یان فرە بازنەیی یان تەسلیم بوون

لەتیف فاتیح

1
دۆڕاوی سەرەكی هەرێمی كوردستان یەكێتی و گۆڕانن ، ئەگەر هەموو حكومەتیش ئەو دوو حزبە دروستی بكەن ، براوەی سەرەكیش لە یاریەكە پارتیە ، ئەگەر هیچیش وەرنەگرێت ، دەی دیارە ئێستا یەكێتی و گۆڕان بە هەردوو كیان 12 كورسی لە پارتی كەمترن ، كوردیش گوتویەتی گوێز بە ژمارە مایەی دیارە ، پارتی هەر 45 كورسی نیە ، ئەو 11 كورسی كۆتاشی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاكردوەتەوە ، كورسیەكەی كاكە حەمەش هەموو جارێك هی ئەوە ، لە هەر دۆخێكی پێویستیشا پارتی دەتوانێ‌ لە یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوش كورسی بۆ بەرژەوەندی خۆی یەكلای بكاتەوە ، یانی براوەی سەرەكی پارتیە ، نەك ئەوەی لیژنەی دانوستانی یەكێتی یان گۆڕان كورسیەك وەزارەتێك زیاد یان كەم وەربگرن لە یەكتر ، هەڵبەت لە دۆخی بەو جۆرەدا ئەوە هەر پارتیشە دەتوانێت بە ویستی خۆی كێ‌ بكاتە ئۆپۆزسیۆن و كێ‌ بكاتە دەسەڵاتدار ، ئێستا زانیتان ئێوە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەتان بە چ دەردێك بردووە .
2
یەك بازنەیی هەڵبژاردن ، وای كردوە دەنگێك لە كوڵە جۆ دواتر لە بەرژەوەندی كاندیدێكی دهۆك تەواو بێت ، ئێمە كە باسی فرەبازنەیمان دەكرد مەسەلە كە ئەوە یە كە دیموكراسی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە لە یەك بازنەیداو مافی زۆرینە دەبێتە قوربانی، چ لۆژیك و ئاوەزێكە 111كورسی بە بێ‌ بەرنامەو لە یەك بازنەدا دابنرێن و هیچ پارێزگایەك قەبارەی خۆی نەزانێت لانی كەم بە پێی رێژەی دانیشتوان ،نەك بە پێی رێژەی ئەوەی كێ‌ دەڕوات بۆ دەنگدان و كێ‌ ناڕوات ، رونتر ئەگەر ئێمە بە پێی ئەو چوار پارێزگایەی هەرێم و بە گوێرەی دانیشتوان كورسیەكان دابەشبكەین ، بۆنمونە هەر یەك لە هەولێرو سلێمانی 30 كورسی و دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە 15 كورسی ئاخۆر دۆخەكە هەر بەم جۆرە دەبێت ، یان لەو دابەشكردنەدا دادگەری تەواو هەیە ، هەڵبەت كۆتاكانیش پێویستە بە پێی رێژەی پێكهاتەكان بێت ، بۆنمونە بۆ هەر 15 هەزار كەس كورسیەك دابنرێت نەك هەبێت بە 250 دەنگی تایبەت دەربچێت و هەر 250 كەسەكەش كوردو سەر بە لایەنێكی سیاسی بن .
3
مەسەلە ئەوە نیە پارتی یەكەمە ، یان حزبێكی تر ، مەسەلە دیموكراسیەت و فرەییە ، ئەم دۆخەی ئێستاو چوار ساڵی ئایندە بەم جۆرەی ئێستا زۆر خزمەتی دیموكراسیەت و پێكەوەیی ناكەن ، بۆیە ئەگەر لایەنێكی تریش بیەوێت بەو جۆرە ئەوانی تر قوت بدات و بێ‌ ئەرزشیان بكات هەمان رامان هەیە .
كێشە ئەوەیە گۆڕان و یەكێتی لە هیچ پەیام و زمانێك ناگەن ، لەو زمانە نەبێت كە خۆیان و بۆ خۆیان قسەی پێدەكەن ، زمانی چۆنێتی بۆڕدانی یەكتر ، قسەكانی ئەم چەند رۆژەی نێوانیان زۆر بە ڕوونی ئەو راستیە دەسەلمێنن.


08/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر