بەتاڵبونەوەی وەھمی سیستەمی پەرلەمانی

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا
سیستەمی پەرلەمانی؛کە ساڵەھایە چەندین ھێزو لایەنی سیاسی بانگەشەی بۆدەکەن و بونەتە ئاڵاھەڵگری چەسپاندنی بەجۆرێک؛ کە ھەمیشە پاساو و خاڵی سەرەکی ململانێکردنیان بوە لەگەڵ ھێزەکانی دەسەڵات بە تایبەت پارتی.

ئەم سیستەمەش؛کە خۆی لە مەرجەعبونی پەرلەماندا دەبینێتەوە،بە شێوەیەک؛کە ئەم دامەزراوەیە لەپەنا دەرکردنی یاساکاندا متمانەپێدەری دامەزراوە تەنفیزیەکانبێت و رەقیبێکی خاوەن دەسەڵاتیشبێت بەسەریانەوە تا ئاستی متمانە لێسەندنەوە.

ئەم سەنتەربونەی پەرلەمانیش کاتێک دێتە دی؛ کە ھێزە سیاسیەکان قورسایی خۆیان بخەنە ناو ئەو دامەزراوەیە و پێش ئەوەی لەڕێگەی دەستورو یاساوە ئەو مەرجەعبونەی پێببەخشن،کەسە یەکەمین و خاوەن دەسەڵاتەکانیان لەپەنا کەسانی خاوەن تەجروبەو پسپۆڕی یاسایدا ببنە ئەندامی ئەو دامەزروەیە.تا ئەو دامەزراوەیە بە شێوەیەکی راستەقینە ببێتە چەقی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و مەرجەعی بڕیاردان و یاسای بەسود.
  
بەڵام ئەوەی لە مێژووی ئەم پەرلەمانەدا دەبینین،تەواو پێچەوانەیە؛لە رابردودا ئەم دامەزراوەیە لای ھێزەکانی دەسەڵات شوێنی دڵرازیکرن و ئیش دۆزینەوەبوە بۆ چواردەورەکانیان.لەم چەند خولەی دوایشدا بەھۆی گەرموگوڕبونی ململانێکان و زاڵبونی خیتابی پۆپۆلستی و بەپاساوی ئەوەی ئەم دامەزراوەیە نوێنەرایەتی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگادەکات،وەھەروەھا بەپاساوی ھێنانەپێشەوەی خوێنی نوێ،ئەم دامەزراوەیە بۆتە شوێنگەی نەزانترین کەسەکانی کۆمەڵگا؛ کەسانێک کەپێوەرگەلێک کردونیەتیە پەرلەمانتار کە ھیچی لەخزمەتی پەرلەمانێکی خاوەن شکۆو پیشەیدا نین.

بێژەرێک بەخاتری ئەوەی سەرنج راکێشە یان دەنگی زوڵاڵە شاتەشات باش دەزانێ،یان فەیسبوکەوانێک کە لایڤ و پۆستەکانی ئاگردەکەنەوە بەھۆی ئەوەی دەتوانێت زۆرترین وەھم و جنێو ریزبکات،یان گۆرانبێژێ کە لەبەند وتندا حلی نیە،یان لە بەرنامەکانی کەناڵە ئۆپۆزیسیۆنەکان داتای دزی سەرنجراکێش دەخاتەرو،یاخود دەرباری دیوەخانەکانی میرو سەردارەکانی حیزبە...وە وابڕوات خولەکانی تریش کچە مۆدێل و شتی تریشی یەتە سەر!

ھەربۆیە حاڵەتێکی ئاساییە و جێیی سەرسوڕمان نیە کە پەرلەمانی کوردستان ئەمە دۆخی بێت، جگە لەبێ دەرەتانی و بێ شکۆیی لە ئاست دامەزراوە تەنفیزێکاندا توانای نوسینی پڕۆژەو دەرچواندنی یاسایەکی بێ ھەڵەی (یاسایی)وە بەسودی بۆ کۆمەڵگا نەبێت و بەو پاساوەشەوە راوێژکارەکانی دامەزراوە تەنفیزییەکان دەستبخەنە کارەکانیانەوەو ھەڵە یاساییەکانیان بۆ راستبکەنەوە!

18/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر