حیزبێکی نوێ یان کلتورێکی نوێ؟!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

بەشی (١)

 ئەزمون و مێژوی حیزبایەتی ئێرە، دوبارەبونەوەی کۆمەڵێک جوڵەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی لەیەکچووە. تا ئێستا دەرئەنجامی هەمو پرۆژە سیاسیەکان گەواهیدەری ئەو ئەو راستیەن، گەر لە سەرەتای هەریەکەشیاندا نیازو خواستی پەیڕەوکردنی مۆدێلێکی جیاواز هەبوبێ، بەڵام سەرئەنجام تازەترینیان لە روی ناوەڕۆک و هەڵوێستەوە هەڵگەڕاوەتەوەو بووەتەوە بە وێنەکی خراپتری ئەسڵەکە!

سەرنج بدەن؛ زۆرینەی حیزبەکان وەک یەک باوڕیان بە جێبەجیکردنی دەستورو پەیڕەوی ناوخۆو ئەنجامدانی کۆنگرە لە کاتی خۆیدا نیە، باوڕیان بە بنەماکانی چاودێری و لێپرسینەوەو پاداشت و سزا نیە. سەرچاوەی داراییان ناشەفاف و تێوەگلاو لە گەندەڵین. خاوەن سەرکردایەتیەکی داسەپاوی ناشەرعین. لە تەنیشتی ئۆرگان و دامەزراوە فەرمیەکانی حیزبدا سەرچاویەکی بەهێزتری بڕیاریان هەیە، کە خۆی لە خێزانی سەرکردە سیاسیەکانەدا دبینێتەوە. موڵکی حیزب، پارەی حیزب، میدیای حیزب، پەیوەندیەکانی حیزب هەمو لای کوڕانی بنەماڵەکانە.

وەک یەک باوەڕیان بە بونی دامەزراوەی حکومڕانی شەرعی و بە هێز نیە، ئەشێ لە سەروبەندی هەڵبژاردندا بانگەشەی چاکسازی و گۆڕانکاری بکەن، وەلێ کاتێک پێیان ناکرێ، ئیدی دەبنە شەریکی سیستەم و ستەم. وەک یەک توانای کردەی ستراتیجیان نیەو قەزیەی ئینسانی و نیشتیمانیان نەماوە، سەرکێشی و یاری بە چارەنوس و هیواو رەنجی دەیان ساڵەی میللەتەکەیانەوە دەکەن، بەردەوام درۆ و چەواشەکاری دەکەن. چاپولوسی، قسەکردن بە دڵی کەسانی خاوەن پێگەی حیزب، بێ هەڵوێستی و شاردنەوەی بیربۆچون لە گفتوگۆو مەجلسەکانی حیزبدا، تەمسیلکردن، تۆمەتبەخشینەوەو هێرشکردنە سەر خەڵکانێک کە رەخنەیان لە سەر خراپی و کەموکورتی حیزب هەیە، ئەمانەو خەسڵەتگەلێکی تری خراپ، رێگایەکی تەخت و کورتن بۆ پێگەیشتن و وەرگرتنی پۆست و پلە.

حیزب دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتیە و لە هەناوی کۆمەڵگەوە دێتە دەرێ، ئەگەر لە سەرەتادا سیاسیەکان گەرای بەدکاریبن، ئەوا کۆمەڵگەی ناهوشیار هێلانەیەکی گەرم و نەرمە بۆ تروکان و گەشەو بەهێزبونی سیاسیە بەدەکارەکان. لەم سۆنگەیەوە وەک چۆن نەبونی دادگاو پەرلەمان و حکومەتی کارا کێشەی هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیەو هەموان باجی خراپی هەریەکە لەو دامەزراوانە دەدەن، بە هەمان شێوە نەبونی هێزی سیاسی و حیزبی باش کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەیەو سەرچاوەی کێشەکانی تریشیانە.

با لێرەدا خۆمان بخەیەنە شوێنی ئەندامێکی حزبێک، کە لە سەر فەیسبوکەکەی دەنوسێت: فڵان سەرکردەو حیزب موڵکی گشتیان داگیر کردووە. کاتێک کەسێکی تر وڵامی دەداتەوەو دەڵێت: خۆ حیزب و سەرکردەکەی خۆشت هەمان کاری کردووە، راستەخۆ کەسی یەکەم دەست دەکات بە پاساو هێنانەوەو دەڵێت: ئاخر حیزبەکەی من کەمتری داگیر کردووە! یان ئێژێت: حیزبەکەی من بۆ چاکەی گشتی هەوڵ دەدات، بۆیە حەقی خۆمانە ئەو زەویە داگیر بکەین! یان دەڵێت: سەرکردەکەی من زۆر دڵسۆزی گەلەکەی بووەو ماندو بوە، بۆیە مافی خۆیەتی ئەوەندەش زەوی لە سەر ماڵ و منداڵەکەی تاپۆ بکات!
سەرنج بدەن؛ کوڕان و برازاکانی تاڵەبانی بە بێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی حزبی فەرمیان هەبێت دەتوانن سەرۆک کۆمار دابنێن، زۆرێک لە بەرپرسانی یەکێتی، لە هاوڕێیانی شاخ و شاری مام جەلال خوازیارن وێنەیەکیان لە گەڵ بگرن. کوڕەکەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆکی زانکۆو کوڕانی تری بنەماڵەش هەریەکەو لە تەمەنێکی کەمدا دەبنە بەرپرسی دۆسیی گەورە. هاوڕێ دێرین و گەنجەکانی کاک نەوشیروان خوازیاری ئەوەن کوڕە بچوکەکەی رێکخەری پێشو ئاوڕێکیان لێ بداتەوەو شتێک پارەیان بۆ کاروباری حیزب بۆ خەرج بکات، لەولاشەوە سەدان پیاوی ماقوڵ و خوێنەوار خواخوایانە کوڕێکی کۆسرەت رسوڵ مەرحەبایان بکات.

لێرەدا پرسیار لە سەر رفتاری بڕیاربەدەستانی حیزبەکان نیە، هێندەی رامان و هەڵوەستەی جدیە لە سەر سایکۆلۆجیای جەماوەری چواردەوری ئەو حیزبانە، کە رۆژانە بەریەککەوتنیان لە گەڵ ئەم هەمو بەدکاریەی سەرکردەو حیزبەکانیان هەیە، کەچی هەر دوعای تەمەن درێژیان بۆ دەکەن! ئەم واقیعە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە لە بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکان دوبارەو سەدبارە دەبێتەوە، مێژوی حیزبایەتی ئێمە سیخناخە بەم دیاردە تاڵ و کارەساتبارانە، کەچی کەمن ئەوانەی بپرسن ئەرێ تاکەی ئەم دۆخە قبوڵ بکەین؟ ئەرێ بۆ دەبێ من پاسەوانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بەرپرسان و خێزانە سیاسیەکان؟ باوکم پاسەوان و موریدی باوکیان بێت، خۆم هی کوڕەکانیان بم، منداڵەکانیشم هی منداڵەکانیان بێ؟

هاوکێشەکە ئاڵۆزە؛ ئەندامان و لایەنگرانی هەر حزبێک ناهوشیارانە داکۆکی لە هەڵوێستی بڕیار بەدەستانی حیزبە دڵخوازەکەی خۆیان دەکەن و پاساو بۆ بەدکاریەکانیان دەهێننەوە، لە بەرامبەردا خراپی ئەوانی تر باس دەکەن، بێ ئاگا لەوەی لایەنگرانی حیزبە رکابەرەکەشی هەر ئەم کارەی ئەم دەکات، ئیدی هیچ لایەکیان لە خۆیان ناپرسن جیاوازیەکانی ئێمەو ئەوان چین؟ لەوەش بە ئازارتر ئەوەیە ئەندامان و لایەنگرانی هەمو حیزبەکان لە ناو گێژاوی ئەم جۆرە لە بیرنەکردنەوەو ململانێیانەدا نوقم دەبن و ئیدی بیریان دەچێت ئەوە خۆیانن کۆڵکەکانی ئەم سیستمە خراپەی حیزبایەتی و حکومڕانی بنەماڵەکان لە سەر پشتی خۆیان دەچەقێنن و خۆ ویستانە ئێستاو داهاتوی خۆیان بە سیستمێکی نوێی کۆیلایەتی دەسپێرن!

نەمانی جیاوازی لە نێوان هەڵوێست و رفتاری زۆرێک لە کادرو ئەندامانی شوێنکەوتوی حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان، دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە شەڕی ئەم جەماوەرە تایبەتەی حزبەکان تەنها لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە کۆیلایەتیکردنی بۆ ئەم ئاغایە قبوڵە، بەڵام بۆ ئاغایەکی تری قبوڵ نیە، واتە هەمویان پلە خواری و بەردەستیان قبوڵە، بەڵام هەر گروپەو لە ژێر سێبەرو فەرمانی ئاغای دڵخوازی خۆی. ئەوەی زیاتر جێگای داخە بەشێکی گەورەی بژاردەی کۆمەڵگە لە خوێنەوارو سیاسی و رۆشنبیرو زانایان ئەم جەماورە پێک دەهێنن.

ئەم جۆرە لە حیزبایەتی ریشەدارەو دەستدەدات، بۆیە سەرکردەو حیزبەکان لە بری کارکردن لە سەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو پەروەردەیەکی دروست و پێگەیاندنی ئەندام و لایەنگری هوشیارو ئازاد، کار لە سەر زیاتر بە مێگەلکردنی کۆمەڵگەو کۆکردنەوەی زۆرترین ئەندامی جوندی ئاسا دەکەن، بۆ ئەوەی بێ بیرکردنەوە تەنها ئەو فەرمانانە جێبەجێ بکەن کە لە سەرەوە بۆیان دێتە خوارێ، جا ئەگەر بە کوشتی خۆشیان تەواو بێت.

دەبێ بیر بکەیەنەوە؛ چۆن کۆمەڵگە لە قەفەسی ئەو مۆدێلە لە حزبایەتی رزگاری دەبێت، کە خودی کۆمەڵگە بەرهەمی هێناوە؟ چ جۆرە پەروەردەو هێزێکی سیاسی پێویستە بۆ دروستکردنی تاکێکی بە بیرزیندوی دەستپێشخەرو گەشبین و خۆبەبەرپرسزان، هەروەها یاخی لە کۆتوبەندەکانی ئەم سیستمە خراپەی کە دەیان ساڵە ژیان و هیواکانمان دەهاڕێ؟ زاڵی و مانەوەی ئەم کلتورە سیاسیە زیاترو زیاتر میللەت توشی شکست و مایەپوچی دەکات.


05/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر