كە بارزانی قسەی باش دەكات

لەتیف فاتیح

لە یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بارزانی لە هەولێر قسەی كرد ، لە نێو قسەكاندا قسەی باش ، كە هەر جار هەرسەرۆكی حزبێك یان سەركردەیەك قسەی باش بكات ، خەڵك بە گشتی بە یارو نەیاری ئەو حزبەوە پێیان خۆشەو هیوای ئەوە دەخوازن لانی كەم ئەندامان و سەركردایەتی و بەرپرسانی حزبەكە بە قسەی بكەن .

بارزانی باسی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی كرد ، لە راستیدا ئەمە زۆر باش دەبێت ، ئەگەر لاپەڕە تازەكە لە لایەن پارتی خۆیەوە لە كەدار نەكرێت و سنورێك لە نێو خۆی حزبەكەدا بۆ ئەوە دابنرێت كە هەر كەس هەستاو قسە نەكات ، هەر ئەمڕۆ كە بارزانی ئەوە دەڵێت ، هێمن هەورامی پێچەوانەی دیموكراسیەت و فرەیی قسە دەكات و پێی وایە فرەیی هۆكاری تێكچوونی بارو دۆخی سلێمانی بێت " ئەگەر شتێك هەبێت بە ناوی تێكچوون " وەك ئەوەی هەولێرو دهۆك دووبەیی و شاریقە بن ، دەڵێت بە دەنگدانی خەڵك بە پارتی سلێمانی لەو فرەییە رزگاری دەبێت ، بێئاگا لەوەی پێچەوانەی فرەیی ستەمكاری و دیكتاتۆریەتە .

لە رۆژنامەیەكیشدا هیوا ئەحمەد پێچەوانەی هەڵدانەوەی لاپەڕەی سپی قسە دەكات ، هیوا ئەحمەدو هێمن هەورامی دوو كارەكتەری سەرەكی پارتین .

بارزانی داوای ئەوەشی كرد كە هەموولایەنەكان پێكەوە بچنە بەغدا ، ئەمەش قسەی باشە ئەگەر سیاسەتی باوك و فرزەندانە ، دەرەبەگ و مسكێنانە،  لە سیاسەتا پەیڕەو نەكرێت ، بۆ ئەمەش دیسان بە رلە هەر لایەنێك دەبێ‌ ئاراستەی قسە كردنی بارزانی بۆ ئەندامەكانی حزبەكەی خۆی بێت ، كە هەمیشە هۆكاری تێكدانی پەیوەندیە باشەكەن ، ئەوەی بارزانی هیوای بۆ دەخوازێت ، من نازانم بارزانی دەزانێ‌ چی دەگوزەرێت لە وڵات یان نا ؟.

قسەی باشی بارزانی دڵنیایی دەدات بە خەڵك ئەوەش گرنگە ، هەڵبەت كە باسی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد دەكات ، دەبێت لەوە بپرسێت ، هۆكاری هەڵبژاردنی پیس چیە ، ئاخر هەر ئەمڕۆ هەواڵێك باسی زیاتر لە  30 %ی ناوی دەنگدەرانی دووبارەو باكوری و شتی دیكەی پارێزگای دهۆك دەكات ، ئاخۆ هەق نیە بارزانی لەوە بپرسێت ئەگەر شتی واهەیە ئەمە بۆ ، خۆ كورسیەكانی دهۆك هەمیشە زۆرینە یان هەموویان بۆ حزبەكەی ئەون ، قسەی باش هەنگاوی باشی دەوێت .

بارزانی باسی پێكەوەیی پارتی و یەكێتی كرد، هەردوو بە یانەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە زمانی نوسینەكەی دیار بوو كێنووسی بووی ، هەروەها سەرۆك كۆمار كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیە ،دوو بارە لیپن لە باسی پێكەوەیی و یەك هەڵوێستی ، كەچی یەك رۆژ پێش قسەكانی بارزانی مەكتەب سیاسیەكانی باسی خیانەتی 16ی 10ی 2017 ەیان دەكرد بێگەڕانەوە بۆ پەلە پڕوزێی ریفراندۆم .

خۆزگا بارزانی ئەم بۆنەیەی بكردایەتە سەرەتایەك بۆ گەڕانەوەی پارتیەكانی نێو حكومەتی كەركوك بۆ شارەكەیان و چارەسەری كێشەكان لە تەك ئەوانی تردا ،ئەگەر كەركوك داگیر كراوە ، خۆ موسڵ و شەنگال و جەلەولا ش هەر وەسایە ئەی بۆ پارتی بەر پرسەكانی لەو شوێنانە هێشتوەتەوە و لە كەركوك نا ، یان بەرپرسانی پارتی  دڵەكەی كوردستانیان توڕداوە .


17/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر