بارزانی و ریفراندۆم

لەتیف فاتیح
 سەرەتا : 
بە پێی هەموو ئەو بە دواداچوون و پرس و جۆیانەی كردومە ، بارزانی دەیەوێت ریفراندۆم بكات و ئەوەشی دەوێت كە هەر خۆی خاوەنی ئەو تێزو پڕۆژە رانەگەیەنراوە نەنوسراوە بێت ، بارزانی سورەلە سەر ئەم كارەو بۆ ئەمەش هەموو رێگەیەك تاقیدەكاتەوە، ئاخۆ بارزانی دەیەوێت هەمان رچەرێگاكەی بنگۆریۆن بگرێ‌ یان نا ، ئەوەیان دیار نیە ، بەڵام بنگۆریۆنیش لە كاتی خۆیدا سەرەڕای نەیاریە دەرەكیەكان و فشارەكان ئەو هەنگاوەی نا ، جیاوازیەكە ئەوەیە بنگۆریۆن توانیبووی لە ناوخۆدا كۆكەرەوەیەكی باش بێت و كارەكەیشی هێندەی بۆ جولەكە بوو ، هێندە بۆخۆی نەبوو ، هەر بۆیە بۆ سەرۆكی دەوڵەتەكە ئەیزنهاوەری بانگكرد ، جگە لەوەش لۆبیەكی گەورەی جولەكە لە ئەمەریكاو شوێنانی دیكە پاڵپشتی بوون ، جیاوازیەكی دیكەش ئەوە بوو بنگۆریۆن هیچ پارەو سامانێكی نەبردبووە ، دەرەوەی وڵات و لە هەموو دنیاوە پارەی جولەكەی كۆدەكردەوە بۆ بونیادنانی دەوڵەتەكە ، بە جیاوازیەكی دیكەشەوە كە بنگۆریۆن بە هیچ شێوەیەك خەمی كوڕو مناڵ و كەسی خۆی نەبوو ، ئەو خەمی جولەكەی بوو، بەگشتی ، بۆ ئەوەش دەوڵەتی دروست دەكرد تا جولەكە لە سوكایەتی و برسێتی و بێماڵی رزگار بكات و بیكاتە خاوەن تاج و تەخت و بەخت ، دەبوو بارزانی هەموو ئەم هەنگاوانەی ناباو لە ئەزمونی بنگۆریۆن و ماندێلاو مەهاتیر محەمەدو ئەوانی تر سودی وەرگرتبا، مەهاتیر محەمەد مالیزیای لە گوندێكی گەورەوە كردە وڵاتێكی نمونەیی ، ئەگەر چی زیاتر لە بیست ساڵ حوكمی مالیزیای كرد ، بەڵام مالیزیای لە ریشەوە گۆڕی و كردی بە وڵاتێكی پێشكەوتوو، بارزانی دەیەوێت بەر لەوەی مەرگ یەخەی بگرێت كارێكی گەورە بكات ، بەڵام كێشە ئەوەیە بۆ ئەم كارە ئەو هەنگاوانەی پێویستن نەیناوە ، بە تایبەت لە ناوخۆدا ، بارزانی لە ناوخۆدا نایەوێ‌ گوێ‌ لە كەس بگرێ‌ ، كە توڕە دەبێت یارو نەیار نازانێ‌ ، هەرچەندە زوو چاك دەبێت ، بەڵام لە ماوەی كەمی توڕە بوونیدا زۆر جار كاری ئەو تۆ دەكات كە دەگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگە ، چ ئەو قسانەی لە شەنگال كردی و خواست و داوای خەڵكی بە هەڵپەڕین و جوندان ناوبرد ، چ ئەو قسانەی لە برۆكسل دەرهەق بە گۆڕان كردی ، دەچنە ئەو چوار چێوەیەوە ، راستی دەبوو بارزانی لەم قۆناغەدا لە هەمووان دڵفراوانترو لە هەمووان نەرم و نیانتر و لە سەر خۆ تر بوایە ، دەبوو گوێی بۆ زۆرترین رەخنە شلكردباو ، بەرلەوە ی گوێ‌ لە پارتیەكان بگرێت ، دەبوو گوێ‌ لە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانە بگرێ‌ كە رەخنەو قسەی جیاوازیان هەیە .لەم وتارەدا دەمانەوێ‌ بە هێمنی ئەو بارو دۆخەی پێش گشتپرسی بخەینە بەر دید و مەترسی و ئەگەرەكان بە بارزانی بگەیەنین ، ئەمە ئەگەر حەوسەڵەی بینین و بیستنی جیاوازیەكانی هەبێت .

بارزانی و ناوچە دابڕێنراوەكان : 
بارزانی لە فەرمانە هەرێمێكەیدا هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانی خستوەتە چوار چێوەی ریفراندۆمەوەو دەقی نوسراوەكەش وەڵامە بە بەڵێ‌ و نەخێر ، بۆ سەربەخۆیی كوردستان ، لە راستیدا ئەمە لە ناوەڕۆكدا كارێكی پیرۆزەو خەونی 100ساڵە گەلی كوردە لە باشوری كوردستان ، بەڵام كێشە ئەوەیە هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئەوەی ئەمە چۆن دەكرێت و ناوچە دابڕێنراوەكان چۆن ریفراندۆمیان تیا دەكرێت ، هەروەها چۆن دەكرێ‌ لەو ناوچانە دڵنیابین لە ئەگەری بردنەوە ، ئایە بە چ شێوازێك ریفراندۆم لەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت ، چی كراوە بۆ ئەوەی عەرەب و توركمان بە بەڵێ‌ دەنگ بدەن ، ئەگەر بۆ نمونە لە شارێكدا دەنگی نەخێر سەركەوت كاردانەوەمان چۆن دەبێت ، هەمووئەمانە پێویستیان بە خوێندنەوەو هەنگاوی وردە ،با وا دابنەین، هەمووباشوری كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردنە ، كە ئەمە ئەگەری دۆڕان زۆر لاواز دەكات ، ئایە حكومەتی عێراقی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوەدا هاوكار دەبن ، یان رێگر ، ئەگەر رێگر بوون چی بكرێت ، هەڵبەت لە دۆخی ئاواشدا ئەگەر حكومەتی عێراقیش رازی بێت رێژەی بەڵێ‌ لە زۆر شارو شارۆكەی ئەو ناوچانە زۆر كەمدەبێت و لە هەندێ‌ شوێن نەخێر زیاتر دەبێت ، راستی ئێمە لە داهاتوودا بە وردی ئەو داتایانە باس دەكەین و مەترسیەكان دەخەینە ڕوو، پێشتریش ئەوەمان باس كردووە ، بەڵام ئەگەر هەمو كوردستانی باشور بە دیاری كردنی سنورەكانیەوە یەك بازنەبێت ، هەڵبەت بەڵێ‌ زۆرترەو ئەگەری ئەوەهەیە لە 60%زیاتر بێت ، بەڵام لەو دۆخەدا رێژەی نەخێریش كەم نیە .
خۆ ئەگەر دوو بازنە بێت بۆ نمونە هەرێمی كوردستان بازنەیەك و ناوچە دابڕێنراوەكان بازنەیەك ، بڕوام وایە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی ئەو تۆمان نابێ‌ ، بەڵام ناوچە دابڕێنراوەكان كێشەو گرفتی زۆرمان توش دەبێت و رەنگە هەرە زۆری لە دەست بدەین بۆ نمونە لە خورماتوو ناوشارەكە كورد ڕەنگە بە ئەگەرێكی لاواز بەڵێ‌ سەركەوێت ، بەڵام بە گوندەكان و ناحێكانیەوە نەخێر 60%دەبێت ، ئەمە بۆ داقوقیش وایە ، بۆ لەیلانیش وایە بۆ تازە خورماتوو خراپترە ، بۆ قەرەتەپەو جەلەولاو سەعدیەو جەبارەو زۆربەی ناوچەكانی دەشتی نەینەواش هەر وایە ، راستی دەبێ‌ لەم ڕوەوە دیراسەی ورد تر بكرێت ، خۆ ئەگەر هە پارێزگایەكیش بازنەیەك بێت دیسان گرفتی ئیداری و سیاسی زۆرمان بۆ دروست دەبێ‌ ، بۆ نمونە چەمچەماڵ وكەلارو شوێنەكانی تر نەگەڕێنراونەتەوە سەر كەركوك ، خورماتوو لە سەر تكریت دەدۆڕێنین ، خانەقین لە سەر دیالەیە ، هەموو ناوچەكانی دەشتی نەینەواو شەنگال لە سەر موسڵن ، راستی ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەو خوێندنەوەی زیاترە ، هەڵبەت ئەوە جگە لە لەمپەرە ئیداری و سیاسیەكان . 

بارزانی و گۆڕان :
لەم بارو دۆخە هەستیارو ناسكەدا ، كە لەلایەكەوە بارزانی بێ‌ رەوایی یاسایی لە سەر كورسی سەرۆكی هەرێمەو زیاتر لە دوو ساڵە وادەكەی بەسەر چووە ، بێ‌ ئەوەی لابچێت و دان بەوەدا بنێت كە لێرەدا پێچەوانەی ئەقسەیەی خۆی كە دەڵێ‌ كەس لە سەروی یاساوە نیە ، بە بڕیارێكی ناجۆرو نائاوەزیانەی ئەنجومەنی شورا ماوەتەوە ، دەبوو لانی كەم لەبەر ئەم هۆیە بارزانی لە هەر كات زیاتر وەك كۆكەرەوەیەك دەركەوتبا ، ، كۆكەرەوەیەك لە پێناوی ئامانجێكی گەورەدا كە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە ، بەڵام وا دەرنەكەوت ، نەك ئەوە بەو هەنگاوە توندانەی بەرانبەر بزوتنەوەی گۆڕان نای دەركەوت بارزانی خۆی و رەنگە كوڕەكەی و بازنەیەكی زۆر بچوك بن كە دژایەتی هەر جۆرە جیاوازیەك دەكەن و كەسیش ناتوانێ‌ لە ناو حزبەكەی خۆشیاندا بەرچاو ڕوونیان بداتێ‌ بە سكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەو جێگرەكەشیەوە ، ئاخر بارزانی زۆر سەرسەختانە دژایەتی نیو ملیۆن زیاتر دەنگدەری كوردستان دەكات كە دەنگیان بە گۆڕان داوە ، ئەم دژایەتیە بە جۆرێك رەنگی داوەتەوە ، وەك ئەوە وایە دژایەتی هەموو سلێمانی بێت ، نەك ئەوە كار گەیشتە ئەوەی بارزانی ئامادە نەبێت بۆ پرسەی نەوشیروان مستەفاش سەردانی ئەو بزوتنەوەیە بكات ، كە من لام وایە هەر بیانویەك بۆ ئەو نەهاتنە بیانویەكی ناجۆرە و ناكرێ‌ بە هەند بگیرێ‌ ، بارزانی دەیتوانی هەر ئەو كاتە بێت گردەكەو بەستەڵەكی ئەو نەگونجان و دوریە بتوێنێتەوە ، دڵنیام بە ڕێزەوە پێشوازی لێدەكرا ، ئێستاش ئەگەر بارزانی پڕۆژەی دەوڵەتی هەبێت دەبێ‌ ئەو هەنگاوە بنات ، ئەمە كاری بارزانیە نەك كەسی تر ، گریمان بزوتنەوەی گۆڕان خەڵكانی توندو تیژو هەڵەشەیان تیایە وەك ئەوەی میدیای پارتی شەوورۆژ ئەم تەنبورە لێدەدەن ، بەڵام ئاخر بارزانی ئەگەر كۆكەرەوەی راستی بێت ، چۆن ناتوانێ‌ ئەمە چارەسەر بكات ، خۆ دەكرا لە هەنگاوی یەكەمدا كوڕەكەی واتە مەسرور بارزانی ناردبا بۆ لای چیاو نمای نەوشیروان مستەفا و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان ، بۆ ئەمەی نەكرد ، واتە خودی بارزانی نەیتوانیوە كۆكەرەوەیەكی سەركەوتوو بێت ، بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت لە شێوازی پرسەنامەی بارزانیش پەستن بۆ مەرگی نەوشیروان مستەفا ، ئاخر پرسە نامەكە هیچ قوڵی و مانایەكی تیا نەبوو ، لە ئاستی  گەورەیی نەوشیروان مستەفادا نەبوو، خۆ بارزانی لە سەر پرسی دەستوری عێراقی و زۆر بابەتی دیكە زۆر جار پەسەنی هەڵوێست و جوامێری نەوشیروان مستەفای داوە ، تەنانەنەوشیروان مستەفا چەندین جار داكۆكی لێكردووە ، ئەدی بۆ بارزانی بەو ساردو سڕیە لە گەڵ مەرگی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان مامەڵەی كرد ، ئەمە پێویستی بە پرسیار كردنە لە خودی مەسعود بارزانی ، هەڵبەت بێئەوەی وەڵامەكە گرێبدا بەو قسانەی كە لە برۆكسل لە بارەی گۆڕانەوە وتی ، كە دیارە خۆیشی زۆر لە گەڵیان نیەودەشیكات .
یەكەمین كاری مەسعود بارزانی لە ناوخۆدا هەنگاو نانە بۆ ئاشتكردنەوەو ساڕێژكردنی برینەكانی گۆڕان ، ئەمە ئەركی كۆكەرەوەیە، ئەركی كەسێكە كە بانگەشەی دەوڵەت دەكات و كاری بۆ دەكات .

 بارزانی خۆی یان پارتی :
ئێمە چەندین جاری تر بێچەندو چوون باسی ئەوەمان كردووە ، بارزانی كە مادام خۆی بە سەرۆكی هەرێم دەزانێ‌ و لانی كەم لە2005 بۆ 2013 بە یاسایی سەرۆكی هەرێم بووە و لە 2013 پارلەمان  دوو ساڵی دیكەی داوەتێ‌ و لە 2015شەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی شوراو بێ‌ ڕەوایی پارلەمان و دەنگی خەڵك لەسەر ئەو كورسیە ماوەتەوە ، دەبوو لە فۆڕمی پارتی بێتە دەرەوەو وەك سەرۆكی هەرێم دەركەوێت ، وەك سەرۆكی هەرێم بەو مانایەی چەند خاوەنی ئەودیوی دێگەڵەیە، ئەوەندەش خاوەنی ئەم دیوی دێگەڵە بوایە ، واتە بارزانی لە سەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم وەك نوێنەری هەموو كورد دەركەوتایە نەك وەك پارتیەك ، كە هەمیشە وەك پارتیەك دەركەوتوە ، من زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبم كە گوایە بارزانی تا دێگەڵە بڕیاری  دەیخواو لەدێگەڵە بەم دیودا نایخوا ، راستی گریمان سەت لە سەت ئەمە راستە ، بەڵام كێماسی ئەمە بۆ خودی بارزانی و بۆ پارتی دەگەڕێتەوە نەك كەسی تر ، ئاخر بارزانی لە دەنگدانی خەڵكا بە دەنگی ئێرە نزیكەی لە 70%ی دەنگەكانی هێناو تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ و شوێن بە شوێن بانگەشەیان بۆ دەكرد ، تەنانەت تاڵەبانی دەیگوت سەرۆكی ئێستاو داهاتوی كوردستان ، هەروەك دەیگوت دەنگدان بە بارزانی دەنگدانە بە مام جەلال ، دواتر پارتیەكان دەیانگوت ئەوە بۆ خۆی وادەكات ، تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانیش خەڵكانی خۆی ئازاد كرد لە دەنگدان بە بارزانی و بە هیچ شێوەیەك كە ناڵە میدیاییەكەی نەخستە بەردەست ركابەرەكانی بارزانی بەتایبەت " دكتۆر كەمال میراودەلی  " كە لە هیچ شارو شارۆكەیەكی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە حكومەت هۆڵ و شوێنی نەدایە بۆ بانگەشەو بەردەوام گلەیی هەبوو لەو بارو دۆخە ، نەك ئەوە یەكێتی لەبەر ئەو هەڵۆی برایم ئەحمەدیان سزا دا ، كەچی بارزانی نەیتوانی نوێنەری ئەم ناوچانە بێت ، نەیتوانی یەك مانگ لە 12ساڵدا لە گەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی ئەم ناوچانە دابنیشێ‌، ئەو هەمیشە وەك پارتیەك دەركەوت ، پارتیەك بە هەمان بیرو بۆچون و جلو بەرگەوە .
بۆچی بارزانی ناتوانێ‌ ئەو چوار چێوەو كۆتی پارتی بوونە بشكێنێ‌ ،بۆچی لە 12 ساڵدا نەیشكان ئەمە پەیوەستە بە پارتی و بارزانیەوە نەك كەسی تر .

 بارزانی و راوێژ: 
یەكێك لە كێشەكانی دیكەی بارزانی بۆ هەر هەنگاوێك راوێژنەكردنە بە وانی تر ، راوێژنەكردنە بە لایەنەكانی تر ، زیاتر هەوڵدانە بۆ كۆكردنەوە لە دەوری بڕیارو قسەی بارزانی ، نەك راوێژكردن ، بڕوام وایە بۆ كارەكتەری وەك بارزانی ، بۆ كەسێك كە دەویەوێ‌ دەوڵەت دروست كات و پارتیەكان دەڵێن ئەویش وەك مارتن لۆسەر كینگ خەونێكی هەیە ، پێویستە بۆ هەر هەنگاوێك زۆرترین راوێژ بكات ، ئەو تەنانەت لە كۆبونەوەی 16 حزبەكەی حەوتی حوزەیرانیشدا كە 25-9-2017یان دانا كۆكردنەوەی حزبەكانی بۆ راگەیاندنی فەرمانەكەی بوو نەك راوێژو پرس و ڕا ، بە بڕوای من ئەمە بۆ كۆكەرەوە كارێكی دروست نیە و باشترین كار بۆ بارزانی تا لەو شوێنە بێت و تا رۆژی ریفراندۆم ئەگەر بكرێ‌ ، پرس و راوێژی بەردەوامە بە تەواوی چین و توێژەكان ، بەوانەی كە لە گەڵ ریفراندۆم نین و سەرنج و رەخنەیان هەیە ، دەبوو بارزانی ئێستا رۆژانە لە گەڵ رۆشنبیران ، پیاوانی ئاینی ، رۆژنامەنووسان ، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ، دەستەو گروپە جیاجیاكان دیداری كردباو رێ‌ و شوێنە قورسەكانی گەیشتن بە بارزانی لادابا و هەمیشە دەرگای واز با ، ئاخر بارزانی هیچ پرس و راوێژی بە مامۆستایانی زانكۆ ، رۆشنبیرانی خاوەن قسەو هەڵوێست ، كەسانی پسپۆڕی بواری راپرسی و ریفراندۆم كرد ، ئاخۆ پرسیاری ئەوەی كردووە بۆ دەبێ‌ نمونەی پیاوانی خوێنەواری وەك ئاراس فەتاح ، مەریوانی وریا قانع ترس و نیگەرانیان لەم بابەتە هەیە ، پرسیاری كردوە بۆ دەبێ‌ ئەوانەی جیاواز بیر دەكەنەوە تەخوین بكرێن ، ئاخر كەسێك بیەوێت ببێتە مارتن لۆسەر كینگ دەبێ‌ گوێ‌ لە هەموو راو بۆچونەكان بگرێت و بە هەندیان وەربگرێت نەك بە گژیاندا بچێتەوەو سوپایەك لە میدیاكاری موچە خۆر بخاتە گەڕ بۆ لێدانی جیاوازیەكان .
ناكرێ‌ بارزانی بۆ پرسێكی وا گەورەو چارەنوسساز راوێژ بە هەموان نەكات ، بە بڕوای من ئەو پرس و راوێژانە لانی كەم لە ئەرك و بەرپرسیارەتی بارزانی كەمدەكەنەوەو هاوبەشی بۆ پەیدا دەكەن ، ئەمەش لە دۆخی سەركەوتن و شكستا هەر یەك كەس خاوەنی نابێت .

بارزانی و فەیلەیەكان و كوردانی ناوشارەكانی عێراق:
ئێستا لە هەر كات زیاتر پێویستە بارزانی لە گەڵ كوردە فەیلیەكان و نوێنەری كوردە فەیلیەكان و كوردەكانی دانیشتوی بەغداو بەسرەو كوت و شوێنەكانی تر كۆبێتەوەو قسەو باسی ئەو چارەنووسەیان لە گەڵ بكات ، ئایە چارەنووسی ئەوان بە كوێ‌ دەگات،  چیان بەسەر دێ‌ ، حكومەتی عێراقی چۆن هەست و كەوتیان لە گەڵ دەكات ، من تێناگەم بارزانی چۆن بێ‌ دانیشتن لە گەڵ ئەوان ، چۆن بێ‌ گوێ‌ گرتن لەوان هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت ، ئایە ئایندەی ئەوان چۆن دەبێ‌ چ ڕێ‌ و شوێنێك دەگیرێتە بەر لە ئەگەری بە رێوە چوونی ریفراندۆما ، پشتگوێ‌ خستنی زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی كورد ، بە هیچ شێوەیەك ناكرێ‌ هەڵوەستەی لە سەر نەكرێت ، بە تایبەتی كوردانی فەیلی كە لە رابردودا زۆرترین ستەمیان لێكراوەو لە سەر كورد بون  جینۆسایدكراون و ئازاری زۆریان چەشتوە ، هەروەها لە رابردودا لە شۆڕش و بە گژاچونەوەو بزوتنەوەكانی كوردا قوربانی زۆریان داوە ، رەنگە نمونەیەكی وەك لەیلا قاسم بەس بێ‌ بۆ ئەوەی بارزانی فەیلێكان بە تەنیا جێنەهێلێت .
ئەگەر بارزانی بیەوێت لە ئازارو كێشەی كوردە فەیلیەكان بگات من ئێستا دۆسیەیەكی گەورەی ئەوانم لە بەردەستەو ئامادەم بۆبارزانی و راوێژكارەكانی بنێرم ئەگەر بیانەوێت ،راستی ئەگەر بارزانی سورە لە سەر ریفراندۆم و ئەو كارەیشی بۆ دروستكردنی دەوڵەتە ، دەبێ‌ بەر لەوە كار بۆ چارەسەری كێشەی كوردەكانی بەغداو شوێنەكانی تری عێراق بكات ، بە تایبەت ئەو كوردانەی لە پارێزگای كوتن و لە بەلەدروزو بەدرەو جەسان دادەنیشن و لەوە ناچێ‌ ریفراندۆم لە ناوچەكانیان بكرێت .

ریفراندۆم گێژاوە یان دەرچە: 
دوا قسەی من لەم نوسینەدا هەڵوەستەیە لە سەر ریفراندۆم ، كە ئایە دەرچەیە یان گێژاو ، من هەست دەكەم خودی بارزانی خۆیشی نازانێ‌ چارەنوسی باشوری كوردستان دوای ئەو هەنگاوە چی دەبێت ، ئاخۆ بەو هەنگاوە باشوری كوردستان ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە چەند شوێن و ناوچە لە دەست دەدەین ، كە ئەمجارە خۆمان هۆكارین بۆ لە دەستدانیان نەك داگیركەران و ستەمكاران ، من بۆ هەموو ئەو نیگەرانی و مەترسیانە بەردەوام دەبم لە نوسین و رەخنە كردنی بارو دۆخەكە ، ئەمەش بەنەك لەبەر ئەوەی دژی ریفراندۆمم ، یان بە نەخێر دەنگ دەدەم ، لەبەر چارەنووسی باشوری كوردستان كە رەنگە بخرێتە گێژاوەوە ، ئاخۆ ئەگەر بارزانی لە بری ریفراندۆم لە رۆژێكی دیرۆكیدا لە سەر قەڵای كەركوك پاش رونكردنەوەی تەواوی بارو دۆخی كوردستان و ستەمكاری دەسەڵاتدارانی هەمیشەیی عێراق ، بە ئامادە بوونی هەموو لایەنە كوردیەكان و كونسڵگەری و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری دروستكردنی دەوڵەتی كوردی دابا گەورە تر نەبوو ، وەك ئەوەی ئێستا بەشێكی زۆری باشوری كوردستان دەخاتە بەردەم بڕیاری لە گەڵ یا لە دژی پێكهاتەكانی تر بە تایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەكان . 


20/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر