فێڵ لە خەڵک مەکەن!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
 خوێنەری بەڕێز بۆ بەرچاوڕونیتان. بە پێی قانونی ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢، قانونی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی وەزیران بەرامبەر بە پەرلەمان، بە شێوەی پێکەوەییە (تەزامونی) یە. واتە هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وەک یەک لە ئاست سیاسەتی گشتی حکومەتەکەدا بەرپرسیارن. رونتر لە چوارچێوە گشتیەکەدا، لە پرسێکی گرنگی وەک سیاسەتی نەوت، یان هەر بوارێکی تردا، بە چاک و خراپەوە، چەندە ئاشتی هەورامی و نێچیرفان بەرزانی بەرامبەر بە پەرلەمان بەرپرسیارن، هێندەش جێگرەکەی و وەزیرەکانی سەر بە هەمو لایەنەکان بەرپرسیارن. هەفتەی رابردو ئاشتی هەورامی بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و هەمو وەزیرەکان دو ملیار دۆلاری دۆڕاند، لە دوای ئەو دۆڕانەوە لە سەر ئاستی میدیاو تۆڕ کۆمەڵایەتیەکان، روی هێرش و رەخنەکان تەنها لە سەر ئاشتی هەورامی و نێچیرفان بەرزانی و پارتیە.

 واتە تەنها بەشێک لە لایەنی بەرپرسیار روبەروی هێرش و رەخنە بویەوە، بەشەکەی تر خەریکە وەک بەرزەکی بانان و وەک پاڵەوان بۆی دەردەچێ. بێگومان پارتی و بەشەکەی لە حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیاری یەکەمی تەواوی ئەو نەهامەتی و قەرزو شکست و گەندەڵیانەن کە روی لەم هەرێمە کردوە، بەڵام لایەنەکانی تریش مادام بەشێکن لە حکومەت، بە پێی قانون، بە قەبارەی خۆیان لەم قۆناغەدا بەرپرس و بەشداری شکت و دۆڕانەکانن. لە راستیدا، پارتی جارێک تاوانبارو بەرپرسیار بێت لە ئاست ئەم هەمو زوڵم و ستەمەی کە لەم قۆناغەدا روی لەم وڵاتە کردووە، ئەوا لایەنەکانی تر دو جار تۆمەتبارو بەرپرسیارن، چونکە لە لایەک لە حکومەتەکەدا شەریکێکی راستەقینەن و، بۆ ئەوەی پۆست و بەرژوەندیەکانیان نەکەوێتە بەردەم مەترسی، ئامادە نین لە ژێر هیچ بیانویەکدا هەڵوێست لە سەر شکستی حکومەتەکەیان ورە بگرن، لە لایەکی ترەوە فێڵ دەکەن و ئەمانیش وەک هەر کەسێکی تر رەخنە لە سیاسەتی نەوت و بێ موچەیی دەگرن و، دەیانەوێ وای پیشان بدەن کە ئەوان هۆکاری کێشەکان نین و تەنها ئاشتی هەورامی و پارتی بەرپرسیارە. کورد وەتەنی ئەگەر پارتی تەنها حەزی لە مێوژ بێت ئەوا لایەنەکانی تر حەزیان لە خورمژە. لە ئاست ئەو هەمو قەیرانەی کە لەم کاتەدا کەڵەکە بووەو، پەرلەمان و حکومەت ئیفلیج کراوە، لایەنەکانی تر کاتێک دەتوانن خۆیان لە ملهۆڕی و سیاسەتەکانی پارتی و ئاشتی هەورامی بێ بەری بکەن و ئەستۆ پاکی خۆیان پیشان بدەن، کە لە روی قانونی و سیاسی و ئەخلاقیەوە هەڵوێستی رۆشن و فعلیان هەبێت. کە ئەمە ناکەن دەبێت بزانن ئەو سیاسەتە ناچێتە سەر، کە لە گەڵ گورگدا گۆشت بخۆن و لە گەڵ مەڕیشدا شین بکەن. کار وا بڕات بە چاوی نەوت و نێچیرفان بەرزانی و ئاشتی هەورامی تەماشای ئێوەش دەکرێت.
 


04/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر