فرمێسكی خەڵك و بزەی بەرپرسان

لەتیف فاتیح
لە كۆچی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانیشدا خەڵكانێكم بینی بە كوڵ دەگریان ، ئەوان هەرگیز ئەوانە نەبوون ، كە لە ژیاندا دوو جار بە قسە تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایان دیبێت ، هەرگیز گریانەكەشیان بۆ دەسكەوت و مەرایی و شتی تر نەبوو ، گریانێك جگە لە راستگۆی هیچی تری تیا بە دیناكرا ،مەرگی تاڵەبانی وەك مەرگی نەوشیروان مستەفا بە سوێ‌ بوو ، بۆ ئەو خەڵكەی لە دوای مەرگی سەركردەو سەرۆكەكانەوە درك بە تەنیای دەكەن ، هەست دەكەن ئیدی ناخوداكە كاپتنی نیە ، ئەوان گریانەكەیان قسەو باسی زیاتر هەڵدەگرێت ، ، ئەوان وەك بەرپرسەكان  تاجە گوڵینە دانان ، لێ‌ لە ناخەوە خودا حافیزی لە سەركردەكانیان دەكەن ، رۆژی كۆچكردنی سەركردەكان رۆژی لە بیر چوونەوە یان فەرامۆش كردنی هەڵەو كەموكوڕیەكانە ، لەوێدا كەس بیر لەو هەموو نادادیە ناكاتەوە ، راستی ئەمە لە ئاكارەوەیە یان هەر هۆیەكی تر ، ناكرێت بە كەم سەیر بكرێت .
لە پێشوازی روفاتی تاڵەبانیدا ئەوانەی تا لە ژیاندا بوو لێیان خوارد نیو هەندی ئەوانە خەمبار نەبوون كە لە ژیاندا رێكنەكەوتوە تاڵەبانی ببینن، ئەوانەی دەگریان ئەوانە بوون كە هیچ نەبێت بەو گریانە هەندێك لە ئازاری ئەم ژیانە بشۆنەوە ، ئەوانی تر كە وێنەیان دەگیراو گوڵیان دادەناو دور تر سێڵڤیان دەگرت و بە چپەشەوە بۆ یەكتر بزەیان دەكرد ، ئەوانە بوون كە هەر یەك بە جۆرێك لە ژیاندا تاڵەبانیان ئازار داوە ، یان لێیان خواردووە، یان تووشی هەڵەو پەڵەیان كردووە ، ئیدی چیرۆكەكە دورو درێژە .
 ئێستا تاڵەبانی چووە جێی خۆی ، لێ‌ كوڕو هاوسەرو برازاو كەس و كاری ماون ،با ئەوان بزانن كە خەمخۆری راستەقینەی تاڵەبانی و فرمێسكی هەقیقی هی ئەو خەڵكە بوو، كە بە درێژای دەیانكیلۆمەتر بە پێوە وەستابوون ، نەك هی ئەوانەی  رۆیشتنە باشترین چێشتخانەكان و سەعاتێ‌ دواتریش وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت كەوتنەوە پاشقولدان لە یەكتر ، كوڕو هاوسەرو برازاو كەسەكانی ئەگەر مامجەلالیان دەوێت با لای ئەو خەڵكە هەژارە دڵسۆزە بگرن و لانی كەمی وەسیەتەكانی لە واژوەكەی دەباشانەوە بێننە دی ، نەك ئەوەی بە بێ‌ هۆ ویستیان مام و كاكە نەوە بكەنە نەیاری یەكترو گرەویان لەسەر تێكچوونی پەیوەندیەكە دەكرد ، باشە كە مام بڕوای بە بنەماڵەو خێڵ و عێل و خێزان نەبوو لە دەسەڵاتا ، بائەوە بكەن ، كە بڕوای وابوو رێكەوتنی ستراتیژی بە زیانی یەكێتی كۆتای هات ، لانی كەم لەو ڕووەوە كە كارەكتەرە سیاسیەكانی یەكێتی لای پارتی ئامێزیان بۆ دەكرایەوە ، با كۆتای بەو رێكەوتنە بێنن و كێشەكانی ناوخۆیان چارەسەر بكەن ، ئێ‌ با یەكێتی بكەنەوە چەپكە گوڵەكە . 
من پێشتریش بڕوام وابووە مام جەلال نابوو هەندێك كێشەو گرفتی بدایەتە دەست زەمەنەوە ، نابوو كەچووە بە غدا لە یەك خول زیاتر سەرۆككۆمار با ، نابوو كەچوو كوردستانی بەو جۆرە جێهێشتبا ، بەڵام خۆ دەكرێت ئەوانی  دوای خۆی كێماسیەكان چاك بكەنەوە .
 مام جەلال رۆیشت ، ئەو شێوازی دانانی تاجە گوڵینەو رێكخستنی مەراسیمە پێویستی بە وردە كاری زیاتر بوو ، چ لۆ ژیكێكە لە ریز بەندیدا سەرۆكی پارلەمان بخەیتە دوای وەزیرێكەوە ، ئەو كێماسیانە  جۆرێكە لە نەزانین و نەنگی ، دواتر زۆر ئاسای بوو ئاڵای عێراقیش وەك ئاڵای كوردستان بەسەریەوە بوایە ، تاڵەبانی زیاتر لە 10 ساڵی دوای روخانی بەعس گرنگترین كەسایەتی عێراق  و كوردستان بووە ، چۆن دەكرێت هەڵەی بەو جۆرە بكرێت .
تاڵەبانی بەردەوام باسی چەند شتێكی دەكرد " نان و ئازادی ، خانوە قوڕەكان ، چەپكە گوڵەكە "  بۆ حزبەكەی گرنگە ئەم پەیامانە بكاتە كردار ، بە تایبەت لە جیاكردنەوەی لە خەڵك لە مردنیدا هیچ خزمەتێك بە مام نەكرا ، من ئومێدم ئەوەیە رۆژێك بێت روفاتی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا ، تاڵەبانی و برایم ئەحمەد لە یەك شوێن و بە تەنیشتی یەكەوە بنێژرێنەوە نەتاڵەبانی و نە نەوشیروان مستەفاو نەبرایم ئەحمەد بڕوایان بەم جیاكاری و دابڕانە نەبووە لە خەڵك .


12/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر