لە بەغدا بینیمان، شەڕە قورسەکە لە هەولێرە؟

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
پاش هەوڵدانی فراکسێۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ، توانرا دەقی مادەیەک لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دابنرێت، بە جۆرێک حکومەتی هەرێم ناچار بکرێت رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێم و کەرکوک بە بەغدا بدات، لە بەرامبەردا بەغدا ١٧% بودجە رەوانەی هەرێم بکات.
هەروەها ئەوەش بۆ دەقەکە زیاد کراوە کە هەر لایەنێک واتە بەغدا یان هەولێر لە حاڵەتی پابەند نەبونی لایەنەکەی تر، بۆی هەیە پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببات.
بەڵام وا هەست دەکەم پەنا بردن بۆ دادگای فیدراڵی ناتوانێ لایەنەکان ناچار بە جێبەجێکردنی ئەو دەقە بکات، چونکە نە لە یاسای بودجەداو نە لە هیچ یاسایەکی تردا هیچ سزایەک دیاری نەکراوە بۆ ئەو لایەنەی کە پابەند نابێ بە یاسای بودجەوە. 
بۆ نمونە لە پێرێوە بە ناو حکومەتی هەرێم دوو بەیانی بڵاو کردوتەوە لە هەردوکیاندا بە راشکاوی دەڵێت پابەند نابێ بەو ماددەیەی کە لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە، واتە هەر لە ئێستاوە بڕیاری داوە نەوتەکە رادەستی بەغدا نەکات. کەواتە لەم حاڵەتەدا با دادگای فیدراڵیش بڕیار بدات کە حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە. بەڵام بڕیاریکی لەم جۆرە قیمەت و کاریگەری چیە؟ بێگومان هیچ. 
دەکرا سزای ئەوە لە سەر حکومەتی هەرێم دابنرێ ئەگەر پابەند نەبێ بە ناردنی بڕە نەوتی دیاریکراوەوە، ئەوا دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نهێنیەکەی نێوان تورکیاو پارتی هەبێ، یاخود دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە شارەوەکانی تری بواری نەوتی لە هەرێم هەبێ، یاخود دەسەڵاتی ئەوەی پێ بدرایە کە لە ریگەی دەسەلاتی جێبەجێکردنەوە توانای رێگری دزینی نەوتی هەرێم و کەرکوک بکردایە.
بۆ ئەوەی هەوڵەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ لە چوارچێوەی بابەتی تیۆری بگوازرێتەوە بۆ بواری کرداری ئەوا پێویستە ئەو سێ لایەنە لە سەر ئاستی حکومەتی هەرێمیش هەڵوێستی کرداریان هەبێت. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە سەر بە یەکێتیە لە گەڵ وەزیرەکانی تری یەکێتی و کۆمەڵ گوشاری جدی لە سەر حکومەتەکەی نێچیرفان بەرزانی دروست بکەن بۆ ئەوەی بڕە نەوتی دیاری کراو رادەستی بەغدای بکا، خۆ ئەگەر ئەمەی نەکرد ناکرێت بێ دەنگی بکەن لە پێشێلکاریەکانی حکومەتەکەی نێچیرفان بەرزانی.
بۆیە وێڕای دەسخۆشیم بۆ کارەکانی ئەو لایەنانە لە بەغدا، کاتێک دەتوانین لە جدیەتی ئەو هەنگاوەی بەغدایان دڵنیابین کە لە هەرێمیش هەڵوێستی کرداری و راشکاویان هەبێ.
هەر چەند هەفتەیەکی تری دەوێت بۆ ئەوەی بزانین ئەوانەی لە بەغدا دژی سیاسەتی نەوتی پارتین، ئایا لە هەرێمیش هەمان سیاسەتیان دەبێت، یان دیسان لە هەرێم دەکەونەوە شوێن سیاسەتی نەوتی پارتی، کە دزینی نەوت و برسی کردنی خەڵکە.

05/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر