشتنی ئەو هەموو جوانخاسە سلێمانی و دەورو بەری جارێكی تر نەهاتنایەتە سەر جادە ، دەیان جاری دیكەش زەبرو زەنگ هەبێت  خەڵك دەسبەرداری داواو خواستەكانی خۆی نابێت ، بۆیە گرتن و بردن چارەسەر نین ، وەڵام دانەوە چارەسەرە .

من لام وابوو رۆژێ‌ دێ‌ ئاسایش و پۆلیس بكوژانی 17ی شوبات دەگرن و دەیانبەنە بەردەم دادگا ، لام وابوو ، پشتگیری خواستی ڕەوای مامۆستایان و موچەخۆران دەكەن ، لام وابوو بە دووی دۆزینەوەی ئۆتۆمبیل سوتێنەكانی مامۆستایاندا دەگەڕێن ، كەچی ئەم بەیانیە ئەوان شتێكی تریان كرد ، ئاخۆ گرتنی مامۆستایان و ئازادیخوازان كۆتای رێگەكەیە یان رەنگە ئەمە ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان نەكرێ‌ لە شوێنی ترو كاتی تر سەر هەڵبداتەوە ، ئایە گرتنی خەڵك چارەسەرە ؟.

ئاسایش و پۆلیس پارێزەری خەڵكن نەك ستەمكاری ، هەركات بوونە پارێزەری ستەمكاری ئیدی هیچ پەیوەندیەك لە نێوان ئەوان و خەڵكا نامێنێ‌ ، ئەوە لە كاتێكا خۆیان كوڕو براو كەسی خەڵكن ، ناكرێ‌ ئەمە چارەسەری كۆتایی ئەو بارو دۆخە بێت ، كە خودی دەسەڵات لە ئاكامی تاڵانی نەوت و ملهوڕیەوە دروستی كردووە ، هەرگیز بەم شێوەیە ناتوانرێ‌ سلێمانی و دەورو بەری بە دەردی دهۆك و هەولێر ببرێ‌ ، باشە كە مەسعود بارزانی و نێچیروان و قوباد تاڵەبانی و هەموو لایەك هەق دەدەن بە مامۆستایان و موچە خۆران ئەم ستەمكاریە بۆ؟.

راستە پێویستە دەرگای خوێندنگەو قوتابخانەكان بكرێنەوە ، راستە ناكرێ‌ خەڵكی ئەم ناوچەیە لە خوێندن بێبەش بن ، بەڵام ئەی موچەو قوتی خەڵك ، ئەی ژیانی خەڵك ،  ئەی كارەباو سوتەمەنی و پێویستیەكانی رۆژانە ، ئایە بیانوتان چیە بۆ نەبونی كارەباو سوتەمەنی و موچەو بودجە ، ئێوە بیرتانە مەسعود بارزانی وتی هەر منداڵێك كە لە دایك دەبێت لە كوردستان موچەو پشكی خۆی هەیە ، بەڵام لەم دوایە ئاشتی هەورامی باسی ئەوەی كرد هەر منداڵێك كە لە دایك دەبێت قەرزارە ، بە منداڵی ئەو ئاسایش و پۆلیسانەشەوە كە ئەمڕۆ كەوتنە وێزەی مامۆستایان و هاواری خەڵك.


02/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر