چەند قسەیەك،لەسەر ئەگەری گەڕاندنەوەی نەوشیروان

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا
چەند روژێكە لە چەند میدیاو ناوەندیكدا،قسە لەسەر ئەگەر و هەوڵ،بۆ گەڕاندنەوەی نەوشیروان مستەفا دەكرێت، بۆ ناو یەكێتی و بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانەكانی ئەو حیزبە،كە لەپاش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی بە زەقی دەرگیرێتی،بەپێی قسەی ئەم سەرچاوە میدیانەش بێت هەوڵەكان جدین و خواست بۆ گەراندنەوەی ئەم كارەكتەرە،خواستی كەسە یەكەمینەكانی ئەو حیزبەیە.

ئەوەی گرنگە قسەی لەسەر بكەین،ئایە بە گەراندنەوەی نەوشیروان بۆ ناو ئەو حیزبەو جڵەوی ئیدارەدان،ئەم هیزە لەم تەنگەژەیە رزگار دەكات؟ئایە نەوشیروان توانای ئیدارە دانی هێزێكی ناهۆموجی وەك ئێستای یەكێتی هەیە؟وە ئایە ئایندەی سیاسی خودی نەوشیروان لەم پروسێسە سیاسیەدا،باڵاتر دەبێت،یان خوكوژیەكی سیاسی دەبێت و وەك سەركردەیەكی شكست خواردو ناوی دەچێتە مێژوەوە؟ئایە ئەو بۆشایە سیاسیەی  لە پاش دووكەرتبونی یەكێتی وناساغی تاڵەبانی هاتۆتە گوڕێ لەكوردستان بەگشتی وزۆنی سەوز بەتایبەتی پڕدەكاتەوە؟
بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە پێویست بە ماندوو بونێكی زۆر ناكات،واتە بە وردبونەوەیەك بەروداو و گۆرانكاریەكانی ئەم چەند ساڵەی رابردووی كوردستانی باشور تا ئاستیكی باش وڵامەكانی سەرەوەمان دەستگیردەبێت.
*بۆ وڵامی پرسیاری یەكەم و دووم دەبێت سەرتا یەكێتی و خودی كاركتەری نەوشیروان مستەفا بناسین.یەكێتی هەر لە سەرتای دروستبونیەوە،هێزیكی یەكگرتوو  یەك دنگ نەبوە و پێكهاتەو بنەمای ئەم هێزە لەچەند رێكخراوێكی سیاسی و پاش كۆنگرەی یەكیش لەچەند باڵ و كوتلەیەكی جیاواز خوی نمایش كردوە،وە لەم حاڵەدا تەنیا كەسێك كە توانای ئیدارەدانی ئەم هێزەی هەبوبێت،وە توانای كۆكردنەوەیانی هەبوبێت لەیەك رێكخراوی سیاسیدا خودی تاڵەبانی بوە،راستە نەوشیروان مستەفاهەر لەسەرتای دروستبونی یەكێتیەوە خاوەن هەژمون و ژمارەیەكی قورس و كاریگەری نێو ئەم هێزەبوە،وە گەلێك سەروەری و دەستكەوتیشی بۆ ئەم حیزبە بەدەست خستوە،بەڵام توانست و خەسڵەتی ئەم پیاوە كورتی هێناوە كەبتوانێت،یاخود بیەوێت،ئیدارەی هێزیكی فرە جەمسەر بكات،وە هەمیشە ئەم كاركتەرە بەریەكەوتنەكانی زیاتربون،لە ئیحتیواكردن و جۆریك لە روحیەتی میهرەبانیانە بەسەر كۆی ئەكتەرە سیاسیەكانی نیو ئەم حیزبە،كە تاڵەبانی دیبلۆماسیانە ئەم كارەی بۆ چۆتە سەر،سەركەوتووبوە تێیدا.
وەگەر تا دوێنێ جەرائەت و روحێتی تەحەداكردنی نەوشیروان لاواز  ترسنۆكانەبوبێت،لەناو ئەو حیزبە،ئەوا چەند ساڵەی دوركەوتنەوە لەو هێزەو دروستكردنی هێزكی نوێ،ئەو دەنگ و تەحەدایانەی دلێرتركردوە،وە بینیمان لەم چەند ساڵەی رابردودا چۆن هەندیك ئەكتەرو جەمسەری یەكێتی رەق و توڕەیی و دژایەتی خۆیان بۆ ئەم پیاوە بەیان دەكرد.وە لەگەڵ ئەوی خودی نەوشیروانیش ئەم چەند ساڵەی دوایی زۆر بەعەلەنی كاری لەسەر تێكشكاندن و لاوازكردن و جێگرتنەوەی یەكێتی كردوە،واتە ئەو جوڵەو مانورە سیاسیانەی لەنیوان یەكێتی ئیستاو بزوتنەوەكەی نەوشیرواندا دژ بەیەك،بوغزاند وجۆریك لە عوقدەی سایكۆلوژی بەرامبەر یەك دروستكردوە،وە شەقامیش لەسەر ئەم بەیت و بالوەرەیە گوشكراوە،هەربۆیە سارێژكردن و ئاسیكردنەوەی ئەم دۆخە هێند كاریكی ئاسان نیەوە.
وە ئێستاكە ئەوەی لەنێو یەكێتی بونی هەیە سێ باڵی خاوەن هەژمونن،كە هەر لایەكیان ویڵ و پەرێشانی بەرژەوەندەیەكانێتی و دڵ لەدوای كورسی حكومداری حیزبەكەن،سێ باڵ كە هەریەكەیان خاوەنی قورسایی سیاسی عەسكەری ئەمنی هەواڵگری ئابوری پەیوەندی و دیبلۆماسیەتی خۆیەتی،كە ئاسان مل نادەن و ناچنە ژیر ركێفی لایەن و كەسی ترەوە.
وە هەروەها لەم چەند ساڵەی ئەزمونی هێزیكی وەك گۆرانیش بنواڕین،كە نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتی دەكات،ئەزمونێكی شكست خواردوو دەبینین لە ئیدارەدان و كۆكردنەوەی گشت بۆچون و قوتبە جیاوازەكانی نێو بزوتنەوەكە،كە دەبینین هەر لە پاش دروستبونی ئەم بزوتنەوەیە چەندان كاركتەرو سەركردەی سیاسی لەم بزوتنەوەیە تۆراون یان جیابونەوە،ئەمەش زیاتر هۆكارەكەی بۆ نەسازان و روحیەتی قبوڵكردنی پروژەو دیدی جیاواز دەگەرێتەوە لای ئەم پیاوە،كە زۆرجار  لایەن و كەسایەتیانەی لەم پیاوە دڕدۆنگ بون بە كەسایەتیەكی تاك ڕەو پێناسەی دەكەن،وە نمونەی دیاری ئەم نەسازان و تۆراندنانەش  عوسمانی حاجی مەحمودو هاوڕێكانێتی،كە لە هەموو حاڵێكدا ئەم باڵە قەت بەقەد باڵ و ئاڕاستەكانی یەكێتیش بەهێز نین!
*سەبارەت بە پرسیاری سێهەم،كە ئایە ئەم ئەگەرە سیاسیە ئایندەی سیاسی نەوشیروان مستەفا بەرەو كوێ دەبات؟بە بروای من ئەم ئەگەرە یاخود ئەم كارتە سیاسیە (بەتایبەت لەلایەن باڵی زاڵی نێو ئەو حیزبە) هێندەی تاكتیكێكی سیاسیە،بە مەبەستی ئیحتیواكردن و دژایەتی باڵەكانی ترە،وە حەسمكردنی داهاتوی ئەكێتیە بە قازانجی ئەو باڵە،ئەوەندە مەبەست لێی ئەو ئامانجەنیە كە یەكێتی پێبكاتەوە بەهێزەكەی دوێنێ.وە لەحاڵیكی واشدا،ئەوەی زیانمەندی یەكەم و كۆتایدەبێت،خودی نەوشیروان مستەفایە،كە ئەم ئەگەرە سیاسیە هیندەی بە شكاندن و ئاوابونی ئەم كارەكتەرە سیاسیە بەكۆتا دێت،شتێك ناخاتە سەر خەرمانی سەروەری و دەستكەوتەسیاسیەكانی ئەم پیاوە.
*وەپەیوەست بە پاوەربونەوەی هێزێكی وەك یەكێتی،بە چەشنەكەی جارانی.كە بتوانێت ئەو بۆشایە ساسیە پربكاتەوە و كوردستان لە دوو جەمسەری پارتی و پەكەكە قوتاربكات،بەو ئەگەرو خوێندنەوانەی سەرەوە بێت هیچی لێسەوز نابێت.لە ئەزمونەكەی یەگرتنی بزوتنەوە و راپەرینی ئیسلامی (یەكبونی ئیسلامی ) بەرهەمدارتر نابێت.ئەو كات نەكوردستان لەدو جەمسەری پارتی وپەكەكە قوتار نابێت، بەڵكو دەرئەنجامەكەی وەك قازانجێكی هەرزان دەچێتە گیرفانی ئەو دوو جەمسەرەوە.یاخود بزاوتی ئیسلامی سیاسی بەرەكەی دەخوات.
لەپەنا ئەو خاڵانەی كە پێشتر ئاماژەم پێدا،خاڵیكی تر لەسەر ئەم ئەگەرە سیاسیە ئەوەیە،هەر لەپاش هاتنە دەرەوەیان و دروستكردنی بزوتنەوەیەكی سیاسی نوێ نەوشیروان و هاورێكانی هێزێكی سیاسی وەك یەكێتیان لەبەرچاوی شەقامی كوردیدا بەجورێك بێزراند،كە ئێستاكە لەلای خەلكی،یەكێتی وەك هێزیكی گەندەڵ و حیزبی بنەماڵەو خاوەن سەركردەگەلێكی تاڵانچی و بێسومەعەت،(كە دەشێ بەشیك لەوانەش راستی تێدابێت) بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ شەقام و دەنگدەرانی ئەم بزوتنەوە ریفۆرم خوازە هەم مایەی موفاجەئەو هەم مایەی دڕدۆنگی دەبێت لە خودی نەوشیروان و هاورێكانی،دەست لەملانێكردن و بارگە پێچانەوەیە بۆ نێو حیزبی دایك،گەر ئەوانەی تۆسقاڵێك تێگەیشتنی سیاسیان هەیە،گەر ئەم حاڵەتە سیاسیە وەك مانۆرو تاكتیكی سیاسی سانادەبینن،ئەوا لای شەقام و هەوادارانی ئەم هێز و كەسایەتیە،وەك خیانەت و دوروی و دوراندنی متمانە دەبینرێت.كە ئەم ئەگەرەش ئەشێ بۆ بەشێك لە هەوادارانی یەكێتیش راست بێت.(وەك پێشتریش ئاماژەم پێدا) ئاخۆ لەو دۆخەدائەو دەنگ و لایەنگیرانەی كە ئەم دولایەنە بەتایبەت گوڕان كە لەسەر دژایەتی كردن و جیابونەوە لە یەكێتی بەدەستی هێناوە بچیتە خزمەت بەرژەوندی و ئایندەی چ هێزیكەوە،كە حەتمەن ئەو هێزە نابێت كە بۆشایە سیاسیە پردەكاتەوە بەڵكوو كەلێنەكە گەورەتر دەكات.
لەگەڵ ئەمانەشدا،ئەشێ ئەم ئەگەرە سیاسیە بەرهەمی خۆی هەبێت و ئەو ئامانجانە ببكێت.كە هەم لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی كوردستاندا بێت و هەم لە خزمەت  روحكردنەوە بە بەری هێزیكی وەك یەكێتی بێ،وە هەم لە خزمەت ئایندەی سیاسی خودی نەوشیروانیشدابێت وەك رەقەمێكی كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان.چونكی نابێ ئەو خاڵەش لەبەرچاونەگرین كەكاریزمای وماكی نەوشیروان مستەفاتا ئیستاش لەنێو جەستەی هێزێكی وەك یەكێتی ئامادەگی هەیە.ئەویش لە بەرچاو گرتنی چەند خالێك،
1.چونە ژیر باری خواست و بەرخوردەكانی نەوشیروان لە لایەن كۆی كارەكتەرو گروپەكانی نیو یەكێتی،واتە هەموو یەكێتیەكان،نەوشیروان مستەفا بەرابەری بێركابەرو خاوەن دەسەڵاتی فعلی تەماشا بكەن.دەسەڵات و هەژمونەكانیان تەسلیمی بكەن.وەك ئەوەی بۆ تاڵەبانی چوبوە سەر.واتە نەوشیروان توانای گەڵاڵەكردن و جێكەوتكردنی هەموو پروژەكانی خۆی هەبێت بەبێ بەربەست.(كە ئەمە ئەو رەوشەی یەكێتی كارێكی مەحاڵە).
2.بونی جۆرێك لە مرونەت و ئیدارەدانی دیبلۆماسیانەو،وە فرێدانی رەق و دژایەتی رابردوو بەیەك چاو سەیركردن و خوێندنەوەی كۆی سەرانی ئەو هێزە،سەلماندنی باوكایەتیەك یان براگەورەی یاخود رابەری هەموان،لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە.
3.كرانەوە و فراوانكردنی مانۆڕ و روانگەسیاسیەكانی نەوشیروان مستەفا،لە گۆشەو جوگرافیایەكی دیاری كراوەوە،بۆ كۆی كوردستان،وەك چۆن ئەوەی پێشتر تاڵەبانی كاری لەسەر دەكرد،وە ئەوەی ئیستاكە ئوجالانو مەسعود بارزانی پراكتیزەی دەكەن.
4.لەبری ئەوەی نەشیروان مستەفا وەك سیاسیەكی "گەراوە بۆ ناو ماڵە گەورەكە" بچێتەوە نیو یەكێتی ببێتە رابەری ئەو حیزبە.هێزێكی نوێ،یان هاوپەیمانی یاخود فیدراسیونێكی سیاسی نوێ پێكبهێنن،كە پاساوەكەی وەك خواست و پڕۆژەیەكی مەشروعی قۆناغەكەبخرێتە روو.
5. ئەو هێزە یەكگرتوە خاوەن دوونیابینی و گوتارێكی جیاوازو سەربەخۆبێت،كە بتوانێت لە نێوان هێڵ و ئاراستەی پەكەكەو پارتیدا،ئاراستەی خۆی دیاریكات.وە حساباتی گەورەی هەم لە پەیوەست بە كوردستانو ناوچەكەو جیهان بۆبكرێت(ئەمە بە مانای كەرتكردنی گوتارو ستراتیجێتی سیاسی كوردی نایەت،بەڵكو پاریزگاریكردنی سەربەخۆی سیاسی ئەو هێزە سیاسیە دێت)


04/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر