چەند قسەیەک لە ٢٥/٧ دا

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا

بەدرێژایی پەنجا ساڵی رابردوو ھێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی وەک پەرچەکرداری ئەو ھێزە دروستبون یان بەرخوردیان کردوە.ھەموو ھەوڵ و مەبەستێکیان لە روخاندنی پارتیدا کورتکردۆتەوە،ھەر بەگوتاری رەق و روخانی ئەو ھێزەش رەوایەتیان وەرگرتوەو گەورەبون.

 

پاشان بەتێپەڕبونی کات؛بەپاساویی یەکریزیی و ئارامیی و حکومداری ھاوبەش،یاخود لەژێر گوشارو زەبری دەرەکیدا لەگەڵ پارتی رێکەوتون.

 

ئینجا لێرەوە ئەم ھێزانە بەرەبەرە لەگەڵ "نیشتنەوەی کەفوکوڵەکەیان"دونیابینیەکی پارتیانەیان بەرھەم ھێناوەتەوە،ھەر وەک ئەوەی لەگەڵ پارتیدا مناڵی یەک سک بوبێتن و تازە بەیەک شادبوبێتنەوە!!

 

ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم ھێزانە لە بنەمادا خاوەنی روئیاو دونیابینیەکی جیاوازتر نەبوون و زادەی ھەمان بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژی بوون کە پارتیشی لەسەر رۆنراوە. 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستی بە ھێزێکی بەدیلە؛کە بەفعلی خاوەنی دونیابینی و گوتارێکی(ستراتیجی نەک تاکتیکی)جیاوازتربێت و بابەتیانەو دور لە کەلتوری رەق و خەیاڵات و کەڵکەڵەی روخان،ئەزمونێکی نوێ و جیاوازتر نیشانبدات. 

 

وە خەڵکی وەک رۆژی روناک جیاوازیەکان کەھەموو رویەکەوە ببینێت؛عەدالەت و بەرقەراری حوکمی یاسا بۆ ھەموو ئاستێ،ئاسایش و ئارامی،نەزاھەت،فرە سەرچاوەیی داھات،خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی،کوالیتی سیستەمی پەروەدەو تەندروستی،دیموکراسێت و ئازادیی و یەکترقبوڵکردن،رۆشنبیری و کرانەوە....لە سنور و زەمەنی حکومداری ئەو ھێزەدا بەدیھاتبێ.

 

ئیدی لەم کاتەدا؛خەڵکی دەکەوێتە بەردەم دوو وێنەو ئەزمونی جیاواز،کە بێشک زۆرینە ئەزمونەکەی دەرەوی پارتی ھەڵدەبژێرێت.وەلەم کاتەدا ئەزمونەکەی پارتی بەبێ ئەوەی ھەوڵی روخاندنیشی بدرێ بۆخۆی دەکەوێتە بەر رەحمەتی روخان یاخود گۆڕان. 

 

بەڵام ئایە ئەمە بە چەند وردە ھێزێکی پەرت و بەرھەمی پەرچەکردار دێتەدی،کە ھەموو کردەکانیان لە گوتاری پۆپۆلیستی ناوبۆشی بێ کرداردا کورتبۆتەوە،کەبەمەش ھێندەی تر ئاودەکەنە ئاشی پارتیەوە.دواجاریش؛بە کۆمەڵێک سەفەقات لێی دەردەچن و خەونی ئاوتکردن و روخانی پارتی وەک "خەونێکی شاعرانە" بۆ ھێزێکی تازەتر جێدەھێڵن!!



27/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر