ئەمریكا دەبێتە دۆستی ڕاستەقینەی كورد؟

ئارام هادی

سیاسەتی ئەمریكا تادێت زیاتر لە كورد نزیكتردەبێتەوە, ئەوەی دەشزانرێت ئەمریكیەكان تەنها یەك بەشی كورد یان یەك حزبیان بەبنەما نەگرتوە, دەیانەوێت دۆستایەتیەكی نزیكتر لەڕابردوو, وە پشتیوانیەكی باشتر بەگشتی لە هەموو كورد بكەن, بۆسەرەتا باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانیان لەبەرنامەدایە, نزیك بەساڵێك دەبێت (برێك مەكگۆڕك)نێردەی تایبەتی (باراك ئۆباما) بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش, داوای لە سەركردایەتی سیاسی باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان كرد, كەسەرەتا لەنێوان (پێشمەرگە و شەڕڤان)دا, سوپایەكی یەكگرتوو تۆكمە پێكبهێنن, بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر, ئەم داوایەی ئەمریكیەكان لەكوردیان كرد, ئەوروپیەكانیش پشتگیریان دەكرد, پێكهێنانی سوپای هاوبەش بەبناغەی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموكراسیەكان دادەنرێت, بەڵام بەداخەوە تائێستا یەك هەنگاو لەوبوارەدا نەنراوە.
سەركەوتنی پەیەدە و شەڕڤانان لە كوبانی بەسەر داعشدا, كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچاركرد هاوكاری كورد بكەن, بەتایبەت ئەمریكا, تاوای لێهات توركیا بە ئاشكرا وتی دەبێت ئەمریكا لەنێوان (توركیا و پەیەدە)دا دانەیەكمان هەڵبژێرێت, ئەمریكاش زۆر ڕاشكاوانە وتی ئێمە هاوكاری دۆستەكانمان دەكەین لە سوریا بەتایبەت كورد, كۆماریەكان كەزیاتر بەوەناسراون گرنگی بەدەرەوەی ئەمریكادەدەن, (ترامپ) لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا وتی, پێویستە زیاتر لەڕابردوو گرنگی بە كورد بدەین و هاوكاری سەربازیان دەكەین و هەتا سەرسامی خۆی بەرامبەر بە شەڕكەری باش دەربڕی كە ئێمەی كوردی بەوشێوەیە پێناسەكرد, دواجاریش (مارك تۆنەر) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی (هەڵوێستی ئەمریكا ڕونە و لەپڕۆسەی ئاشتی سوریادا دەبێت كوردەكانیش وەك گەلانیتری سوریا بەشداری دانیشتنەكان بن), وەزیری نوێی كابینەكەی (ترامپ)یش (ڕیكس تیلەرسۆن) ڕایگەیاند كە كورد گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریكایە لە سوریا و پێویستە لەسەرمان هاوكاریەكی ڕاستەقینەیان بكەین لە شەڕی دژبەداعشدا.

دەتوانین بڵێین كورد تا ڕادەیەك سەركەوتوبون لە بەدەستهێنانی هاوكاری سەربازی لەلایەن وڵاتانی جیهانیەوە, بەڵام ئەوەی ماوە تێكشكاندنی ئەو وەهمەیە كە بۆتە مۆتەكە بەسەر سیاسەتی كورد لە هەرچواربەشی كوردستان لەڕوی سیاسیەوە, كاركردنێكی گشتگیری نەتەوەیی بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافی كورد, دەبینین ئەمڕۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێزارە لە سیاسەتەكانی توركیا, بەجۆرێك توركیایان پشتگوێ‌ خستوە ئەو وڵاتە لە لێواری ڕوخانە, چونكە ئێستا توركیا لە ئیفلاسی ئابوری و نەمانی ئاسایشدایە, ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرە و خراپی دەچێت.

لێرەدا كورد بەتایبەت باشوری كوردستان و تایبەتتر پارتی دیموكراتی كوردستان, دەبێت باش ئەوەبزانێت كە نەبێتە كۆڵەكە و درێژە بەمانەوەی توركیانەدا بەتایبەت لەبواری ئابوریدا, بەپێی ڕاوبۆچونی شارەزایان لەئایندەیەكی نزیكدا توركیا بەرە و دابەشكاری دەچێت, بۆیە پارتی لەبری هاوكاری توركیا, پێویستە هاوهەڵوێست بێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەسیاسیەكانی كوردستاندا, كە تاكە زامنی دەستكەوتەكانی ئێستا و بەدەستهێنانی مافەكانمان لەیەكێتی یەكی نەتەوەییدایە.
گرنگ هاوكاری بنەڕەتی و ستراتیژیەتی ئەمریكیە لەگەڵ كورد, مێژوی كورد لەڕابردودا پڕە لە هەرەسی شۆڕشەكان كاتێك لەدوالوتكەدا وڵاتانی جیهان پشتیان لەكورد كردبێت, ئەوەی ماوەتەوە بڵێین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت گەیشتبێتە ئەو ڕاستیەی بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی هیچ زەرەرێك لەبەرژەوەندیەكانیان نادات؟, یان سەركوتكاری كوردان لەسەدساڵی ڕابردودا لەلایەن وڵاتانی داگیركەری كوردستانەوە و بەهاوكاری وڵاتانی جیهان, دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەم دۆخەگەیاند؟ و بیانەوێت قەرەبوی بكەنەوە, لەلایەكیترەوە دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەیشت بێتە ئەو باوەڕەی كە سەقامگیری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ‌ كورد خەونێكە و هەرگیز نایەتەدی؟!!.
دواجار: تۆپەكە وەك جاران تەنها لە ساحەی بەرامبەرنیە و كورد هەر ڕاكەڕاكی بێت بەدوایدا, ئێستا كوردیش دەتوانێت یاری بەتۆپەكەبكات و گۆڵیش بكات, بۆئەوەی سەدساڵی ئایندە وەك سەدساڵی ڕابردوونەبێت, باشترین تیم بەباشترین تەختیە بچێتە ساحەی نێودەوڵەتی و یاریەكە بەرێتەوە تا لەكۆتاییدا كاسەكەی بێنێتەوە.




14/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر