پیاوەتیکردن بەسەر ئاوی حەمامەوە

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا

یەکێک لەو رێوشوێنانەی وابڕیارە حکومەتی ھەرێم لەپێناو سوککردنی باری سەرشانی خەڵکی لەم دۆخەدا بیگرێتەبەر؛داوکردن یان ناچارکردنی خاوەن موڵکەکانە کە ئەم ماوەیە کرێ لەکرێنشینەکان وەرنەگرن.

 کە ھەنگاوێکی وەھا لەلایەن خودی خاوەن موڵکەکانەوە کە رەچاوی دۆخەکە بکەن ھەنگاوێکی ئەخلاقی و گرنگە.

 
بەس کێشەکە لەوەدایە؛حکومەت کاتێک داوایەکی وادەکات،خودی خۆی تاچەند ئامادەیی تێدابوە بۆ ئەم ماوەیە لەحەقی خۆی خۆشبێت و لەڕێی خۆشێوە باری سەرشانی خەڵکی سوکبکات،بۆ نمونە؛(جگە لە کرێی موڵکەکانی) پارەی ئاو و کارەباو پێشینەکان لەخەڵک وەرنەگرێت؟!

ھەرەوەھا ئەو باج و رەسوماتانەی لە خاون موڵک وەردەگیرێت،بۆ ئەم ماویە لێی خۆشبێت؟! 


بۆیە حکومەتێ گەر قەرارە بەرپرسیاربێت لەژیانی خەڵکەکەی دەبێت پێشئەوەی تۆپەکە بخاتە ساحەی خەڵکەوەو داوای ھاوکاری و بەدەمەوەھاتنی یەکتریان لێبکات،دەبێت ئەوەی لەسەر خۆیەتی بەجێیبھێنێت،ئێنجا جەسەراتی ئەوەبکات ئەو جۆرە داوایانە لە کەس و لایەنی تربکات.


گەر حکومەت لەوەختی خۆیدا موچە دابەشبکات و بەم شێوەیەی ئێستا و بەدەردی ساڵانی رابردووی نەبات،وابزانم (کارمەندێکی کرێنشین) پێویستی بە شفاعەتی ھیچ لایەنێک نابێ تا خاوەن موڵک کرێی لێنەسێنێت.

 
سەبارەت بەوانەشی کە موچەخۆرنین و رسق و کەسابەتیان بەھۆی ئەم دۆخەوە وەستاوە پێش خاوەن موڵک(شوێنی کار و ماڵ) ھەر ئەرکی یەکەم؛ئەرکی حکومەتە لەو رێگایانەی کەپێشتر ئاماژەمپێدا ئاسانکاریبکات ئێنجا خاوەن موڵک و کەسی خێرخواز.


بەڵام حکومەتێ ئامادەنەبێت لەھیچ حەقێکی خۆی خۆشبێت و جگە لەم قەیرانەش بەدرێژایی ئەو ھەموو ساڵەی بێ موچەیی و قەیرانی ئابوری ئامادەنەبوبێت دینارێکی باج و سلفە و کرێی ئاو کارەبا لەسەر خەڵک کەمبکاتەوە،تەنانەت ئامادەنەبوبێ لە "پاشەکەوتەکانیشیان"بیبڕیت بگرە زیادیشیکردبێت و باجی تریشی خستبێتە پاڵی،ئیتر ئێستا بە چ رویەکەوە دێت و داواکاریەکی وەھا دەکات؟!


ئەگەر خاوەن موڵکێک خۆی ویژدانی ھەبێت و پاشان ئیمکانێتی ئەوەی ھەبێت پێش بڕیارو رێنمایی حکومەت ھەر لایەن و واعیزێک خۆی بەو ئەرکە ھەستاوە.


بەس دەبێت ئەوەش بزانین کە چەندین خاوەن موڵکیش ھەن ھەر وەک کەسێکی تر بژێوێکەیان تاک سەرچاوەیە؛وەک چۆن کارمەندێک بژێوێکەی لەسەر موچەکەتی و کاسبێکیش بژێوێکەی لەسەر دەستکەوتی رۆژانەیەتی ئاوھاش ئەویش بژێوێکەی لەسەر ئەو کرێیەیە کە مانگانە وەری ئەگرێت.


بۆیە لێرەدا ئەرکی حکومەت پێشەکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاریە لەڕێی خۆیەوە نەک پیاوەتیکردن بەسەر ئاوی حەمامەوە.


18/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر