مامۆستا كامیل و فاروقی مەلا مستەفا
لەتیف فاتیح
هاوڕێكانم لە فەیس بووك هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردبوەوە كاتێ مامۆستا كامیل عەبدولقادر سومبلی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ چارەسەر دەبرێتە نەخۆشخانەی فاروق ، لە سلێمانی بۆ دوو رۆژی 14و15ی 3-2017 ملیۆنێك و حەوتسەد هەزار دیناری لێدەسەنن ، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە پێنهەزاریەكی دینار بە بیانوی دڕاویەوە دەدەنەوە بەسەریدا ، ئەمە توشی شۆكی كردم ، لام وابوو كاك فاروق ئەو نەخۆشخانەیە لانی كەم بۆ كەس و كاری شەهیدو ئەنفال و كیمیاباران بە خۆڕایی دەخاتە گەڕ ، ما كاك فاروق سەروەت و سامانەكەی لەم وڵاتەو لەسەر حسابی هاوڵاتی ئەم وڵاتە كۆنەكردوەتەوە ، یان ئەویش وەك سەرمایەدارێكی تر كە لەم ماوەیەدا هەزاران دەفتەری بردە دەرەوە دەیەوێ منەتی ئەوەمان بەسەردا بكات ، كە خزمەتی نیشتمان دەكات ، لەم ماوەیەدا شەوێك لە كەڕادەی بەغدا بووم ، خاوەن " وزە دەر " موەلیدەیەك نوسیبووی بۆ حەشدی شەعبی و كەس و كاری شەهیدان كارەبا بە بەلاشە ، گریمان لەو ناوچەیەی ئەو 20 ماڵی لەو جۆرە هەیە گرنگ ئەو درك بە بەر پرسیارەتی دەكات ، من حەزم دەكرد كاك فاروق بتوانێ خزمەتی گەورە بەو توێژانەی ناوم بردن بكات ، ئەمەش هەم لە بەر خاتری خۆی هەم بۆ خانەوادەكەی ، كە من چەندین دۆست هەیە لە ناویاندا .
من لە رابردوودا یەك دوو جار لە سەر سەرمایەداری نیشتمانیم نووسی ، جارێكیان هەندێ دۆست كە خۆیان زۆر ترین جار لە سەر سفرەی ئەو سەرمایە دارانە دادەنیشن ، رەخنەی ئەوەیان لە من گرتبوو ئێمە كوا سەرمایە داری نیشتمانیمان هەیە ، منیش نمونەی عەلیەكانی سلێمانیم بۆ هێنابوونەوە ، عەلی بۆسكانی و عەلی كەمال و عەلی ناجی و هتد ، فاروقی مەلا مستەفا پێویستە خۆی لەسەر ئەو بابەتەی مامۆستا كامیل بێتە دەنگ ، بەڵام با ئەوەش بڵێم خۆیشم ئەزمونێكی باشم لە تەك كاك فاروقا نیە ، یەك دوو ساڵە زۆر بێئیش و كارم ، جارێكیان شوان محەمەدی هاوڕێ و هاوپیشەم پێی وتم بۆ بە كاك فاروق ناڵێی لە دەزگاكەی كارێك بكەیت ، هەر خۆیشی وتی من لە رێی خۆمەوە هەوڵدەدەم و تۆش بە رەحمان غەریب بڵێ ، یەك دوو جار رەحمانم ئاگادار كردەوە دیار بوو هەواڵێكی خۆشی دەست نەكەوتبوو ، دواتر هەمان هەوڵم خستە بەردەم كاك قادری حاجی عەلیش تا بە كاك فاروق بڵێ دیار بوو ئەویش نا ئومێد كرا بوو ، بە هەر حاڵ من ئەمەم بۆ یە گێڕایەوە تا بڵێم منیش ئەم ئەزمونە تاڵەم هەیە ،بە هەر حاڵ بۆ فاروقی مەلا مستەفا ، بۆ خانەوادەی دكتۆر عەزەدین مستەفا ڕەسوڵ ئاسایی نیە لە نەخۆشخانەی ئەواندا ئەوە ڕووبدات دەرهەق بە كیمیا بردەڵەیەكی هەڵەبجەش ، بۆیە هیوادارم ئەو برینە ساڕێژبكرێت.
تێبینی : بڕواناكەم فاروقی مەلا مستەفا ئەمە قەبوڵ بكات
22/03/2017
وتارەکانی تری نوسەر