رۆژگارێكی ناخۆشمان تێپه‌ڕاند ، رۆژگارێك كه به‌شی زۆری خه‌مخواردن بوو له كورد خاوه‌نی ، ئه‌وه‌ی به درێژای دیرۆكی ژێرده‌ستی ئه‌وانی تره‌وه خه‌ونمان پێوه بینیه‌وه ، خه‌ون بینین به كورد خاوه‌نیه‌وه ،به‌ڵام ئه‌و سته‌م و نادادیه‌ی له سه‌رده‌می خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی كوردستان له كورد كرا ، ره‌هه‌ندێكی گه‌وره‌ی خسته نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵاته‌وه ، ئه‌وه‌ش پهیوهستهكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی تاڕاده‌یه‌كی زۆر كاڵكردهوهو هه‌ر نه‌یهێشت .
پارتی و یه‌كێتی ئه‌و دوو حزبه‌ی كه ئێمه به‌رده‌وام ره‌خنه‌یان لێده‌گرین و خوازیاری ئه‌وه بووین حوكمێكی رهشیدو جوامێرانه‌ی میله‌تیان كردبا ، ئه‌زمونی تاڵی خیانه‌ت، هێنانی ده‌ستی دوژمن ، شه‌ڕی خۆبه‌خۆو به كوشتدانی هه‌زاران لاو ، پاشقولهیهكدان و گه‌نده‌ڵی و نادادیان گه‌یانده چڵه پۆپه‌و هیولو ئومێدی مرۆڤی كوردیان كوشت .
له نێو ئه‌و بار‌و دۆخه‌دا ئه‌وان پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تیان وه‌ك خه‌ونی شاعیرانه‌و قومار وێنا كرد‌و هه‌ره زۆری مرۆڤی كوردیان له خۆدهوڵهتی و خۆ خاوه‌نی ته‌وه‌لاو نیگه‌ران كرد ، چیرۆكی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له نێو ئه‌و زبڵ و زاكهدا كه تێیدا نه‌ته‌وه‌ی كورد باجی قورسی دا بوبه تراویلكهو میله‌تیشی به راده‌یه‌ك له به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاند ، كه هه‌موو ئه‌و بونیادنانه‌ی شاعیران و رۆشنبیرانی كورد له رابردودا ، له رۆژنامه‌ی كوردستانه‌وه تا چركه ساتی راپه‌ڕین كاریان له سه‌ر كردبوو بووبه بڵقی سه‌ر ئاو ، دابه‌شكردنی نه‌ته‌وه به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیای دژبه‌یه‌ك و هه‌ڵمه‌تی رێگری كردن له دروستبوونی نه‌ته‌وه هه‌موو ئه‌و په‌یامه باق و بریقه حزبیانه‌ی له 1961ه‌وه تا 1991ده‌درا به گوێی مییلهتای به تاڵكردهوهو كردنی به درۆیه‌كی گه‌وره .
له 1961ه‌وه تا 1991 جوتیارو وه‌رزێری كورد ئاره‌قی رشت ، قوربانی دا ، پاروی ده‌می خۆی به خشی به كوڕه‌كانی چه‌ك و خوێن ، به‌و كوڕانه‌ی ده‌یانگوت ئه‌مه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین " شۆڕشی رزگاری نیشتمانیه "، كه‌چی هه‌ر ئه‌و جوتیاره دوای سی ساڵ له خۆ خاوه‌نی " حزبخاوهنی " 1991به‌هاری تا پایزی 2020 هێشتا بهلهنگازو ده‌ربه‌ده‌رو بێڕێ و شوێنه .
خۆخاوهنی و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری كه سه‌دان شاعیری وه‌ك خانی ، نالی ، سالم و كوردی و حاجی قادر‌و بێكه‌س و ئه‌سیری و قانع و هتد خه‌ونیان پێوه ده‌بینی و گۆرانیان بۆ ده‌گوت نه‌یتوانی كه‌مترین بزه بخاته سه‌ر لێوی ئه‌و دایكانه‌ی كوڕهكنیان به خشی به ئازادی ، شه‌ست ساڵی رابردوی كورد له باشوری كوردستان به تایبه‌تی و هه‌موو كوردستان به گشتی پێویستی به توێژینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد‌و هه‌مه لایه‌نه‌یه ، ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه بۆچی كورد ناتوانن پێكه‌وه خۆ خاوه‌نی بكه‌ن ، ئایه كورد خۆی یان خه‌ڵكی تر له پشت تێكدانی پهیوهندیهكهوهن ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ترن هۆچیه كورد ناتوانێ خۆی بێت .
ئاوه‌زی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كوردی له هه‌رێمی كوردستان له رابردودا به جۆرێك كاری كردووه، كه چۆن مرۆڤی كورد رقی له خۆی بێت ، چۆن مرۆڤی كورد حه‌زی ئه‌وه‌ی لادروست بێت ئه‌وی تر به‌ڕێوه‌ی به‌رێت و حاكمی بێت ، به‌مجۆره مرۆڤی كورد كراوه به مرۆڤی نه‌فره‌تی خۆیی بون و نه‌فره‌ت ده‌وڵه‌تی .