پرسی كەركوك و نەتەوەگەری كوێرانە

لەتیف فاتیح
با وا دابنەین 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتەو ئەو ناوانە پێی هەستاون كە هەندێك مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتی بە گشتی بەردەوام ناویان دێنن ، ئەو چەند ناوەی پارتی و مەكتەب سیاسیەكانی یەكێتی ناویان دێنن ، دەتوانن چەند فەرماندەی سەربازی و پێشمەرگە فریووبدەن ، باشە لە دۆخی ئاوادا ئەی سەرۆكی هێزە چەكدارەكان لەكوێبوو ، ئەی وەزارەتی پێشمەرگە چی كرد ، ئەی رۆڵی پەرلەمان و لیژنەی بە دوادا چوون ، ئاخۆ هەموو ئەمانە دەرەقەتی چەند ناوێكی كەم نەهاتن، یان ئەسڵ بانگەشەی خیانەتەكە درۆیەكی گەورەیەو دەیانەوێت شكستەكەی ریفراندۆمی پێ‌ بشارنەوە ، با هەندێ‌ پرسیاری ئاسایی بكەین :
یەكەم :ئەگەر ئەو گروپە كەمە ئەوەندە خیانەت باز بوون توانیتیان پێشمەرگەو كەركوك و كۆی ناوچە دابڕێنراوەكان بفرۆشن ، بۆ ئەوانی تر شەڕیان نەكرد ، بۆ هێزەكانی پارتی شەڕیان نەكرد ، خۆ پارتی لە هاڤاناو بای حەسەنی دەخوارد ، بۆ پارێزگاریان لە دەسكەوتەكان نەكرد، دواتر ئەی ئەو هەموو ئاسایش و پۆلیسەی پارتی ، ئەو هەموو دام و دەزگا چەكدارە ، ئەو هەموو ناوچەو رێكخراوو كۆمیتەو شتە، ئەوان بۆ هیچیان نەكرد .
دووەم : بۆچی تا ئێستا پارلەمان و داواكاری گشتی شكات لەو گروپە بچوكە ناكەن و نایانخەنە زیندانەوە ئەگەر خیانەتیان كردووە ، خۆ ئەگەر وانیە بە راستی شەركە ئەوەندە باسی خیانەت و ئەو شتانە بكرێت بۆ چەواشە كردنی ڕای گشتی كوردستانی باشور .
سێیەم : ئەوە كەركوك فرۆشرا ، ئەی شەنگال و مەخمورو دەشتی نەینەوا بۆ ؟.
دانەنان بەوەی ریفراندۆم كاتی نەبوو ، كرایە پرسێكی كەسی ، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو ، هەڵگەڕانەوەبوو لە كۆی دۆستەكان شەرمێكی گەورەیە ، ئێمە لێرە دەمانزانی ریفراندۆم چ كارەساتێك درووست دەكات بۆ سەرەوە دركیان پێنەكرد ، هەڵبەت تا شەوی 24لەسەر 25ی مانگی ئەیلولی 2017 ش لامان وابوو سەركردایەتی كورد لەو شێتیە پاشگەز دەبێتەوەو ئەوە ناكات ، ئێمە بڕوامان وابوو سەركردایەتی ریفراندۆم میلەتەكەی خۆی بە گورگان خوارد نادا ، دای .
ئەوەی روویدا هەموی بووبە رابردوو ، ئێستا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانمان داوەتەوە دەست حكومەتی عێراقی ، لە هەرێمیش توانای پێدانی موچەنیە ، بە كردەوە ئەم دەسەڵاتە كۆتای هاتووە ، بەڵام ئامادە نیە بڕوات ، هیچ چارەسەرێكیشی پێنیە ،كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان " كە لە دەستوری عێراقیدا بە ناوچەی كێشە لەسەر " جێ‌ ناكۆك " ناسراون لە بارێكی ناجۆردان ، لە دۆخی ئاوادا وەرگرتنی ئەزمون لە رۆژئاوای كوردستان نەشەرمە نەكێماسی ،لە بری هەرای خیانەت و شتی لابەلا وەرن ئەزمونی  كانتۆنەكان بگوازنەوە بۆ بەشداری و پێكەوەیی ، واتە وەرن هاوبەشی گەلان و پێكەوەیی دروست بكەن ، واز لە نەتەوە گەری كوێرانە بێنن ،بەوەی كەركوك هەر دەبێت شاری نەتەوەیەك بێت و ئەوانی تر لە خزمەتیا بن ، با كەركوك و ئەو ناوچانەبكەینە شاری هەموو نەتەوەكان پیادەی هاوسەرۆكی هاو پارێزگاری پێكەوەیی بكەن ، ئەوە رێگە راستەكەیە دیمكراتیەتی گەلان ، نەك تێكبەردانی گەلان .
لە دەرەوەی نەتەوە گەری كوێرانەدا كە بە نیازین لە كۆڕێكدا قسەی زیاتری لە بارەوە بكەین ، دەكرێت كورد و توركمان و عەرەب و كلدۆ ئاشوری شارەكە و ناوچە فرە پێكهاتەكانی تر بیر لە رێگەیەكی دروست و مرۆییانە تر بكەنەوە ، شوناسی مرۆیی بوون ، هاووڵاتی بوون ، زاڵكەن بەسەر شوناسی نەتەوەیدا ، كە عەرەباندن و ، تاراندن و بەعساندن و لێسەندنەوەی ناسنامە بەرهەمی ئەو شوناسە كوێرانەیەن .


12/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر