گۆل‌دا مایەر له كتێبی (ژیانی من) باسی دیدارێكی خۆی و کوامی نكرۆما رابه‌رو شۆڕشگێڕی رزگاری وڵاتی غانا ده‌كات، كه ئه‌و ده‌مه وه‌ك یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی ئه‌فه‌ریقی تازه له‌ژێر چنگی ده‌سەڵاتی ئیستعمار رزگاری ببو، ده‌ڵێت: "گفتوگۆیه‌كی زۆرمان له‌سه‌ر كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌كرد. نكرۆما كه پیاوێكی بهجۆشبو وه‌ك هێمای رزگاری ئه‌فریقا دهردەكەوت، كێشه‌كانی ئه‌فه‌ریقای له بابه‌تی سەربەخۆیی و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی كورت ده‌كرده‌وه. زۆر دوربو كه حه‌ز بهوتوێژێكردن له‌باره‌ی سه‌رچاوه دهرامهتیهكانی وڵاتانی ئه‌فریقا بكات، ته‌نانه‌ت ئاخۆ چۆن پێوه‌ری ژیانی گه‌له‌كه‌ی به‌رزبكاته‌وه، كه به‌پێچه‌وانه‌ی بیر‌و بۆچونی من كه زیاتر جه‌ختم له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدان له‌باره‌ی خوێندن و فێربون و ته‌ندروستی گشتی پێویستیه‌كانی ئه‌فریقا بۆ مامۆستا ته‌كنیكار و پزیشكی خۆیی ده‌كرده‌وه، بۆ چه‌ندان سەعات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه قسه‌مانكرد، به‌ڵام پێموابیت هیچ كاممان قه‌ناعه‌تی به‌وی دیكه نه‌كرد".
ئه‌م گفتوگۆیه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردو ئه‌نجامدراوه، ئێستاكه نیو سه‌ده به‌سه‌ر ئه‌و مێژوه‌دا گوزهریكردوه، كه‌چی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌فه‌ریقا به‌ڕه‌شترین و تاریكترین رۆژگاردا گوزەر دەكه‌ن، راسته نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و كیشوه‌ره زۆرینه‌یان به ده‌وڵه‌تی خۆیان شاد بون، خاوه‌ن سه‌روه‌ری و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تین، به‌ڵام هه‌ژارترین و كڵۆڵترین ده‌وڵه‌تانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ن. ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی بۆچونه‌كه‌ی راست ده‌رچو گۆل‌دا مایری وه‌زیری ده‌رەوه‌ی ئه‌وكاتی ئیسرائیل بو، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی بارته‌قای ئه‌و هه‌مو دوژمنه‌ی كه چوارده‌وری ته‌نیوه، گه‌شاوه‌ترین و به‌هێزترن ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه‌یه. ده‌وڵه‌تێك هه‌ر له‌سه‌روه‌ختی بنیاتنانیهوه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئامانجه نهتهوەیهكانی و ده‌ستخستنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاری له‌سه‌ر دیموكراسیەت و ژێرخان و بونیاتنان و گه‌شه‌پێدانی ژیانی میلەتهكهی له هه‌مو رویه‌كه‌وه كردوه. هه‌ربۆیه ئێستا جیاوازی نێوان وڵاتانی ئه‌فریقاو ئیسرائیل ئه‌رزو ئاسمانه.
له‌په‌یوه‌ست به‌دۆخی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه كه ئێستاكه باسی گه‌رم ریفراندۆم و چێكردنی ده‌وڵه‌ته، له‌هه‌مان ئه‌و زه‌مه‌نه‌دایه كه خانم مایەر و رابه‌ری گانا دهمهتهقێكهیان تێدا كردوه. له زه‌مه‌نێكدا فه‌وزا و خێڵگه‌رایی و یاسای دارستان به‌دیلی دیموكراسیه‌ت و حوكمی یاسایه پاشاگه‌ردانی و جه‌مسه‌رگیری له‌جێی گوتار‌و ستراتیجێكی نه‌ته‌وه‌ییه، ئابورییه‌كی رەیعی و داغان كه ناتوانێت زامنی قوتی میله‌ته‌كه بكات، فه‌رمانگه‌و سێكته‌ره‌كانی به زه‌كاتی ره‌مه‌زان ده‌چن به‌ڕێوه، به‌دیلی ئابوریه‌كی گه‌شه‌سه‌ندو به‌هێزه. جگه‌له‌وه‌ی پانتایه‌كی به‌رفراوانی خاكیشی له‌ژێر ره‌حمی له‌ده‌ستچون و بهعهرهبكردندایه.
ئه‌وانه‌ی ئێستاكه بونه‌ته ئاڵاهه‌ڵگری دامهزراندنینی ئه‌و ده‌وڵه‌ته كوردیه‌ی باسده‌كرێ، شۆڕشگێره‌كانی دوێنێ و حكومداری چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كی قه‌واره خۆماڵیهكهن، ئه‌وان هێنده‌ی له‌سه‌ركرده‌كانی وه‌ك مۆگابی و نكرۆما ده‌چن، له سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن مه‌شروعی وه‌ك هێرتزل و بن گۆرن ناچن. ئه‌وان له بیست و پێنج ساڵی رابردودا هێنده‌ی بونه‌ته به‌شێك له جه‌نگی ناوخۆ و پارچه‌پارچه‌كردنی نیشتمان ئه‌وه‌نده نه‌یانتوانیوه یاخود نه‌یانویستوه نیشتمانێكی ئاماده بۆ ده‌وڵه‌تێكی ساغڵه‌م سه‌رپێبخه‌ن. له‌قه‌واره‌یه‌كی بچوكی وه‌ك ئه‌م هه‌رێمه‌دا نه‌یانتوانیه‌وه دهوڵهتدارێكبن كه به‌شی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی قبوڵیان بکەن. بڕیار‌و قسه‌كانیان تا ئه‌وشوێنه بڕیكردوه كه شوێنگه‌ی هێزیان بوه. به‌رخورده‌كانی ئه‌وان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ونیان بهقهوارهیهكهوه دیوه كه به‌س ته‌نها هی خۆیان بێت ئه‌وەنده خه‌ونیان به ده‌وڵه‌تێكه‌وه نه‌دیوه كه هی هه‌مو هاونیشتمانیه‌كانی بێ. ئه‌وان تا ئێستاش به بهرهچهتهی خێڵ و بەرژەوەندییەکانی ماڵباته‌كه‌یان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن. گه‌ره‌كیانه ده‌وڵه‌ت دروستبكه‌ن، تا خۆیان هەمو شتێک و حاكمی ئهبهدیبن تێیدا. به‌تامی ئه‌و دەوڵهتانهی ساڵانێكه به‌شێك له‌خه‌ڵكی ئه‌م نیشتمانه‌یان پێ سه‌رمه‌ست كردوه، ئه‌ویش ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌نداوی عهرەبیه كه له‌سایه‌ی چه‌ند شێخێكی حاكمی موتڵەقدا بۆ ئه‌به‌د دیموكراسیەت و فره‌یی و حكومڕانیه‌كی مه‌ده‌نی و هاوچه‌رخ تهڵاقداراوه. ته‌نیا شتێك هه‌بێت و ره‌واجی هه‌بێت له‌و ئه‌زمونانه‌دا پاره‌و سامانه كه مه‌خابن ئه‌وانه‌ی ئێره ئه‌وه‌شیان له ئیفلاسیداوه. بۆیه عاقیبه‌ت ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی كه زه‌مه‌نێكه به گوێمانادا ئه‌یده‌ن له‌باشترین حاڵیشیا نابێته ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو. به‌ڵكو هه‌مو رێگاكان ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ كیشوه‌ره ره‌شه‌كه‌ی ئه‌فه‌ریقا.