لەئێستادا بەشێک لە خەڵکی ئاوات بۆ سەردەمی حکومڕانی سەدام دەخوازن و وەک رەمزی عەدالەت و روبەروبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی شکۆی وڵات لێی ئەڕوانن،وە سەردەمەکەی صەدام تەنیا لەو پارچە ڤیدیۆیانەدا کورتدەکەنەوە کە ئەوکەسایەتیەی وەک حاکمێکی خاکی و میھرەبان و خاوەن شکۆو چەسپێنەری عەدالەت تێدا دەردەکەوێت.
لەکاتێکدا گەر جیلی ئەو سەردەمەش نەبێت و لەو سەردەمەشدا نەژیابێت،بەس یەک تۆز بەئاگابێت لەروداوەکانی رابردوو،دەزانیت کە ئەو سەردەمە بەوجۆرە نەبوە کە ئێستاکە بەشێ لەخەڵکی لەئەنجامی پەرچەکردارو گوێگرتن لە کۆمەڵێ گێڕانەوە سەتحی و بینینی چەند پارچە ڤیدیۆیەکدا ئەو سەردەمەیان لێببێت بە سەردەمی ئاڵتونی.
جگە لەلایەنە تاریکەکەی بۆ میلەتی کورد،سەردەمی سەدام بریتیبوو؛
*لەمەسەلەی پاراستنی سنور شکۆو سەربەخۆی عێراقدا؛
-لەسەردەمی ئەودابوو؛ عێراق گەورەترین تەنازولی بۆ شای ئێرانکرد لەڕوی سنوری ئاوییەوە.ھەر لەو سەردەمی ئەودابوو لە ساڵانی ھەشتاکان رێکەوتن لەگەڵ تورکیاداکرا و رێ بەسوپای تورکیا درا کە سنوری عێراق ببەزێنێ بەمەبەستی لەناوبردنی گروپە جوداخوازەکان (کە بەئێستاشەوە ھەندێک جار تورکیا ئەو رێکەوتنامەیە دەکاتە پاساوی بەزاندنی سنوری ھەرێمی کوردستان-عێراق)
-ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛کە بە ھەرەشەو زەختی تورکیا فەشەل بە رێکەوتنامەی ١١ی ئازار و ھەروھا مفاوەزاتی ١٩٨٤ ھێنرا.
-ھەر لەسەردەمی ئەودابوو ئیسڕائیل کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمێکەی عێراق ھێناو لەڕێی چەند فڕۆکەیەکەوە بنکە ئەتۆمێکەی خاپورکرد و عێراقیش لەبارامبەردا ھیچی پێنەکرا.
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛ عێراق گیرۆدەی دوو گەورەترین جەنگی ماڵوێرانکەر بوو،جگە لە زیانە گیانێکانی ژێرخانی عێراقیش خاپوربوو.
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛ ئابوری عێراق روبەڕوی دارمان و داتەپین بوەوەوە و قاتوقڕی ھەژاری یەخەی عێراقیەکانی گرت و بەم ھۆیەشەوە شکۆی تاکی عێراقی شکاو بەرتیل و گەندەڵی و چەندین تاوان و لادان بونە دیاردەو کۆچکردن بوە رێگاچارەی ژیان(کە بەرلەوسەردەمە خەڵکی وڵاتانی تر کۆچیان دەکرد بۆ عێراق)
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛کە زانکۆو ناوەندە ئەکادیمێکانی عێراق بەرەو بێ بەھایی چوون و ھەرجارەو یەکێ لە کەسە نزیکەکانی سەرۆک لە کونفە یەکونێکدا دەبوە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا.
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛زۆربەی جەمگە گرنگ و ھەستارەکانی حکومڕانی لەبری خەڵکی مەسلەکی و شیاو بە کوڕو براو خزمانی سەرۆک پڕکرانەوە.
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛ھێندەی تر دادگاو حوکمی یاسا بێ شکۆبوون و سەرۆک و کەسە نزیکەکانی بەدەربوون لە ھەموو لێپرسینەوەیەکی یاسایی.
*ھەر لەسەردەمی ئەودابوو؛کۆمەڵگای عێراقی لەکۆمەڵگایەکی خاوەن شارستانی و کراوەو خوێنەوارەوە روەو دواکەوتەیی و پەڕگیری دەمارگیری وەرگەڕا.
ھەر لەسەردەمی ئەودابوو .... چەندان شتی تر.
دەرئەنجام؛ھەموو جوانییەکانی عێراق لە ھەموو بوارەکانی ژیان؛لەسەردەمەکەی سەدامدابوو بەناشرینی و تاریکی گۆڕان.ھەربۆیە بەو جۆرە سەرمەستبوون بە وتارو ڤیدیۆ و نمایشەکانی ئەوکاتەی سەدامەوە،جگە لە گەمژەیی و کۆڵەواری ھیچتر نیە.
راستەیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە زەمەنی حکومداری خۆماڵی پڕێتی لە ناشرینی و کەس ئاواتی پێناخوازێت و لەزۆر بواردا لاسایکردنەوەی ئەتوارەکانی سەدامە.بەس ئەمە ناکاتە ئەوەی مادام حکومدارێکەی خۆمان ئەمە حاڵێتی ئێتر ھەرچی حکومداریە بەوەی صەدام حسێنشەوە جێی خۆزگە پێخواستنبێت.