ڕاپرسی ناوچە دابڕێنراوەكان و نا ئاگای یەكێتی

لەتیف فاتیح
هیچ ئاماژەیەك نیە بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەكان بە ڕێوە بچێت ، ئەگەر لە بنەڕەتا ریفراندۆم هەر بكرێت ،لە ناوچە دابڕێنراوە كان نزیكەی 2ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر هەن ، لە ماوەی رابردودا بۆ هەڵبژاردنەكان هەرگیز پارتی حەزی نەكردوە ئەو ناوچانە بەشدار یبكەن ، ئەمەش لە بەر ئەوەی دەنگدانی ئەو ناوچانە بۆ هەر هەڵبژاردنێكی هەرێم بە زیانی پارتیە، لانی كەم تا ئێستا وایە ، بۆنمونە لە كەركوك و خورماتوو،خانەقین و  جەلەولاو سەعدیەو جەبارە پارتی كەمینەیە،لە شەنگال پارتی ئەو دەمگە ناهێنێتەوە ،هەڵبەت ناوچەكانی دیكەش گۆڕانیان بە سەردا هاتووە ، بەڵام ئێستا بۆ ریفراندۆم پارتی باسی خەڵكی ئەو ناوچانەش دەكات ، لە كاتێكا بۆ ئەو مەبەستە یەكەمین لایەن كە قسەی لە گەڵ بكات دەسەڵاتی ئەو ناوچانەو حكومەتی عێراقە ، ئاخۆ بە چ شێوازێك دەكرێت ئەوە روون نیە ، ئەوەی نەسرەدین سەعیدی بەرپرسی ناوچە دابڕێنراوەكانیش لە حكومەتی هەرێم دەیڵێت ، هەر قسەیەو هیچی تر ، گوایە باشترین بژاردەش بۆ گەڕانەوەیان ریفراندۆمە ، پێمان ناڵێ‌ چۆن گریمان لە 51%ی خەڵكی ئەو ناوچانە بە بەڵێ‌ دەنگیاندا ، ئایە 49%ی دیكە كە بە نەخێر دەنگ ئەدەن ئەوانەش زۆربەیان بریتی دەبن لە عەرەب و توركمان و پێكهاتەكانی تر چۆن مامەڵەیان لە گەڵ دەكرێت ئەمە ڕوون نیە .

خەڵكی ئەو ناوچانە لە 35%بۆ 40% كوردستانیان پێك دێنن ، مەسعود بارزانی و حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكەن ، ئەگەر بەشداری نەكەن چی ، ئایە ئەوە دەستبەردار بوون نیە لە خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە لە كاتێكا ئەوە نزیكەی 3 ساڵە پارتی بە ناوی حكومەتەوە نەوتی ئەو ناوچانە دەباو دەیفرۆشێ‌ ، ئایە ئەوە گێلی نیە هێزێك نەوتەكەت ببات و حسابیشت بۆ نەكات و بتخاتە پای مامەڵەوە تۆ هێشتا ئومێدت پێی بێت . 
خۆی كێشە لەم بابەتەدا یەكێتیە ، یەكێتی كەزۆرترین دەننگدەری ئەو ناوچانەی هەیە ، لە بەر بزنس و بۆنی نەوت ئاگای لە خەڵكەكەی نەماوە وبە تەواوەتی لە بیری كردوون ، لە كاتێكا دەركەوت ئەگەر خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگ بدەن بە سودی یەكێتی تەواو دەبێت لە هەر پرۆسەیەكدا هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی عێراق ئەو راستیە دەسەلمێنن، كێشە ئەوەیە ئێستا یەكێتی خۆی لە كوێدایە ،ئایە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن قسەو بە هێز دەتوانێت درێژە بە ململانێ‌ ی دیموكراسی بدات یان ،لەلایەن سەركردەكانیەوە بێگەڕانەوە بۆ رای خوارەوە تەواو كەوتوەتەژێر هەیمەنەی پارتی و بارزانیەوە ، كەسەیری وێنەی كوردستان دەكەین دەبینین ، لە كوردستاندا دوو هێز ، دوو لایەن ، دوو گروپ هەن ، گروپی پارتیەكان ، ئیدی قارداش پارتی ، پارتی كراس سەوز ، پارتی ریشدار، پارتی شەواڵ كورت و پارتی بارزانی ، واتە هەرە پارتیەكان ، لە بەرانبەریشدا گروپی نەخێر بۆ بە پارتی بوون هەن ، ئەوانیش ئەوانەن كە دەیانەوێ‌ دیموكراسی و جوانی و جیاوازی هەبێت ، ئەوانەن كە تروسكەیەكی روناكیان لەم هەرێمەدا هێشتوەتەوە ، پارتی و گروپە پارتیەكانی دەوروبەری ، كار بۆ پارتاندنی ئەو گروپە نەیار بە سیاسەتی یەك رەنگیە دەكەن ، ئەوان دەیانەوێ‌ هەرچۆنێكە و بە هەر نرخێكە ئەو گروپەش بپارتێنن ، بە بڕوای من ئەمە ئەو پەڕی ستەمكاریە بۆ نەهێشتنی جیاوازی ،  هەرێمی كوردستان دوای گەندەڵی و ستەمكاری و نادادی و زەبرو زەنگ و ئەو هەموو نەهامەتیە ، تەنیا جوانیەك تیای مابێتەوە جیاوازیە بە مانا ئەرێنێكەی ، كار كردن بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیە بەر لەوەی بە زیانی ئەنتی پارتیەكان تەواو بێت ، بە زیانی پارتیەكان تەواو دەبێت ، هەر نا لە بەر ئەوەی رێگەی بەرەنگار بوونەوەو توندو تیژی لە دنیای یەكڕەنگدا نزیكتر دەكاتەوە .

 كێشەی یەكێتی لە شوێنی یەكێتیدایە لەم دابەشبوونەدا ، ئەمەش لە كۆتایدا بە زیانی كورد بە گشتی و ناوچە دابڕێنراوەكان بە تایبەتی كۆتای دێت ، ئەگەر ریفراندۆمیش لەو ناوچانە بكرێت و لە هەڵبژاردنا بەشداریان پێنەكرێت ، كەواتە لەوەشدا پارتی فێڵ لە خەڵكی ئەو ناوچانەو لایەنە سیاسیەكان و بە تایبەت یەكێتی دەكات .


10/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر