کــرۆنـا-سـەردەمی دابـڕان

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا



یەکێک لەو شتانەی کۆرۆنا سەپاندویەتی بەسەر مرۆڤایەتیدا،لێکدورکەوتنەوە و دابڕانە؛لەم چەند مانگەی رابردودا ھیچ وشە و گوزارشتێک بە قەد وشەی "کەرنتین" ئامادەیی نەبوە لەدنیای ئێمەدا! خۆ بەدورگرتن،تێکەڵاونەبون،سەردانینەکردن،چی و چیتر بونەتە رێگا چارەی مانەوە.

 
لەکاتێکدا مرۆڤ وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، بۆئەوەی مانا بدات بەبونی خۆی ھەمیشە دەبێت لە پڕۆسەیەکی بە کۆمەڵایەتیبوندابێت؛ھەر لە چوارچێوەی خێزانەوە تا خوێندنگاو کارو پەرستگاو .. وە لەوانەشەوە لە پەیوەندی خوێن و ھاوڕێیەتی و ھاوکاری و ھاوئاینی و ھاوفکری و ھاوسۆزیی و چی و چیتر ئەڕوات..کە ئەم پەیوەندیانەش زامنی جوانی و مانەوەی ژیانە.

 
کۆرۆنا بەرلەوەی زەفەری بە کۆئەندامی ھەناسەمان بردبێت، زەفەری بە دەرونمان بردوە و خستونێتە دۆخێکی پڕ لە سترێس و رەشبینێەوە.

 
تەبیعەتی مرۆڤیش بۆخۆی وایە؛ لەو دۆخانەدا لەھەمووکات زیاتر پێویستی بە بەریەکەوتن و بەسەرکردنەوە و کاتبەسەربردنی دەستەجەمعیە.کەچی کۆرنا ھاتوە ئەم شتەی پێچەوانەکردۆتەوە؛ بۆ ئەوەی بەرگری لەبونە فیزیکێکەمان بکەین دەبێ بە پێچەوانەی ئەو ھاوکێشە کۆمەڵایەتیەوە بە دەرونێکی نائارامەوە لە تەنیایی و دابڕانا بژین،تەنانەت لەگەڵ ئەندامانی خێزانیش!

گەورەکان؛باوک دایک بەرەو پیری ئەڕۆن و رۆژ بەڕۆژ دەرگیرەبن بە کۆمەڵێک نەخۆشیەوە.ئیدی لێرەوە لەھەموو کات زیاتر چاویان لە وەفاو ھاوسۆزیی یارمەتی منداڵ و نەوەکانیانە.

 
کەچی لەم زەمنی کۆرۆنەیادا منداڵەکان بەپاساوی ئەوەی ئەم دەردە زیاتر بە پیرەکان دەوێرێت،دەبێت پشتبکەنە بەھاکان و وەفاو ھاوسۆزی بسپێرن بە قەدەری دوای کرۆنا.تاپیرەکان لەمەرگی فیزیکی قوتاربکەن.

 
 لەکاتێکدا ئەشێ پیرەکان بەر لە ئافاتی کۆرۆنا بە نەخۆشیە درێژخایانەکان و خەمی دوری ئازیزان و منداڵەکانیان بمرن.

 
وەھەتا بەر ئەم دۆخانە نەکەوین؛نازانین کە دنیای سمارتفۆنەکەمان چ دنیایەکی درۆینەیە و ھەموو ئامرازەکانی کۆمینیکەیشن ناتوانن قەرەبوی یەک بەرکەوتنی راستەقینە بگرێتەوە.


04/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر